یان دەبێت بگەڕێتەوە یان بێدەنگ بێت
ناوەڕۆكی دەستپێشخەرییەكی نوێی یەكێتی بۆ مەلا بەختیار

کوردستان

20/01/2019‌ 4143 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی دەستپێشخەرییەكی تری خستووەتە بەردەم مەلا بەختیار كارگێڕی مەكتەبی سیاسی حیزبەكە، كە ماوەیەكە نیگەران بووەو لەماڵەوە دانیشتووە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست شارپرێس كەوتووە، لەكۆتا كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی، گفتوگۆ لەسەر نیگەرانییەكانی مەلا بەختیار كراوەو بۆ ئەو مەبەستەش لیژنەیەكی چەند كەسی راسپێراون بۆ ئەوەی قسەی لەگەڵ بكەن.

هەر بەپێی زانیارییەكان، لیژنەكە سەردانی مەلا بەختیاریان كردووەو داوایان لێكردووە، بگەڕێتەوە كۆبوونەوەكانی مەكتەبی سیاسی، ئەگەریش ناگەڕێتەوە، ئەوە دەبێت بێدەنگ بێت‌و لەمیدیاكان‌و ئەو وتارانەی دەیدات، قسە لەسەر یەكێتی نەكات.

مەلا بەختیار كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی لەمانگی 10ی ساڵی رابردووەوە بەهۆی كاندیدنەكردنی لەلایەن سەركردایەتی حیزبەكەی بۆ سەرۆك كۆماری عێراق نیگەران بووەو بەشداری كۆبوونەوەكانی حیزبەكەی نەكردووە.

لەبارەی وەڵامی مەلا بەختیار بۆ دەستپێشخەرییە نوێیەكەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی ناوبراو رایگەیاندووە، كە ناگەڕێتەوە بۆ كۆبوونەوەكان‌و ئاشكراشیكردووە، بەنیازە بۆ ئەو مەبەستە كۆبوونەوەیەك لەگەڵ كۆسرەت رەسوڵ جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی بكات.

پێشتریش خودی كۆسرەت رەسوڵ‌و چەند جارێكیش لەلایەن مەكتەبی سیاسی یەكێتییەوە دەستپێخەری بۆ مەلا بەختیار كراوە بگەڕێتەوە بۆ كۆبوونەوەكان، بەڵام ئەو دەستپێشخەرییانەی رەتكردووەتەوە.

بەپەلە