دەروازە سنوورییەكانی هەرێم لەرووی كارگێڕییەوە دەخرێنە سەر بەغدا

sharpress.net

865 جار خوێندراوه‌ته‌وه

24/01/2019‌

شارپرێس:
دەروازەكانی هەرێمی كوردستان لەرووی كارگێڕییەوە دەخرێنەوە سەر بەغدا بەهەمان ئەو ستاف و بەرپرسانەی لە هەرێمی كوردستاندا هەن بەردەوام دەبێت.

ساماڵ عەبدولڕەحمان بەڕێوەبەری گشتی گومركی هەرێم رایگەیاند، دەروازەكانی هەرێمی كوردستان تەنیا لەرووی كارگێڕییەوە دەخرێنە سەر بەغدا بەهەمان ئەو ستاف و بەرپرسانەی لە هەرێمی كوردستاندا هەن، هەر گۆڕانكارییەك لەو بابەتەدا بكرێت دەبێت بە رەزامەندی هەردوولا بێت، ئاماژەش بەوە دەكات، كە دوا مۆڵەت بۆ هەڵگرتنی خاڵە گومركییەكانی نێوان هەرێم و شارەكانی دیكەی عێراق، كۆتایی ئەم مانگەیە.

قسەكانی ساماڵ عەبدولڕەحمان لەمیانی چاوپێكەوتنێكی بووە لەگەڵ ئاژانسی ئەنادۆڵ، كە راشیگەیاندووە "دوای ئەو كۆبوونەوانەی لە مانگی یازدەی ساڵی رابردوو لە نێوان نوێنەرانی هەرێم و حكومەتی عێراق ئەنجام درا، ئێمە كۆنووسێكمان واژووكرد، كە بریتیی بوو لە ٢٧ خاڵ، كە سەرجەم كێشەكانمان ئاماژە پێدابوو، دواتر شاندێك لەهەرێمەوە چووە بەغدا و بە ئامادەبوونی هەموو وەزارەتە پەیوەندیدارەكان كۆبوونەوە".

بەڕێوەبەری گشتی گومركی هەرێم هەروەها رایگەیاند، لەخاڵە سەرەكییەكان بەبێ هیچ پێشمەرجێك بڕیاردرابوو خاڵە گومركییەكان لاببرێت چونكە نایاسایین و دەستووری نییە، بڕیاردرابوو زمانی كوردی و عەرەبی لە هەموو بەڵگەنامەك گومركییەكان بنووسرێت، چاوخشاندنەوە بكرێت بە یاسای گومرك و هەموو ئەو یاسایانەی لە نێوان هەرێم و بەغدا دەركراون و نوێنەرانی هەرێم و بەغدا بەیەكەوە لە دەركردنیان بەشدارنەبوون جارێكی دیكە چاوخشاندنەوەی بۆ بكرێت و كار بەیاسای وەبەرهێنانی هەرێم و بەغدا بكرێت، شێوازی كاركردن لە داهاتوودا چۆن كار بكەین.

بەڕێوەبەری گشتی گومركی هەرێم ئەوەشی راگەیاند، ئەو ئەم خاڵە گومركییانە بە بڕیارێكی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دانراوە و "پێشووتر روونمان كردووەتەوە، كە ناكرێت لە نێوان دوو شاری یەك وڵات خاڵی گومرك هەبێت و دەبێت بە زووترین كات ئەو هەڵە نایاساییەی كراوە، راست بكرێتەوە، هەروەها بڕیاری ژمارە ١٣ی ساڵی ٢٠١٩ی ئەنجوومەنی وەزیرانی پێ دەرچووە و بڕیاردراوە خاڵە گومركییەكان لاببرێت و دەبوو لەماوەی یەك مانگدا راستەوخۆ جێبەجێكرابووایە و بەو پێیەش دوا مۆڵەت كۆتایی ئەم مانگەیە".

ساماڵ عەبدولڕەحمان باسی لەوەشكرد كە دەروازەكانی هەرێمی كوردستان پابەندكراون، سەر بەحكومەتی عێراق بن و لەو بارەوە رایگەیاند "هەر بەپێی فەرمانی ئەنجوومەنی وەزیران كە دەرچووە، دەروازەكانی هەرێم پابەندكراون لە رووی كارگێڕییەوە سەربە دەستەی دەروازە سنوورییەكانی عێراق بن، بەڵام لە بڕیارەكەدا رێگادراوە كە جارێكی دیكەش پێداچوونەوە بكرێت، چونكە كاتی خۆیشی ئێمە تێبیینمان هەبوو لەسەر ئەو بڕیارە، خۆیشیان باوەڕیان وایە كە پێویستی بە پێداچوونەوە هەیە".

سەبارەت بەو دەنگۆیانەی گوایا كارمەندانی دەستەی دەروازە سنوورییەكانی عێراق دەگوازرێنەوە بۆ دەروازەكانی هەرێمی كوردستان و ئەوان بەڕێوەی دەبەن، ساماڵ عەبدولڕەحمان رایگەیاند "دەروازەكانی هەرێمی كوردستان تەنیا لە رووی كارگێڕییەوە دەخرێنە سەر بەغدا بە هەمان ئەو ستاف و بەرپرسانەی لە هەرێمی كوردستاندا هەن، هەر گۆڕانكارییەك لەو بابەتەدا بكرێت دەبێت بە رەزامەندی هەردوولا بێت و تەنها باسی بابەتی كارگێڕی كراوە و باسی بابەتی ئەمنیی نەكراوە".

هەرێمی كوردستان چوار دەروازەی نێودەوڵەتی و چوار دەروازەی فەرمیی هەیە، دەروازە نێودەوڵەتییەكان بۆ هاتوچۆی گەشتیاران و بازرگانی بەكاردێن، هەروەها دەروازە فەرمییەكانیش تەنها بۆ كاری بازرگانی بەكاردێن و ئەم بڕیارە تەنیا دەروازە نێودەوڵەتییەكان دەگرێتەوە دەروازە فەرمییەكان هەر سەربە حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەبن.

دوای رووداوەكانی ١٦ی ئۆكتۆبەری ٢٠١٧، رێگاكانی ھەرێمی كوردستان بە ناوەڕاست و خوارووی عێراقەوە پچڕان و مەرجی حكوومەتی عیراقیش بۆ كردنەوەی ئەو رێگایانە دانانی گومرك بوو لەسەر رێگاكانی نێوان ھەولێر-كەركووك و دھۆك-مووسڵ.

دانانی ئەو خاڵە گومركییانە، نیگەرانی لای بازرگانان و ھاووڵاتییانی دروستكرد و ئەمەش بووە ھۆی ئەوەی كە ھەردوو حكوومەتی عێراق و حكوومەتی ھەرێمی كوردستان لەسەر چەند خاڵێك رێكبكەون بۆ ئەوەی لە داھاتوودا بە شێوەیەكی ھاوبەش كارەكانی گومرك بەڕێوەببەن.





ads

زۆرترین خوێندراوە

ads
ads

ads
ads
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 Shar Press. all rights reserved