هێزی سەربازی هاوبەشی ڕوسیاو شەرڤانانی كورد لەمەنبەج توركیا نیگەران دەكات

کوردستان

21/01/2019‌ 7916 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس/ وەرگێران: لوقمان حاجی قادر
بوونی هێزی گەڕۆكی ڕوسیاو هێزەكانی سوریای دیموكرات لەدەوروبەری شاری مەنبەج توركیای نیگەران كردووە، كە ئەنقەرە بە هاوكاری و هەماهەنگی نێوان ئەو دوو هێزە دڵخۆش نییە‌.

ئاژانسی هەواڵی ئەنادۆڵ هەواڵی ئەوەی گواستووەتەوە، كە هێزەكانی ڕوسیا جارێك بە تەنیا و جارێكیش بەهاوبەشی لەگەڵ هێزەكانی سوریای دیموكرات لەدەوروبەری شاری مەنبەج گەڕاون.

ئاژانسەكە لەڕۆژی هەینی ڕابردوو ئەوەشی گواستنەوە، لەهەندێك خاڵدا سەربازە ڕوسییەكان بە تەنیا ئەو كارە دەكەن، لە هەندێك خاڵی دیكەشدا بەهاوبەشی لەگەڵ هێزەكانی "ئەنجوومەنی باب- ی سەربازی" سەر بەشەرڤانانی یەكینەكانی پاراستنی گەل پەپەگە ئەو كارە ئەنجام دەدەن.

بەپێی ئاژانسەكە، ئۆتۆمبیلی سەربازی بە ئاڵای ڕوسیاوە و سەرنشینی سەربازی ڕوسییەوە لەدەوروبەری شاری عەریمەو باشووری ڕۆژئاوای مەنبەج گەڕاون‌و توركیا لەو بارەوە نیگەرانی خۆی نیشانداوە، كە ڕوسەكان لەگەڵ یەپەگە ئەو هێزە هاوبەشەیان پێكهێناوەو ئەنقەرە رایگەیاندووە، كە ئەنجوومەنی باب–ی سەربازی وەك پەردەپۆشێك بەكاردێنن بۆ مەبەست و مەرامی تایبەتی خۆیان.

وەزارەتی بەرگری ڕوسیاش لەو بارەوە رایگەیاندووە "تیمی سەربازی گەڕۆك لەدەوروبەری شاری مەنبەج‌و لەدوو میحوەرەوە لەهاتووچۆدان، كە یەكێكیان درێژییەكەی 48 كیلۆمەترە و ئەوی دیكەشیان 32 كیلۆمەترە.

لەهەمان ئان و ساتیشدا ڕۆژی هەینی حامی ئەكسۆی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی توركیا وتی: وڵاتەكەی لەگەڵ روسیا تاوتوێی پێشنیاری پێكهێنانی ناوچەیەكی ئارام دەكات لەباكووری سوریا.

ئەكسۆی وتیشی: لە 23 ی یەنایەری ئایندە ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆك كۆماری توركیا سەردانی ڕوسیا دەكات، واش چاوەڕوان دەكرێت ئەو پرسە لەگەڵ ڤلادیمر پۆتینی سەرۆكی ڕوسیا تاوتوێبكەن.

ئەوەشی ئاشكراكرد، كە گفتوگۆی نێوان ئەنقەرە و مۆسكۆ لەسەر ئاستی بەرپرسە سەربازی‌و دبلۆماسییەكان بەردەوامە بۆ دۆزینەوەی داڕشتەیەك سەبارەت بەپێكهێنانی ناوچە ئارامەكە.

ئەكسۆی هەروەها وتیشی: ناوچە ئارامەكە هەر تەنیا بۆ پاراستنی ئارامی سنوری توركیا نییە، بەڵكو بۆ سەلامەتی و ئارامی دانیشتوانی ناوچەكەشە، پێشی وابوو ئەو ناوچە ئارامە پشكداری دەكات لە بەرگرتن لە ڕوودانی شەپۆلێكی دیكەی كۆچبەری تازە)) لە ووڵاتدا.

هاوكات ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز – ی ئەمینداری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان لەوبارەوە رایگەیاند "هەر پلانێك سەبارەت بە دۆخی باكوری سوریا دەبیت داواكارییە رەواكانی توركیا لەخۆ بگریت".

دۆخی شاری منبج لە نێوان واشنتۆن و ئەنقەرە ڕێككەوتنی لەسەر كراوە بە مەبەستی هێوركردنەوەی دۆخەكە، بە گوێرەی ڕیككەوتنەكە یەكینەكانی پاراستنی گەل لەو شارە دەكشێنەوە و تیمی سەربازی گەڕۆكی ئەمریكی و توركی شوێنیان دەگرنەوە.

بەپەلە