لیژنەكانی تایبەت بەرێككەوتنی سیاسی‌و پێكھێنانی حكومەت دەستبەكاربوون

کوردستان

20/01/2019‌ 708 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لیژنەكانی تایبەت بەرێككەوتنی سیاسی و پێكھێنانی حكومەتی نوێی ھەرێمی كوردستان، دەستیان بەكار كردووە، ھەر كاتێكیش گەیشتنە ئەنجام، راپۆرت بۆ سەرووی خۆیان بەرزدەكەنەوە و دواتریش كۆبوونەوە لەسەر ئاستی باڵادا ئەنجامدەدرێت.

عارف روشدی راوێژكاری مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكرات رایگەیاند، دانوستانەكان لە نێوان لایەنەكاندا بەردەوامن‌و دوو لیژنە پێك ھێندراون، یەكێكیان بۆ رێككەوتنی سیاسی و ئەوەی دیكەش بۆ  پێكھێنانی حكومەتی نوێی ھەرێمی كوردستان.

عارف رۆشدی بۆ پێگەی فەرمی حیزبەكەی راشیگەیاند، دوێنێش (رۆژی شەممە) لیژنەی رێككەوتنی سیاسی كۆبوونەوەی خۆی ئەنجام داوە و ئەمڕۆش یەك شەممە لیژنەی پێكھێنانی حكوومەت كۆ ەبێتەوە، ئەمە لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی كوردستان، سەبارەت بە گۆڕانیش بە ھەمان شێوە لیژنە دروستكراون".

ئەو راوێژكارەی مەكتەبی سیاسی پارتی، گەشبینی خۆی راگەیاند، بەوەی لیژنەكان بگەنە ئەنجامی باش و دوای گەیشتنە ئەنجامێكیش، كۆبوونەوە لەسەر ئاستی باڵادا ئەنجام دەدرێت و تێیدا بڕیارێك دەدرێت لەسەر بنەمای ئەو راپۆرتانەی ئامادە دەكرێن، ھەموو ھەوڵێكیش دەدرێت بەم زووانە رێككەوتن بكرێت، بۆ ئەوەی لە ماوەیەكی نزیكدا حكوومەت دروست بكرێت".

روشی ئەوەشی راگەیاند، بۆ بەشداریكردن لە حكوومەتی نوێدا، پارتی جارێ گفتوگۆ لەگەڵ یەكێتی و گۆڕان دەكات، بەڵام سەبارەت بە ھەبوونی پەیوەندی لەگەڵ لایەنەكاندا، پارتی سیاسەتێكی كراوەی ھەیە.

هـ ـ ح