کەنەکە داوادەکات لەپێناو داگیرکاری عەفرین خەڵکی بڕژێنە سەر شەقامەکان

کوردستان

20/01/2019‌ 484 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ساڵێک تێدەپەڕێت بەسەر داگیرکردنی عەفرین لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە، لەوچوارچێوەیەدا کەنەکە لە بەیاننامەیەکدا، داوا دەکات هەموو گەلی کورد و ئازادیخوازان پشتیوانی عەفرین بکەن و خۆپیشاندانی گەورە ئەنجام بدەن، دەشڵێن: ئێستا عەفرین بووە بە ناوەندی پەروەردەکردنی تیرۆر.

ئەمڕۆ ساڵێک بەسەر داگیرکردنی عەفریندا تێپەڕی، دەوڵەتی تورک بە هەموو هێزیی خۆیەوە دوای کوژرانی سەدان سەرباز و چەکداری، شارەکەی داگیرکرد، لە ئیستاشدا زۆرینەی هاوڵاتیانی سنووری عەفرین ئاوارەی شاروشارۆچکەکانی دیکەن، ئەوانەشی لەشارەکەدا ماونەتەوە و ڕادەستی خواستی چەکدارەکان و دەوڵەتی تورک نەبوون، بەردەوام دەبنە قوربانی دەست توندوتیژییەکانی دەسەڵاتی ئێستای شارەکە، لەبەرامبەر ئەو داگیرکارییەدا چالاکی و بەرخۆدانی شەڕڤانان بەردەوامیی هەیە، لەم ساڵیادەدا کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان- کەنەکە، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.

کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان- کەنەکە ڕایگەیاندوە "دەوڵەتی تورکیا لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆی ساڵی ڕابردوودا، بە هەموو توانا خۆی و بە هاوکاریی هاوپەیمانەکانی لە تێرۆریستەکانی ناوچەکە، هیرشێکی دڕندانەی کردە سەر هەرێمی عەفرین، ئامانجی تورکیا و هاوپەیمانەکانی لەو هێرشەدا تەنیا هیزە شەڕکەرەکان نەبوون، بەڵکو بە هەموو شێوەیەک هەموو نۆرمە یاسایی و مرۆییەکانی خستە ژێر پێی خۆی و، ژن و مناڵ و پیر و تەواوی گەلی عەفرینی کردە ئامانج و پەلاماری دان، لە هێرشی عەفریندا جگە لە دۆستان و کەسانی خاوەن ویژدان، ئیدی هەموو هێزە دەسەلاتدارەکانی دنیا تەماشاوانێکی بێدەنگ بوون".

کۆنگرەیی نەتەوەیی کورد ئاماژەی بەوەداوە "لە بەرامبەر ئەو هێرشانەدا، هێزەکانی یەپەگە و یەپەژە و گەلی عەفرین، تا ماوەیەکی درێژ بەرخۆدانێکی قارەمانانەو بێوێنەیان کرد، لە دژی هێزێک کە دەیان جار لە خۆیان گەورەتر بوو، لەبەرامبەر چەکی پێشکەوتووی ناتۆ، لەبەرامبەر هەموو هێزی ئاسمانی دەوڵەتی تورکیا، هێزەکانی یەپەگە و یەپەژە ٥٨ ڕۆژی تەواو لە ڕووبەڕووبوونەوەیەکی بەهێزدا بوون، دوای وێرانکاریەکی زۆر و گیان لەدەستانی ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی سڤیل، هێزەکانی بەرگریی ناچار بوون لە ناوەندی شار بکشینەوە، دواجار دەوڵەتی تورکیاو هاوکارەکانی شارەکەیان داگیرکرد".

کەنەکە باس لە پێش داگیرکردنی عەفرین کردووە و ڕایگەیاندووە "عەفرین پێش ئەو هێرشانە هەرێمێکی ئارام و ئاوەدان بووە و وا دە مانگە عەفرین لە ژێر داگیرکاریی تورکیا و هێزە تێرۆریستەکانی دیکەدایە، ئێستا عەفرین و وێرانەیەو تالانکراوە، گەلی عەفرین ئاوارەبووەو خەڵکی ناوچەکانی دیکەیان هێناوەو لەوێ جێگیریان کردوون و دیمۆگرافیای شارەکەیان گۆڕیوە، عەفرین شوێنێکی ئارام و خاوەن بەڕیوبەرێتییەکی دیموکرات بوو، ئێستا عەفرین بووە بە مۆڵگەی پەروەردەکردنی هێزە تێرۆریسەکان، وا ساڵێکە دەولەتی تورکیا و هێزە هاوکارەکانی لەو شارەدا تاوانی شەڕ و تاوانی دژەمرۆڤایەتی پەیڕوە ئەکەن".

هەروەها کەنەکە ئەوەشی وتوە "بۆ گەلی ئێمە دۆزی ڕزگارکردنی عەفرین، ڕۆژەڤێکی سەرەکییە، شەڕی ئازادکردنی عەفرین بەردەوامە، بەڕێوەبەرایەتی ڕۆژاوا، هێزەکانی پاراستنی ڕۆژاوا هێزە کوردستانییەکان سوورن لەسەر ڕزگارکردنی عەفرین، ئەو گوڕو بزووتنەوەیە تا ڕزگارکردنی عەفرین و هەموو ناوچە داگیرکراوەکان هەر بەردەوام ئەبێت".

کۆنگرەی نەوەیی کوردستان بەمشێوەیە کۆتایی بە پەیامەکەی هێناوە:
*شەهیدانی عەفرین و هەموو شەهیدانی کوردستان بە ڕێز و شکۆوە بەبیر دێنینەوەو سەری ڕێز بۆ ئەوان دادەنەوێنین.
* سڵاو لە بەرخۆدان و شەڕڤانانی عەفرین ئەکەین، بە هەموو توانامانەوە خاوەندارێتی لە بەرخۆدان، هێزەکانی بەرگری و گەلی عەفرین دەکەین.
*بۆ خاوەندارێتی و ڕزگارکردنی عەفرین، داوا لە سەرجەم گەلی کوردستان ئەکەین بە هەموو شێوەیەک لە سەنگەری بەڕیوەبەرایەتی ڕۆژاواو هێزەکانی بەرگریدا سەنگەر بگرن، بە کۆمەڵ بکەونە شەقام و کۆڵانەکان و سەرنجی هەموو دنیا ڕابکێشن.
*هەروەها داوا لە ڕای گشتیی جیهان دەکەین و دەڵێین: ئەمڕۆ ڕۆژی عەفرینە، عەفرین و گەلی کوردستان بە تەنیا جێ مەهێڵن و لە بەرامبەر داگیرکاریدا پشتگیریان بن.

هـ ـ ر