خاڵێك بووەتە جێگەی هیوای هەولێر
بڕیاری سیاسی رۆڵی لەناردنی پشكی هەرێم لەلایەن عێراقەوە دەبێت

عیراق

26/01/2019‌ 3119 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ماوەیەك هەولێرو بەغدا لەگفتوگۆیان كرد، بۆ ئەوەی ئەو كێشانەی لەسەر داهاتی نەوتی هەرێم‌و پشكی لەبودجەی گشتی عێراق لەنێوان هەردوولا هەیە چارەسەربكرێن، كە دواجار كێشەكان بە بڕگەیەك لەبودجەی گشتی 2019 جێگیركرد.

ئەو مادەیە، ئێستا بووەتە جێگەی هیوای خەڵكی هەرێمی كوردستان، بەوەی لە ماددەی 10ی بودجەی گشتی عێراق بۆ ساڵی 2019 لەبڕگەی "ج" باس لەوە كراوە دەبێت بەغدا موچەی فەرمانبەرانی هەرێم‌و پێشمەرگە بنێرێت، كە ئەوە نەبەسراوە بەهەناردەی نەوت لەلایەن هەولێرەوە.

لەگەڵ بوونی ئەو بڕگەیە لەماددەی 10ی بودجەی عێراق، هێشتا گومان دەكرێت هەرێمی كوردستان داهاتی نەوت رادەستی عێراق نەكات، بەوەش بەغدا پشكی هەولێر بۆ ساڵی 2019 لەبودجەی گشتی نەنێرێت، كە چەند ساڵێكە ئەو كێشە لەنێوانیان هەیە.

جگە لەبودجەی ئەمساڵ، لەبودجەكانی ساڵانی 2018و 2017و 2016و 2015و 2014ش، پشكی هەرێم جێگیركراوە، بەڵام بەغدا، بەبیانووی ئەوەی داهاتی نەوت لەلایەن هەولێرەوە رادەست نەكراوە، ماددەكانی تایبەت بەهەرێمی جێبەجێنەكردووەو پشكەكەی نەناردووە.

لەئێستادا گومان دەكرێت سیناریۆكانی چەند ساڵی رابردوو دووبارە بێتەوەو عێراق پشكی هەرێم نەنێرێت، لەو بارەوە فازڵ نەبی، بریكاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق دەڵێت: بڕیاری سیاسی رۆڵی دەبێت لەناردنی پشكی هەولێر لەلایەن بەغدا.

فازڵ نەبی نموونەی چەند ساڵی رابردووی هێناوەتەوەو دەشڵێت: لەساڵانی رابردوو، بودجە پەسەندكراوەو پشكی هەرێمیش لەبودجەكە جێگیركراوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی بڕیاری سیاسی رێگربووە، پشكی هەولێر لەلایەن بەغداوە نەنێراوە.

بەپێی یاسای بودجە، عێراق كاتێك پشكی هەرێم دەنێرێت، هەولێر داهاتی 250 هەزار بەرمیل بەشێوەی رۆژانە رادەستی بەغدا بكات، كە سەرچاوەكان باس لەوە دەكەن، هەولێر بتوانێت ئەو بكات، ئەوەش بەهۆی پابەندی بەو گرێبەستە نەوتییانەی هەیەتی.

فازڵ نەبی لەلێدوانەكەی جەختی لەوە كردەوە، كە هەرێم چەند پابەندییەكی هەیە بە گرێبەستە نەوتییەكانی‌و ناتوانێت پابەندبێت بەرادەستكردنی داهاتی ئەو 250 هەزار بەرمیلە، كە جەختی لەوەش كردەوە، بەو هۆیەوە لەبەغداوە هیچ بڕە پارەیەك بۆ هەولێر نایەت.

لەبەرانبەر ئەو قسانە چەند پەرلەمانتارێكی كورد لەپەرلەمانی عێراق‌و كوردستانیش كاردانەوەیان نواندو جەختیانكردەوە، بڕگەی "ج" لەمادەی 10ی یاسای بودجەی عێراق هیچ ناڕوونییەكی تێدا نییەو بەغدا پابەندە موچەی فەرمانبەران‌و پێشمەرگەی هەرێمی كوردستان بنێرێت.

عەلی حەمەساڵح، سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لەپەرلەمانی كوردستان لەو بارەوە دەڵێت: فازڵ نەبی، بریكاری پێشووتری وەزیری دارایی عێراق خەڵك بێئومێد دەكات، كاتێك دەڵێت: ئەگەر هەرێمی كوردستان نەوت رادەستی بەغدا نەكات، بەغدا بودجە نانێرێت.

عەلی حەمەساڵح دەشڵێت: ئەو قسەیەی فازڵ نەبی بەهیچ شێوەیەك دروست نییە، بەڵكو كۆی پشكی هەرێمی كوردستان 10 ترلیۆن 599 ملیار دینارە لەبەرانبەر ڕادەستكردنی 250 هەزار بەرمیل نەوت، كە ئەگەر 250 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە ڕادەستنەكرێت، بە ئەندازەی ئەو بڕە لەپشكی كورد دەبڕدرێت، كە 6 ترلیۆن 48 ملیار دینارە، بەمەش 4 ترلیۆن‌و 551 ملیار دینار بەبێ ڕادەستكردنی هیچ بڕە نەوتێك دێت بۆ هەرێمی كوردستان.

ئەو روونیكردووەتەوە، ئەو بڕە پارەیە لەگەڵ داهاتی نەوت و ناوخۆدا بەشی موچە بەبێ پاشەكەوت دەكات، هەروەها دەڵێت، "ئەگەر 250 هەزار بەرمیلەكە هەرێمی كوردستان خۆی بیفرۆشێت، نزیكەی 4 ترلیۆن داهاتییەتی، ئەگەر بدرێتە بەغدا 6 ترلیۆن و 48 ملیار دینار دەستدەكەوێت". 

سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان باسی لەوەش كردووە، ئەگەر هەرێمی كوردستان 250 هەزار بەرمیل نەوت ڕادەستبكات كۆی موچەو پارەی چەندین پرۆژەی گرنگ دابیندەبێت، 180 هەزار بەرمیلیش دەمێنێتەوە بۆ مافی كۆمپانیای نەوت و خەرجی و پێداویستی حكومەت، جگەلە داهاتی ناوخۆ كە 150 ملیار دینارە. 

قسەكانی فازڵ نەبی كاردانەوەی پەرلەمانتارانی عێراقی بەدواوە هات‌و لەو بارەوە رێبوار كەریم، ئەندامی فراكسیۆنی هاوپەیمانی دیموكراسی و دادپەروەری لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، "ئێستا هەرێم نەوت نانێرێت و مانگانە 317 ملیار دینار وەرئەگرێت لە بەغداوە و دەڵێن خۆیان بڕێكی دەخەنەسەرو موچەی پاشەكەوتكراوی (۱۸_۳٠٪) پێدەدەن".

رێبوار كەریم راشیگەیاندووە، ئەگەر هەرێم لەمساڵدا نەوت نەنێرێت، ئەوا ئەو 317 ملیار دینارە دەبێت بە 454 ملیار دینار بۆ موچەی فەرمانبەران، هەروەها 68 ملیار دینار بۆ پێشمەرگە، واتا كۆی گشتی 522 ملیار دینار رەوانەی هەرێم دەكرێت".

ئەو پەرلەمانتارە ئەوەشی راگەیاندووە، حكومەتی هەرێم هەرزوو وتی پێویستمان بە 150 ملیار دیناری دیكەیە بۆ ئەوەی پاشەكەوتی موچە نەمێنێت، ئێستا 205 ملیار دینار زیادیكردووە پاشەكەوتی پێهەڵبگرن و پاشەكەوتكراوەكەش بە قیست بدەنەوە.