شارپرێس:
پەرلەمانی عێراق دوای ململانێیەكی زۆر بودجەی گشتی بۆ ساڵی 2019 پەسەندكرد، كە ململانێكان سیاسیو ئابووری نێوان لایەنەكان بوون.
بەپێی ناوەڕۆكی پرۆژەیاسای بودجە، عێراق رۆژانە دەبێت 3.88 ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردە بكات، كە رێژەكەی لەچاو ساڵی رابردوو بەرزتركراوەتەوەو هەر بەرمیلێك نەوتیش بە 56 دۆلار ئەژماركراوە، كە ساڵی 2018 هەر بەرمیلێك بە 46 دۆلار ئەژماركرابوو.
هەر بەپێی پرۆژەكە بودجەی گشتی عێراق بۆ ساڵی 2019 ، 133 تریلیۆن دینار (112 ملیار دۆلار) دینار دەبێتو تێدا موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانو هێزی پێشمەرگە بە 500 ملیار دیناری مانگانە دیاریكراوە.
لەبەرانبەر ئەوەدا، دەبێت هەرێمی كوردستان رۆژانە 250 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە بكاتو داهاتەكەی رادەستی بەغدا بكات، كە ئەمە نەبەسراوە بە ناردنی موچەی فەرمانبەرانو پێشمەرگەی هەرێم.
پەرلەمانی عێراق درەنگانێكی شەوی رابردوو پرۆژەیاساكەی تێپەڕاندو پەسەندی كرد، كە ماوەیەكە گفتوگۆی زۆر لەنێوان لایەنەكان لەسەر ناوەڕۆكەكەی هەیە.
هـ ـ ح