جەمیل بایک: دەوڵەتی تورکیا شەڕی دەرونی دژی کورد ڕاگەیاندوە

کوردستان

19/01/2019‌ 630 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکە بانگەوازیی لە هەموو کوردان دەکات لە هەر شوێنێک هەبن پێویستە ئەو سووکایەتی، ستەم و کۆمەڵکوژییە قبوڵ نەکەن و لەبەرامبەری بوەستن.

جەمیل بایک، هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەری کۆما جڤاکێن کوردستان-کەجەکە لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ستێرک تیڤی باسی بارودۆخی دوایی کوردستان و گۆشەگیریی سەر ئۆجالان و مانگرتنەکان کرد.

جەمیل بایکهاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەری کۆما جڤاکێن کوردستان ڕایگەیاندوە "تورکیا لەو ڕۆژانەدا شەڕێکی دیکەی تایبەت و دەروونیی بەڕێوەدەبات و وەها درێژەی پێدا: دەڵێن کورد برای ئێمەیە، لە مێژوودا ئێمە کوردمان پاراستووە، ئێمە نانی خۆمان لەگەڵیاندا بەش دەکەین، ئێمە دوژمنی کورد نیین، ئێمە دوژمنی پەکەکە و یەپەگەین، شەڕێکی بەو شێوەیە تایبەت و دەروونی بەڕێوە دەبەن، دەیانەوێت بەوە ئەو کۆمەڵکوژیەی لەسەر کوردان دەکەن بشارنەوە و کەسیش پێیان نەزانێ، دەوڵەتی تورک هەبوونی کورد قبوڵ ناکات، ڕۆژانە بە ئاشکرا ئەردۆغان دەڵێت کە "من بنبڕیان دەکەم"، هەرڕۆژ باسی کوشتن و کۆمەڵکوژیی دەکات، هەرکەس ئەوە دەزانێت، نە تەنیا ئەو قسانە دەکەن، هەندێک شتی دیکەش دەکەن کە هەر کەسێک دەزانێت".

"سەیری عەفرین بکەن"
جەمیل بایک ئاماژەی بەوەداوە "ئەو قسانە ڕاست نیین و پێچەوانەشە، بۆ ئەوەی بزانین برایەتی تورک بۆ کورد چیە، پێویستە هەرکەس سەردانێکی عەفرین بکات و بە چاوی خۆی ببینێت، ئەو کاتە تێدەگەن کە تورک بۆ دەڵێت ئێمە و کورد براین، لەوێ خەریکی چیە؟ پێویستە هەرکەس باش تێبگات، عەفرین کورد بوو، جگە لەوان کەس نەبوو، لە مێژووی شەڕی سوریا تەنیا شەڕ لە عەفرین دروست نەبوو، لەوێ ئارامیی، برایەتی، دیموکراسی و ئازادی هەبوو، تورکیا دژایەتی ئەوەی کرد و تێکیدا، کوردیان لەوێ دەربەدەر کرد، دەکوژن و هێشتاش دەکوژن، داگیر دەکەن و دیموگرافیای دەگۆڕن".

"تورکیا دوژمنی سەرەکی کوردانە"
بایک ئەوەشی وتوە "تورکیا لە کوردستان زۆر کۆمەڵکوژیی کردووە و نمونەشی هێنایەوە و وتی: لە ئاگری، زیلان، درسیم، پالۆ، ڕۆبۆسکی، جزیرە، ئامەد، شێرناخ، نسێبین و زۆر شوێنی دیکە، هەزاران کوردیان کۆمەڵکوژ کردووە، هێشتاش گۆڕی زۆرێک لەو کوژراوانە دیار نییە و لەناویان بردووە، بە ناوی کورد و کوردستان چی هەبوو، لەناویان برد، چی هی کورد بوو دەستیان بەسەرا داگرت، کۆمەڵکوژیان کرد، کوردیان کۆچبەر کرد، زیندانی دەکات، ئەشکەنجە دەکات، سووکایەتی دەکات، هەموو کەسێک ئەوە دەڵێن، بۆیە تورکیا دوژمنی سەرەکی کوردانە، دوژمنایەتیەک تورکیا لەگەڵ کورد کردوویە هیچ کەس نەیکردووە".

جەمیل بایک وتوشیەتی "دەوڵەتی تورک نە تەنیا دوژمنی کوردانە، دوژمنایەتی ئەرمەنی، ئاسوری، سوریانی، ئێزدی و عەلەوی-یشی کردووە و زۆرێکیان لەناو بردووە، تورکیا هێشتاش بە نیازە کورد لەناو ببات".
هاوسەرۆکی کەجەکە وتیشی "هەندێک هێز ئاماژە بەوە دەکەن کە ناهێڵن تورکیا کۆمەڵکوژیی بکات، هەندێک ئەوە دەبینن و بە ئاشکرا دەڵێن، "کورد هەیە، ئێمە ناهێڵین دەوڵەتی تورک کوردەکان کۆمەڵکوژ بکات"، مادام ئەوان کورد دەناسن و دەڵێن کۆمەڵکوژی بەسەر کوردەکان دێت و قبوڵی دەکەن و دەڵێن "ئێمە ڕێگریی لەوە دەکەین"، ئەو کاتە پێویستە ئەرکی خۆیشیان بەجێ بێنن، لێرە تەنیا سەدام تیرۆریست نەبوو، ئەردۆغان و باخچەلی-ش تیرۆریستی گەورەن، تیرۆریزم، فاشیزم و داگیرکەرییەک کە ئەوان بەڕێوەی دەبەن، کۆمەڵکوژیەک کە دەیکەن، هیچ کەس نەیکردووە، لە شوێنەکانی دیکش کۆمەڵکوژیی دەکەن، کاربەدەستێکی لیبیا لەو ڕۆژانە وتی: تورکیا سەرۆکایەتی تیرۆر لە جیهان دەکات، چەک دەداتە چەتەکانی داعش و نوسرە، پەروەردەیان دەکات، لە تورکیا دەرمانیان دەکات، خاوەندارییان لێدەکات، چون ناوەندیان تورکیایە، سەرۆکیان ئەردۆغان و باخچەلی-ین، ئەمە قسەی ئێمە نییە، کاربەدەستێکی لیبیا دەڵێت".

"ئێمە لە دژیی فاشیزم تێکۆشان دەکەین"

 جەمیل بایک ئەوەشی  خستەڕو "ئێمە لە دژیی فاشیزم تێکۆشان دەکەین، ئەوەش نەک تەنها بۆ گەلی کورد، بەڵکو بۆ هەموو گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەیکەین، هەتا فاشیزم و گۆشەگیریی هەبێت لە تێکۆشان ناوەستین، بەڵکو مەزنتری دەکەین".

هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکە باسی لەوەش کرد "تەواوی گەلی کورد و ئازادیخوازان دەبێت لە دژی فاشیزمی تورکیا بوەستنەوە، ئەوکاتە چالاکی لەیلا گوڤەن و چالاکوانانی دیکە سەردەکەوێت، خۆی لە خۆیدا مانگرتنەکان دژی گۆشەگیریی و فاشیزمە، دەبێت هەموو کەسێک بەو شێوەیە تێکۆشان بکات و هیچ کەسێک نەکەوێتە خزمەتی شەڕی تایبەت و شەڕی دەروونیی".

لە کۆتایی قسەکانیدا، جەمیل بایک وتویەتی "هەرچی بکەوێتە سەر شانی ئێمە ئەرکی خۆمان جێبەجێ دەکەین، هەتا گۆشەگیریی ئیمرالی تێکنەشکێنین و فاشیزم لەناو نەبەین ناوەستین، گەلی ئێمە خاوەن شەرەف و کەرامەتە، هیچ کاتێک شەرەف و کەرامەتی خۆی ناخاتە ژێر پێ، ناهێڵێت کە فاشیزمی تورک شەرەف و کەرامەتی بخاتەژێر پێ، گەلی کورد لە چالاکییەکان و شەهیدان و سەرۆکایەتی خاوەنداریی دەکات، خاوەنداری لە پاشەڕۆژی خۆی دەکات، لەسەر ئەو بنەمایە جارێکی دیکە سڵاو دەکەن و چالاکییەکان پیرۆز دەکەم، ئێوە کارێکی مەزن بۆ کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و مرۆڤایەتی دەکەن، ئێمە پێکەوە چالاکییەکان سەربخەین".

هـ ـ ر