كچە چالاكوانێكی هەڵەبجە دەبێتە باڵیۆزی ژنان‌و لاوان لەعێراق

عیراق

20/01/2019‌ 963 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
پاش ئەوەی كچە چالاكوانی هەڵەبجەیی "شەیدا موعتەسەم جافر" لە بەشداریكردنی كێبەڕكێیەكی ڕیكخراوەیی نێودەوڵەتی وەك كچە كوردێك لەلیستی ١٠٠ كچە چالاكەكەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەڵبژێردرا، لەئێستادا وەك باڵوێز لەعێراق دەستبەكاربووە.

ئەو كچە بەشێوەیەكی فەرمی‌و ریكخراوی (FAAVM) ی نێودەوڵەتی كەنەدی وەك باڵیۆزی ژنان و لاوان لە عێراق  ناساند و لەپۆستە نوێیەدا دەستبەكاربوو.

شەیدا لەلێدوانێكیشدا بۆ شارپرێس وتی: "بۆ من جێگای خۆشحاڵییە، كە ئەم ڕێكخراوە تا ئێستادا لە سنووری كوردستان و عێراق هیچ لقێكی نییە، متمانەی بە من بەخشی وەك نوێنەر و باڵیۆزی ژنان و لاوان خزمەتی ڕۆڵەی كوردستان و عێراقی لەڕێگەی ڕیكخراوەكەیانەوە پێبكەم".

شەیدا موعتەسەم لەبارەی سنووری كارەكانی ئەو ڕێكخراوەوە وتی: ڕێكخراوی  (FAAVM)ی نێودەوڵەتی كەنەدی ڕێكخراوێكە، كە سنووری كارەكانی لەبارەی ئابووری و هەژاری و خزمەتی ژنان و لاوانی وڵاتانی لەدۆخی گەشەكردندایەو هەرێمی كوردستان و عێراقیش لە ئێستادا ئەم دیاردەو كێشانە تەنگی پێ هەڵچنیوە، بۆیە حەزیانكردووە لە ئاستی عێراق و كوردستانیشدا نوێنەرێكیان هەبێت، تا خزمەتی زیاتری ئەم چین وتوێژانەی پێبكات.

شەیدا ئاواتی ئەوەی خواست بتوانێت نوێنەرێكی باش بۆ سەرجەم چین و توێژەكان لە سنووری كارەكان ودەسەڵاتەكانیدا بێت، تا دەنگ و ڕەنگ و پەیام و كێشەجۆراوجۆرەكانی ئەوان بۆ دونیا بگوازێتەوە.

ئەو لەچاوپێكەوتنێكی پێشووتری شارپرێسدا لەبارەی چۆنییەتی گەیشتنی بەم ئاستەی وەك كچێكی چالاكوان لە كوردستاندا وتی: من تا گەیشتنم  بەم ئاستە زۆر تاڵێ و شیرینی بواری كاركردنی ڕیكخراوەییم چەشتووە و توانیومە بەپشتیوانی دایك وباوك و كەسوكار و هاوڕێیان و چالاكوانانی هاوڕێم بەم ئاستە بەرزە بگەم و بۆ ئەم مەبەستە متمانە بەخۆبوون و دیاریكردنی ئامانج لە ژیان بۆ خزمەتكردنی خەڵكی، فەلسەفەی سەركەوتنی كارەكانم خۆمم هەمیشە زانیوە. 

شەیدا موعتەسەم جافر لەدایكبووی ساڵی ١٩٩٢ پارێزگای هەڵەبجەیە و دەرچووی كۆلیژی زانستە پڕاكتییەكیەكان - بەشی ئەندازیاری كشتوكاڵییەو لەئێستادا وەك چالاكوانێكی چالاك بەشداری سەرجەم چالاكییە ڕۆشنبیریی پارێزگاكەو دەرەوەی پارێزگاكە دەكات.