وردەكاری خاڵبەندی دابەشكردنی پۆستەكان
گۆڕان داوای پۆست لەنێو ئەنجوومەنی ئاسایش دەكات

کوردستان

21/01/2019‌ 9410 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
وردەكارییەكانی گفتوگۆی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بەلای بەرپرسانی بزووتنەوەی گۆڕانەوە، وەك چنینی مافوورێك وایە، كە دەبێت نەخش و نیگاری زۆری تێدابێت، بۆیە بە هەستیارییەكی زۆرەوە چوونەتە نێو دانوستاندنەوە و وەك خۆیان دەڵێن: نایانەوێت هەڵەكانی كابینەی رابردوو دووبارە بكەنەوە.

ئەو راگەیەندراوەی دوای كۆبوونەوەی رۆژی 15ی ئەم مانگە پارتی و گۆڕان بڵاویانكردبووەوە، گوزارشتی لەدانیشتنێكی ئەرێنی و دوو دیدی تەواو نزیك لەیەك دەكرد، خاڵە هاوبەشەكانی نێوانیان وای لێكردبوون، داوای پەلەكردن لەپێكهێنانی حكومەت بكەن، دوو لیژنەیان دروستكرد بۆ ئەوەی كارنامەی حكومەت دابڕێژن و هەم پۆست و بەركەوتەی هەڵبژاردنیش یەكلابكەنەوە.

ئەندامێكی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان، لەبارەی كاری لیژنەكانەوە دەڵێت: "لیژنەی كارنامەی حكومەت باسی ئەو یاسا و پرۆژانە دەكەن، كە دەبێت لە ماوەی ئەو چوار ساڵەدا حكومەت و پەرلەمان یەكلایی بكەنەوە و كاتیشیان بۆ دابنرێت، وەك نووسینەوەی دەستووری هەرێمی كوردستان، سندوقی داهاتە نەوتییەكان، یاسای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان و چاكسازی، گۆڕان داوای هەموو ئەو یاسایانەی كردووە و پارتیش دەڵێن ئێمەش هەروا، بەڵام گرنگە كاتیان بۆ دابنرێت".

ئەو ئەندامەی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان، كە بەلەبەرچاوگرتنی هەستیاریی دۆخەكە و رەوتی دانوستاندنەكان نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە، لەبارەی شاندی پەیوەست بەپۆستەكانەوە، كە پێكهاتوون لەهەریەك لە ئاراس وەلی و دانا عەبدولكەریم و عەلی حەمەساڵح، دەڵێت: "ئەوان پێشتر رووپێوی هەموو پۆستە گەورەو بچووكەكانی هەرێمی كوردستانیان كردووە و دەزانن لەنێو هەر وەزارەتێكدا چەند پۆست هەیە، بۆیە ئەو رووپێوییەیان داوەتە پارتی و خواستی گۆڕانیشیان پێگەیاندوون، 12%ی پۆستەكانی هەر وەزارەتێك لەبەڕێوەبەری گشتی و بەڕێوەبەرەكان و بەرپرسی بەشەكان، هەروەها لەنێو سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستانیش داوای 12%ی پۆستەكان كراوە".

بزووتنەوەی گۆڕان لەو كابینەیە 4 وەزارەت و دەستەیەك و بریكارێكی وەزیری بەدەستەوە بوو، بەڵام وەك ئەو ئەندامەی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان باسی دەكات، بزووتنەوەكەی لەكابینەی نوێدا بۆ یەكەمجار دەست بۆ پرسێكی تەواو هەستیار دەبات و داوای كردووە "لەنێو ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان، پۆستێكی پێبدرێت، كە لە پلەی سێیەمی پۆستەكانی نێو ئەنجوومەنەكەدا بێت، هەروەها لەنێو وەزارەتی ناوخۆ و پێشمەرگەش پۆستی بەڕێوەبەری گشتی بێت. بەشداریمان لەنێو ئەو دوو وەزارەتە و ئەنجوومەنی ئاسایش هێڵی سووری گفتوگۆكانمانە  لەگەڵ سێ وەزارەتی خزمەتگوزاری و پۆستێكی باڵا".

بەپێی قسەی بەشێك لە بەرپرسانی بزووتنەوەی گۆڕان، ئەگەری بەهێز ئەوەیە شاندی گۆڕان رۆژی سێشمەممە لەگەڵ شاندی پارتی كۆببنەوە، كۆبوونەوەكانی گۆڕان لەگەڵ پارتی، هاوتەریبە لەگەڵ ئەو دانوستاندنەی لیژنە پێكهێنراوەكانی نێوان پارتی و یەكێتی، بڕیارە هەفتانە سێ بۆ چوار جار كۆببنەوە.

 بەپێی زانیارییەكان، كە هەفتەنامەی رووداو لەژمارەی ئەمڕۆ دوو شەممە بڵاویكردووەتەوە، بزووتنەوەی گۆڕان بڕیاریداوە هەندێك لەو پۆستانەی لەم كابینەیە وەریدەگرێت، بەپێی سیڤی بەربژێریان بۆ دیاری بكات. 

نەسرەدین مەحمود، ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەكە دەڵێت: "ژمارەیەكی زۆر سیڤی رەوانە كراون‌و بۆ هەر پۆستێك بەپێی پسپۆڕی و شارەزایی، سیڤی زۆر بە گۆڕان گەیشتووە، چونكە بزووتنەوەی گۆڕان بڕیاریداوە بەپێی سیڤی كەسەكان بپاڵێوێت‌و بڕیاری كۆتاییش لای جڤاتی نیشتمانی دەبێت".

هەرچەندە پێشوەختە لەنێو بازنەو مەكۆكانی بزووتنەوەكەدا كەوتن‌و كورتهێنان پێشبینیكراو بوو، بەڵام ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی 30ی ئەیلوولی ساڵی رابردوو، شۆكێكی قورس بوو، چونكە نیوەی كورسییەكانی پەرلەمانیان لەدەستداو بوونە هێزی سێیەم لە هەرێمی كوردستان، ئەوەش بە مانای ئەوە بوو، لە كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا داوای 12%ی پۆستەكان بكەن و سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان لەدەستبدەن. 

هێمن شێخانی، ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەكە دەڵێت: هەڵسوڕاوان و ئەندامانی بزووتنەوەی گۆڕان سیڤی پڕدەكەنەوە و پێشكەشی دەكەن بۆ ئەوەی لەو پۆستانەی دەبنە بەركەوتەی گۆڕان بەشداری بكەن "راستە سڤی لە هەموو كەس وەردەگیرێ، بەڵام دەبێ بزانرێ باكگراوندی چییە و پسپۆڕی چۆنە و چەندە خزمەتی پێدەكرێ، دواتر جڤاتی نیشتمانی بڕیار لە بەربژێرەكان دەدات نەك شاندی دانوستاندكار.

وەك هێمن شێخانی دەڵێت، راستە پارتی رەچاوی هەندێك داواكاری یەكێتی دەكات، بەڵام رەنگە دواتر وەزارەت و بەڕێوەبەرە گشتییەكان بەپێی خاڵبەندی دابەشبكرێن، بەو پێیە پارتی خاوەنی 57 خاڵ و یەكێتی 27 خاڵ و بزووتنەوەی گۆڕان خاوەنی 16 خاڵە، سەرۆكی هەرێمی كوردستان 6 خاڵە و سەرۆكی حكومەت 5 خاڵ و جێگری سەرۆكی حكومەت و جێگری سەرۆكی هەرێم 4 خاڵ و وەزارەتە سیادییەكان 3 خاڵ و وەزارەتە خزمەتگوارییەكان 2 خاڵن "بزووتنەوەی گۆڕان داوای 3 وەزارەتی خزمەتگوزاری دەكات، چونكە لەڕێی وەزارەتە خزمەتگوزارییەكانەوە باشتر دەتوانێ لە كێشەی خەڵك تێبگات و خزمەت بكات، بەڵام بە دڵنیاییەوە، شاندی دانوستاندنكاری گۆڕان بەبێ بەدەستهێنانی بەڵێنی جێگری سەرۆكی حكومەت، ئەستەمە بتوانن بڕیاری بەشداری بدەن".

هێمن شێخانی هۆكاری پێداگیری لەسەر وەرگرتنی پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەت رووندەكاتەوە و دەڵێت: "گۆڕان بەبێ پۆستێكی باڵا، كە پشتیوانی تیمە وەزارییەكەی بكات، ئاسان نییە لەناو حكومەتدا كاری خۆی بە باشی بكات، ئەو پۆستە دەتوانێت ببێتە پاڵپشتێكی باش بۆ تیمە وەزارییەكەی".

ئەندامێكی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان، كە داوای كرد ناوی بڵاونەكرێتەوە، داخوازی بزووتنەوەی گۆڕانی بەقورس نەزانی بۆ ئەوەی لەنێو ئەنجوومەنی ئاسایش پۆستیان پێبدرێت، "بەڵام ئەوە پەیوەستە بە رەوتی گفتوگۆكان و بەركەوتەی هەڵبژاردنەوە و، پارتی هێڵی سووری لەسەر شتەكان نییە".

هەروەها وتیشی: "لەو كابینەیە بزووتنەوەی گۆڕان هەستیارترین وەزارەتی لابووە كە وەزارەتی پێشمەرگەیە لەگەڵ بریكاری وەزیری ناوخۆ، بۆیە شاندی دانوستاندنكاری هەردوولا بە هەر ئەنجامێك بگەن، رێككەوتنی لەسەر دەكرێت".

دابەشكردنی پۆستەكان بەپێی خاڵ:
پارتی: 57 خاڵ
یەكێتی: 27 خاڵ
گۆڕان: 16 خاڵ

پۆستی سەرۆكی هەرێم: 6 خاڵ
پۆستی سەرۆكی حكومەت: 5 خاڵ.
پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەت: 4 خاڵ
پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم: 4 خاڵ
وەزارەتی سیادی: 3 خاڵ
وەزارەتی خزمەتگوزاری: 2 خاڵ

بەپەلە