توركیا مافی لەموسڵ‌و حەلەب هەیە.. ئەردۆغان دەیەوێت مێژووی كۆن زیندوبكاتەوە

کوردستان

26/01/2019‌ 4790 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس/ وەرگێڕان: حلمی رەسول رەزا
دیفید گاردنر لەرۆژنامەی فایشنال تایمز دەربارەی بەرزەفڕییەكانی توركیا لە سوریا نووسیویەتی: بڕیاری سەرۆكی ئەمریكا دۆناڵد ترامپ بە كشانەوەی هێزەكانی لەسوریا توركیای وا لێكرد هەڵمەتەكانی دژی جەنگاوەرە كوردەكانی هاوپەیمانی ئەمەریكا زیاد بكات لەباكووری سوریا.

گارنەر هەروەها نووسیویەتی: سەرۆكی توركیا ئەردۆغان باسی ئەوە دەكات ترامپ هانی توركیای داوە بۆ دروستكردنی ناوچەیەكی ئارام لە قووڵایی 32 كلم لەناو خاكی سوریا بەرانبەر سنورەكانی باشوری توركیا.

ئەو ئاماژەی بەوەش كردووە، ئەگەر بێت و ئەمە بۆ یەكلایەكردنەوەی كێشە سیاسییەكانی ئەمەریكا بێت لە سوریا یاخود نا، ترامپ هۆشداری ئەوەی داوە نابێت هێرش بكاتە سەر هاوپەیمانەكانی واشنتۆن (كوردەكان)، رۆژی چوارشەمەش ئەرۆدغان سەردانی روسیای كرد بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ ڤلادیمێر پوتین دەربارەی كێشەكانی سوریاو ناوچەی ئارام.

دیارە دەستتێوەردانی روسیا لەگەڵ ئێران وایكرد رژێمی سوریا سەركەوتوو دیاربێت، سەرەرای گەڕانەوەی روسیا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەراست و ئاماژە نەدان بەوەی دەستبەرداری دیمەشق دەبێت، جیگای وەبیرهێنانەوەیە بەپاڵپشتی پوتین ئەردۆغان توانی دوو ناوچەی دابڕاو دروست بكات ل باكوری رۆژئاوای سوریا، یەكیكیان لە میانی پرۆسەی قەلغانی فورات لە ساڵی 2016، كە لە جەرابلوسەوە درێژ دەبێتەوە لەسەر چۆمی فورات بۆ ئەعزاز لە رۆژئاوا، دووەمیان: لە ریگەی پرۆسەی چڵە زەیتونەوە، كە لەمیانەیدا توركیا توانی عەفرین داگیربكات.

نووسەر وای دەبینێت هەڵكردنی چرای سەوزی پوتین بەلای ئەردۆغانەوە لەتویتەكانی ترامپ گرنگترە، بەوەی توركیا هەوڵی ناوچەیەكی ئارام دەدات لە رۆژهەڵاتی فورات، ئەمەش چارەكی رووبەری ئەو زەویانە دەگرێتەوە و لە ژێر دەستی یەكینەكانی پاراستنی گەلدان. 

ئایا ئەردۆغان روخسەتی روسیا بۆ ئەم پرۆسەیە بەدەست دەهێنێت؟ وەك ئەوەی لە ساڵی 2016 توانی بە رەزامەندی روسەكان رێكخستنەوەی هاوپەیمانییەتییەكان لە سوریاو وڵاتی شام رێكبخاتەوە. 

لەو كاتەدا روسیا پاڵپشتی رژێمی ئەسەدی دەكرد و ئەنقەرە پاڵپشتی جەنگی ناوخۆیی دەكرد و چەندین گروپی جۆراوجۆری لە دژی ئەسەد پرچەك دەكرد، روونیشە لەدوای هەوڵی نەزۆكی كودەتاكەی تەموزی 2016، پوتین هەوڵیدا توركیا بەلای فەلەكی خۆیدا رابكێشی هیزێكی سێ قۆڵی دروست بكات لەگەڵ ئێراندا.

لەئێستادا تیبینی دەكرێت لێرەدا نرخێك هەیە، توركیا چرای سەوزی بۆ هەڵكرا بۆ داگیركردنی ناوچەكان دوای ئەوەی پشتی كردە هاوپەیمانە سونەكانی لەحەلەب، دوا شوێنی شۆرشگێرە سورییەكان  و لە كۆتاییەكانی 2016 رژێم توانی دەستی بەسەردا بگرێتەوە، هەر لە هەمان شێوە، روسیا خۆشحاڵی دەربڕی بەداگیركردنی عەفرین پێش ساڵێك و تا ئێستاش بەردەوامە لە گۆرینەوەی بیرۆكەكان لەپێناو دەست گرتن بەسەر پارێزگای ئیدلبی دراوسێی پڕ لە چەكدارە جیهادیەكان و كۆتا شوێنی بەرهەلستكارەكان.

نوزسەر باسی ئەوە دەكات تەقینەوەكانی ئەم دوایەی لەلایەن داعشەوە ئەنجامدرا، هەنجەتێكی تەواوە بۆ توركیا بۆ ئەوەی ناوچەیەكی دابڕاو دروست بكات، لەلایەكی ترەوە سوپای بەرهەڵستكاری پاڵپشتی لێكراو لەلایەن ئەنقەرە شوێناكانیان لەدەستدا لەبەرژەوەندی گروپی قاعیدەو جیهادییەكانی تر، لە بەرانبەردا و لەسەر خاك كوردەكان سەركەوتنی خۆیان سەلماند، بۆیە واشنتۆن پاڵپشتی لێكردن دژی داعش. 

پاشان ناوبراو دێتە سەر ئامانجی ستراتیژی توركیا بەوەی دەیەوێت جیابوونەوەی كوردەكان لە باكووری سوریا و عێراق لەناوبەرێت، ئەو دوو ناوچەیەی ئەنقەرە بەناوچەیەكی ئارامی دەزانێت بۆ دوژمنە ناوخۆییەكەی – پارتی كرێكارانی كوردستان- كە لە ساڵی 1984 ەوە خەباتی چەكداری دژی توركیا هەلگیرساندوە.

لە دیدگای توركیاوە، پارتی كرێكارانی كوردستان لەبنەكەكانی قەندیل و رێكخستنەكانی سوریاوە هێرشەكانیان ئەنجام دەدەن، ئێستا ئەمەریكا سوریا بەجێدەهێڵێت، بۆیە لۆژیكیە ئەنقەرە بیر لە بەربەستێكی یەدەگ بكاتەوەو بەشێكیان دژی خەباتی پارتی كرێكارانی كوردستان بێت.

ئەوەشی وەبیر هێناوەتەوە، لەدوای پرۆسەی قەلغانی فورات، ئەردۆغان دەیەوێت مێژوو كۆن زیندوبكاتەوە بەوەی توركیا مافی لە موسڵ و حەلەب هەیە، ئەگەر بێت و ئەم قسەیە بۆ ماوەیەك پێش ئێستا زیادەرۆیی تێدا بوبێت، ئەوا ئەنقەرە خەریكی چاندنی رەگەكانێتی لەو شوێنانەی دروستی كردوە لە باكوری رۆژئاوای سوریا وەك : قوتابخانەی فێركردنی زمانی توركی، نەخۆشخانە، سەرەرای دوو ئیدارە لە شاری غازی عنتاب كە ئەم پرۆسانە بەرێوە دەبەن، سەرەرای دروست كردنی چەند زانكۆیەك. هەروەك زانایەكی سیاسی سەربەخۆ لە ئەستەمبول دەلێت : توركەكان پلان دادەنێن بۆ مانەوەیان لە سوریا لەو رێگایانەی بۆ مانەوەیان لە باكوری قوبرس گرتیانە بەر، لەكاتی داگیركردنەیەوە لە ساڵی 1974.

بەڵام هۆكاری زۆر بەهێزتر هەیە بەوەی بڕوا دروست بكات كە زیندوكردنەوەی چاخی عوسمانی لە رۆژهەلات و باكوری سوریا شكست دەهێنێت، چونكە پۆتین دەیەوێ رژێمی ئەسەد دەست بەسەر تەواوی سوریادا بگرێتەوە و پلانی ئەنقەرە بۆ دروست كردنی ناوچەیەكی ئارام وا لە كوردەكان دەكات جرە مامەلەیەك لەگەل ئەسەددا بكەن، بەشیوەیەك لە بەرژەوەندی روسیا و ئێران بێت. لەلایەكی ترەوە سەركرده عەرەبەكان بە زیندوكردنی خەلافەتی ئیسلامی رازی نابن بەسەرۆكایەتی ئەردۆغان، سەرەڕای ئەوەی سوریا قوبرس نییە.

سەرچاوە: رۆژنامەی النهار اللبنانیە.