شارپرێس:
تەقینەوەیەک لە دیمەشقی پایتەختی سوریا
ڕوویداوە و بە پێی زانیارییە سەرەتاییەکان کوژراو و بریندار بەهۆی تەقینەوەکەوە هەیە.
کەمێک لەمەوبەر ئاژانسی سانای سەر بە حکومەتى سوریا
بڵاویکردەوە "بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە تەقینەوەیەک لە باشوری دیمەشق
ڕوویداوە و ژمارەیەک کەس کوژراون و برینداربوون".
ئاژانسی سانا ئاماژەی بەوەداوە "تیمە ئەمنی و تەندروستییەکان چونەتە شوێنى تەقینەوەکە و لێکۆڵینەوە لە ڕوداوەکە بەردەوامە" و بەپێی زانیارییە
سەرەتییەکانی سانا تەقینەوەکە لە ڕێگەى ئۆتۆمبێلێکى بۆمبرێژکراوەوە بووە و خاڵێکى
سەربازی کردووەتە ئامانج.
ئاژانسەکە ئەوەشی وتوە "تیمە سەربازی و
ئەمنییەکان سەرقاڵی پوچەڵکردنی بۆمبێکى دیکەن کە لەو ناوچەیە دانراوە".
تا ئێستاش ژمارەی قوربانییەکانی تەقینەوەکە
بڵاونەکراوەتەوە.
ئەمەش لە کاتێکدایە ماوەى زیاتر لە ساڵێکە هیچ
تەقینەوەیەک و پێکدادانیکی سەربازی لە دیمەشق ڕوینەداوە کە لەژێر پارێزگاری تیمە
سەربازییەکانی سوپای سوریا و ڕوسیادایە
هاوکات ڕۆژی چوارشەممەی هەفتەی ڕابردو
تەقینەوەیەک لە مەنبەج ڕویدا و بەهۆیەوە ٩ هاوڵاتی مەدەنی و ٥ شەڕڤانی هەسەدە و ٤
سەربازی ئەمریکی گیانیان لەدەستدا.
هـ ـ ر