هاوكاری سیسی‌و بن سەلمان بۆ كوشتنی خاشقچی ئاشكرادەبێت

جیهان

20/01/2019‌ 1445 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
محەمەد مەسعەری، ئەندامی ئۆپۆزسیۆنی سعودییە بەڵگەنامەیەكی لەدیوانی پاشایەتی سعودییە بڵاوكردەوە، ڕۆڵی وڵاتی میسر لەهاوكاری لەگەڵ تیمی ئەمنیی سعودییە بۆ كوشتی جەمال خاشقچی رۆژئاوانووس ئاشكرادەكات.

ئەو بەڵگە نهێنییەدا، دیوانی پاشایەتی سعودییە، كە بۆ "عەباس كامیل"ی سەرۆكی دەزگای هەواڵگریی میسر و بەڕێوبەری نووسینگەی عەبدولفەتاح سیسی سەرۆكی ئەو وڵاتە ناردووە، پێشنیاری بۆ حكومەتی میسر كردووە، بۆ هاوكاری ئەمنی‌و هەواڵگری لەدۆسییەی خاشقچیدا.

بەپێی ئەو بەڵگەنامە، كە سێ كەس لەئەندامانی تیمی تیرۆری خاشقچی بەرەو قاهیرە نێردراون، كە یەكێكیان ماهیر موتڕیب لەئەندامانی تیمی پشتیوانی لە محەمەد بن سەلمان شازادەی جێنشینی سعودییەیەو ئەوانیتریش "سەلاح تەبیقی" پزیشكی توێكاری تەرم و عەقید ئەباحوسەین بوون. 

هەر بەپێی بڵگەنامەكە، ئەو تیمە كاتژمێر 10ی بەیانی ڕۆژی هەینی 28ی سیپتەمبەر بە فڕۆكەیەكی هێڵی ئاسمانی پاشای سعودییە چوونەتە نێو قاهیرەی میسرەوە.

لەكۆتایی بەڵگەنامەكەدا، سعودییە دەستخۆشی لە سەرۆكی ناوەندی هەواڵگری میسر بەهۆی هەماهەنگی و هاوكاریكردن لەتیمی تیرۆری خاشقچیی كردووە.

پێشتریش ڕۆژنامەی یەنی شەفەقی توركیا لەمانگی ئۆكتۆبەردا لەسەرزاری سەرچاوەیەكی فەرمییەوە بڵاویكردەوە، كە تیمی تیرۆری خاشقچی پاش جێبەجێكردنی ئەو تاوانە لە باڵیۆزخانەی سعودییە، بە دوو فڕۆكە شارەكەیان بەجێهێشتووە، كە یەكێك لەو فڕۆكانە لە جۆری گۆڵف ئیستریم، بەرەو میسر ڕۆیشتووەو  پاش ڕۆژێك لەوێشەوە بەرەو ڕیازی پایتەختی سعودییە فڕیوە.

دووەم فڕۆكەش لەجۆری گۆڵف ئیستریم جی 450، شاری ئەستەنبولی بەرەو دوبەی جێهێشتووەو و لەوێشەوە بەرەو ڕیاز ڕۆیشتووە.

جەمال خاشقچیی، ڕۆژنامەوان و ڕەخنەگریی سعودی، لەبەرواری 10ی ئۆكتۆبەری 2018 لە باڵیۆزخانەی وڵاتەكەی خۆی،  لەئەستەنبوڵ بەشێوازێكی دڕندانە كوژرا. كە بەپێی هەواڵەكان محەمەد بن سەلمانی شازادەی جێنشینی سعودییە هۆكاری سەرەكی ئەو تاوانە بووە.