لەپێناو ئازادی ئۆجەلان ماوەی دوو مانگی تەواوە گەنجێکی کورد مانی لەخواردن گرتوە

کوردستان

19/01/2019‌ 687 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
چالاکی مانگرتن لەخواردنی ناسر یاگز، ئەندامی نوێنەرایەتی هەدەپە لە باشورى کوردستان، لەدژی گۆشەگیری سەر عەبدوڵا ئۆجالان پێ ناوەتە ٦٠ـەمین ڕۆژ و دۆخی تەندروستییی باش نییە.

ناسر یاگز، ئەندامی نوێنەرایەتی هەدەپە لە باشورى کوردستان، کە بارەگاکەى لەشارى هەولێرە، لەدژی گۆشەگیری سەر عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری پەکەکە، لە ٢١ی تشرینی دووەمی ٢٠١٨ـەوە دەستی بە مانگرتن لەخواردنی بێ کۆتایی کردووە و تا ئێستا ١٠ کیلۆ لە کێشی لەدەستداوە، کێشەی گەدە، سەرئێشە، سەرگێژبوون و زەختی هەیە و بە زەحمەت ئاو دەخواتەوە.

ناسر یاگز لە دوایین وتەی بە ئاژانسی ڕۆژنیوزی ڕایگەیاندبوو "تا گۆشەگیری سەر عەبدوڵا ئۆجالان کۆتایی پێنەیەت، دەستبەرداری چالاکیەکەی نابێت".

هاوکای لەیلا گوڤەن هاوسەرۆکی کەجەدە و پەرلەمانتاری جۆلەمێرگ-ى هەدەپە، بە شێوەی بێکۆتایی مانگرتن لەخواردنی دەستپێکرد و چالاکیەکەی ئەمڕۆ لە ٧٣ـیەمین ڕۆژدایە.

چالاکی مانگرتن لەخواردن لە چوار ناوچەی باشوری کوردستان بەردەوامە، چالاکی مانگرتن لەخواردنی هەوڵێر لە ڕۆژی ٦٠ـەمدایە، چالاکی سلێمانی لە ڕۆژی ٣٧ـەم دایە، چالاکی کامپی پەنابەرانی مەخمور لە ڕۆژی ٣٥ـەمدایە و لە شارۆچکەی خانەسۆری شەنگاڵ چالاکی لە ڕۆژی ١٤ـەمین بەردەوام دەکات.

چالاکی مانگرتن لەخواردن لە هەموو زیندانەکانی باکوری کوردستان و تورکیاش بەردەوامە و تادێت بەرفراوان دەبێت، لە ستراسبورگ-یش چالاکوانانی سیاسی کورد ٣٤ ڕۆژە لە چالاکی مانگرتنی بێکۆتایی دان.

دوای ئەوەی لەیلا گوڤەن دەستی بە چالاکی کرد، زیندانیانی پەکەکە و پاژک، لە ٢٧ی تشرینی دووەمدا دەستیان بە چالاکی بێکۆتایی کرد و لەو ماوەیە تا ئێستا ٢٣٩ زیندانی بە شێوەی بێکۆتایی لە چالاکی مانگرتن لەخواردن دان.
هـ ـ ر