مەلا بەختیار روونكردنەوەیەك لەسەر سەردانی شاندێكی مەكتەبی سیاسی یەكێتی بڵاودەكاتەوە

کوردستان

20/01/2019‌ 4031 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
نووسینگەی راگەیاندنی مەلا بەختیار لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی روونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوەو پشتراستیكردەوە، كە شاندێكی مەكتەبی سیاسی حیزبەكەی سەردانیان كردووە.

نووسینگەكە دوای ئەوەی شارپرێس هەواڵێكی بڵاوكردەوەو تێدا ئاشكرایكرد، شاندەكەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی داوایان لە مەلا بەختیار كردووە، كە بگەڕێتەوە بۆ كۆبوونەوەكانی مەكتەبی سیاسی، ئەگەریش ناگەڕێتەوە، ئەوە بێدەنگ بێت لەو قسانەی لەمیدیاكانەوە ماوەیەكە دەیكات.

لەروونكردنەوەكەی نووسینگەكەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی هاتووە، "لەبەرامبەر داڕشتنی هەواڵێكی .. بەمەبەست، .. بەپێویستی دەزانین، بۆ (سایتی شار پرێس)و رای گشتی رونبكەینەوە: بەڵی، راستە كە: بەسوپاسەوە، وەفدێك لەهەڤاڵانی بەڕێزی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی، سەردانی هەڤاڵ مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی یەكێتی-یان كردووە".

نووسنیگەكە راشیگەیاندووە، "بەڵام، نە وەفدە بەڕێزەكەی مەكتەبی سیاسی، لەو ئاستەدا بوو، كە (شار پرێس بەو شێوەیە باسیان دەكات)‌و نە بەو زمانەشی (شار پرێس داڕشتنەوەی خۆی بۆ كردووە) قسەیان لەگەڵ هەڤاڵ مەلا بەخیتاردا كردووە، بەڵكو بەپێچەوانەوە وەفدە بەڕێزەكەی هەڤاڵانی مەكتەبی سیاسی (بەوپەڕی رێزو خۆشەویستی‌و پەرۆشییەوە) گفتوگۆیان لەگەڵ هەڤاڵ لێپرسراوی دەستەی كارگێڕیدا كردووە".

مەلا بەختیار بەهۆی كاندیدنەكردنی لەلایەن ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتی بۆ سەرۆك كۆماری عێراق، لەمانگی 10ی ساڵی رابردووەوە لەحیزبەكەی نیگەران بووەو چووەتە ماڵەوە دانیشتووەو بەشداری كۆبوونەوەكانی حیزبەكەی ناكات.

بەپەلە