دیاردەی مانگیرانی تەواو روودەدات‌و لەهەرێم بەنیمچەیی دەبینرێت

کوردستان

20/01/2019‌ 660 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەیانی رۆژی دوو شەممە 21/1/2019 دیاردەیەكی گەردوونی ڕوودەدات، كە دیاردەیەكی سەرنجراكێش دەبێت.

بەپێی داتا و ئەژمارە وردە زانستییەكانی بواری فەلەكی وا چاوەڕوان دەكرێت دیاردەی مانگ گیرانی تەواو لەو رۆژەدا رووبدات، كە ئەو دیاردەیە لەئەمریكای باكوورو باشوورو رۆژهەڵاتی زەریای هێمن و رۆژئاوای ئەوروپا و رۆژئاوای ئەفریقا بەدی دەكرێت.

ئەو دیاردەیە لەهەرێمی كوردستان و عێراقیش بەدی دەكرێت بەشێوەی مانگ گیرانی نیمچەیی، كە قۆناغەكانی مانگ گیرانی 21/1/2019 لەهەرێمی كوردستان بەم شێوەیە دەبێت:

كاتژمێر 5:36:29 بەرەبەیان مانگ گیران دەست پێدەكات ( مانگ دەچێتە ناوچەی نیمچە سێبەر ) 

كاتژمێر 6:33:54 بەرەبەیان مانگ گیرانی نیمچەیی دەست پێدەكات ( بەچاوی ئاسایی هەستی پێدەكرێت )

كاتژمێر 7:12:14 بەیانی مانگ گیرانی نیمچەیی دەگات بە بەرزترین ئاست ( نزیكەی 45% مانگ تاریك دەبێت  ) 

كاتژمێر 7:15:8 بەیانی ئاوابوونی مانگ لە ئاسۆدا ( كۆتایی بینینی مانگ گیران لەكوردستان )

قۆناغی مانگ گیرانی نیمچەسێبەر بە چاوی ئاسایی هەستی پێناكرێت، مانگ گیرانی تەواو لە هەرێمی كوردستان بەدی ناكرێت .

ئامادەكردن: هەرێم عومەر كاكل