بەرپرسانی یەكێتی لەسلێمانییەوە بەڵێنی چارەسەركردنی كێشەكانی كەركوك دەدەن

کوردستان

20/01/2019‌ 1205 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەرپرسانی یەكێتی نیشتمانی باسیان لەهەوڵەكانیان بۆ چارەسەری كێشەكانی كەركوك كردو جەختیانكردەوە لەو پێناوەدا هەموو هەوڵێك دەدەن.

ئەو هەڵوێستەی بەرپرسانی یەكێتی لەمیانی كۆبوونەوەیەكیان بووە لەگەڵ رێكخستنەكانی مەڵبەندی كەركوكی حیزبەكە، كە ئەمڕۆ یەك شەممە لەسلێمانی كۆبوونەتەوە.

بەپێی راگەیەنراوێك، كۆسرەت رەسوڵ جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی رایگەیاندووە "پرسی كەركوك‌و چارەنوسی ناوچە كوردستانیە دابرێنراوەكان، پرسێكی كوردستانی گشتگیرەو داهاتووی پرسەكە پەیوەندی بەهەموو تاكێكی كوردەوە هەیە لەهەموو بەشەكانی كوردستان."
   
كۆسرەت رەسوڵ راشیگەیاند، "بەدرێژایی مێژوو، لە خەباتی چەكداری‌و سیاسی‌و پەرلەمانی‌و یاسایی‌و دیموكراسیدا یەكێتی قوربانی زۆری بۆ كەركوك داوەو لەو پێناوەیشدا هەمیشە بەردەوام دەبێت".

جێگری سكرتێری گشتی، تەئكیدی كردەوە، پێكەوەژیانی ئاشتیانەی نێوان هەموو پێكهاتە ڕەسەنەكانی كەركوك‌و قوڵكردنەوەی گیانی لێبوردەیی‌و تەبایی لە شارەكەدا، ئەركێكی گرنگە‌و یەكێتی لە ڕابوردودا درێغی نەكردووەو بۆ داهاتوویش بەردەوام دەبێت. 
  
لای خۆیشییەوە عومەر فەتاح كارگێڕی مەكتەبی سیاسی ئاماژەی بەوەدا، كەركوك بەلای یەكێتی-یەوە پرسێكی گرنگە‌و هەمیشە لە ئەولەویەتی سیاسیەتی یەكێتی دایەو وتیشی "كەركوك بۆ یەكێتی ناوەندێكی گرنگی چالاكی سیاسی‌و جەماوەرییە‌و پێگەی بەهێزی یەكێتی لەو شارەدا، دەخەینە خزمەتی هاوڵاتیان‌و پێكەوەژیانی ئاشتیانەی پێكهاتەكان‌و چارەسەركردنی كێشەكان."
  
عومەر فەتاح هەروەها وتی: "قوربانیدانی كەركوك‌و كەركوكیەكان بۆ ڕزگاری‌و سەرفرازی كورد‌و كوردستان ماییەی شانازییە بۆ هەموولایەك." 
  
هەروەها ئاسۆ مامەند لێپرسراوی مەڵبەندی كەركوك سازدانی كۆبوونەوەكەی لە هەلومەرجی ئێستادا بەگرنگزانی‌و هیوای خواست گفتوگۆو ڕاگۆڕینەوە لە بارەی كەركوكەوە بەردەوام بێت، ئاماژەی بەوەدا، لە چوارچێوەی گفتوگۆی یەكێتی لەگەڵ لایەنە كوردستانیەكاندا، پرسی كەركوك، تەوەرێكی سەرەكیە‌و بەبێ‌ كەركوك هیچ جۆرە رێكەوتنێك ناكرێ‌. 

هـ ـ ح

بەپەلە