یەپەگە: بەرامبەر بە داگیرکردنى عەفرین بێدەنگ نابین

کوردستان

20/01/2019‌ 1454 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
فەرماندەیى گشتیى یەکینەکانى پاراستنى گەل (یەپەگە) بە بۆنەى یەکەمین ساڵیادى هێرش و داگیرکەریى دەوڵەتى تورک بۆ سەر عەفرین رایگەیاند، "ئێمە بێدەنگ نابین و تێکۆشان و بەرخودانمان بە هەموو شێوەیەک درێژە پێدەدەین".

به‌پێی ئاژانسی فورات نیوز، یەپەگە له‌ راگەیاندراوێکدا رایگه‌یاندووه‌، "تێکۆشان و بەرخودانى گەورەى گەلانى رۆژئاواى کوردستان و باکووری سوریا لەسەر بنەماى ئازادی و یەکگرتنێکى بێ هاوتادا بونیاتنراوە، تێکۆشانمان لە رۆژئاواى کوردستان، کە لە دژی داعش دەستمان پێکرد، لە دژی هەموو جۆرە هەوڵێکى داگیرکەری بەرفراوان و گەشترمان کردووە و بووەتە پرۆسەی شۆڕشێکى گەورەبوو و ریشەى خۆی داکوتاوە".

"سڕینەوەى ئیتنی و دەستبەسەرداگرتن و هەموو جۆرەکانى پێشێلکاری..."

لە راگەیاندراوەکەى یەپەگەدا ئەوەش هاتووە، "دەوڵەتى تورک هەموو وزە و تواناى خۆی بەکاردەهێنێت بۆ ئەوەى هێرشە داگیرکەرییەکانى رەوا نیشان بدات، بۆ ئەوەى پێشکەوتنى هێزەکانمان لە رۆژئاواى کوردستان راوەستێنێت و رێگری لە گەشەسەندنى دیموکراسیى گەلانمان بکات، کە لەسەر بنەمای ژیانێکى هاوبەش بونیاتنراوە، دیسانەوە پلانى تری بۆ داگیرکەرى ئامادە کردووە".

ئێمە لە هەموو کات زیاتر خۆڕاگری و داکۆکی دەکەین

یەپەگە لە راگەیاندراوکەیدا ده‌ڵێت، "ئێمە یەکینەکانى یەپەگە و یەپەژە لە بەرامبەر ئەو داگیرکەری و فاشیزمە و هیچ هێزێکی تردا بێدەنگ نابین، لە دژی ئەو داگیرکەرییەى سەر عەفرین و بۆ ئازادکردنى گەلەکەمان و جوگرافیاکەمان رایدەگەیەنین، ئێمە بە هەموو بە شێوازەکانى بەرخودان تێدەکۆشین".

رونیشیكرداوه‌ته‌وه‌، "لە دژی دەوڵەتى تورک، کە ئەمڕۆ لە دژی رۆژئاواى کوردستان و باکووری سوریا زمانى داگیرکەری بەکار دەهێنێت رایدەگەیەنین، بەها و نرخە دیموکراتیکەکان، کە گەلان ئافراندوویانە و رەواترین هەڵوێستمان بۆ بەرخودان لە هەموو کات زیاتر دەخەینەڕوو و داکۆکی لەو بەها و نرخانە دەکەین".
ه.م