هەولێر شاندێك دەنێرێتە بەغدا
هەرێم بۆ دەستخستنی پشكەكەی لەبودجەی عێراق دەست بەجوڵە دەكات

عیراق

20/01/2019‌ 3139 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
هەرێمی كوردستان بۆ دەستخستنی پشكەكەی لەبودجەی گشتی عێراق بۆ ساڵی 2019 دەست بەجوڵە دەكات‌و بۆ ئەوەش هەولێر دەنێرێتە بەغدا.

بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست شارپرێس كەوتووە، بڕیارە بەم نزیكانە شاندێكی وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدا بكات‌و لەگەڵ بەرپرسانی حكومەتی عێراق كۆببێتەوە.

هەر بەپێی زانیارییەكان، شاندەكەی وەزارەتی دارایی هەرێم لەگەڵ شاندێكی وەزارەتی دارایی عێراق كۆدەبێتەوەو پرسی بودجەو پشكی هەولێر لەبودجەی گشتی تاوتوێدەكەن.

هەروەها شاندەكەی هەرێم لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق كۆدەبێتەوە، ئەوەش بۆ ئەوەی لیژنەكە داواكارییەكانی هەولێر لەپرۆژە بودجەی ساڵی 2019 جێگە بكاتەوە.

ئەنجوومەنی نوێنەران، ماوەیەكە سەرقاڵی تاوتوێكردنی ئەو پرۆژە یاسایەیە، كە ئەنجوومەنی وەزیران بۆ بودجەی 2019 ئامادەیكردووەو دەیەوێت پەسەندی بكات، كە لەپرۆژەكە پشكی هەرێم بە 12.17% دەستنیشانكراوەو هەولێریش داوای زیاتر دەكات.

هـ ـ ح