عەبدولمەهدی كەركوك ڕادەستی كوردەكان دەكات
عەرەب‌و توركمانەكان بە "مامەڵەیەكی گوماناوی" دەزانن

عیراق

27/01/2019‌ 9612 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس/ وەرگێران: لوقمان حاجی قادر
ئەمریكا پاڵپشتی هەوڵی سەركردە كوردەكان، بۆ گێرانەوەی كەركوك بۆ دۆخی پێش ساڵی 2014 دەكات، كە ئەو شارە بەنەوت دەوڵەمەندە.

لەدوای ئەو پشتوانییە لەئێستادا عەرەب و توركمانەكانی كەركوك لەوە دەترسن عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی نێی عێراق، كەركوك بگێڕێتەوە بن دەستی كوردەكان، ئەمەش دوای ئەوەی بەبڕیارێك ئەو هێزە سەربازییانەی كشاندەوە، كە لە شارەكەدابوون ، پێدەچێت ئەمە هەنگاویك بێت‌و سەوداو مامەڵەیەكی سیاسی، یان فشارێكی شاراوەی لە پشتەوە بێت.

لەكاتیكدا سیاسییەكانی عێراق خۆیان لەو بڕیارە گێل كردووە، سەرچاوەیەكی عێراقی ڕۆڵی كاریگەری ئەمریكای لەم بارەوە ئاشكراكردووە بۆ گێرانەوەی پارێزگای كەركوك بۆ دۆخی پێش ساڵی 2014 ی پێش هێرشكردنی داعش.

هەفتەی رابردوو عەبدولمەهدی لەبڕیارێكی لەناكاودا، بەو سیفەتەی سەركردەی هێزە چەكدارەكانی عێراقە، بڕیاریدا هێزەكانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لەشاری كەركوك بكێشێتەوە، لە بری ئەو هێزانەش هێزەكانی سەر بەسوپا لەو شارە جێگیر بكات كە زۆرینەیان لە كوردەكانن.

هێزەكانی حكومەتی ئیتحادی لە ئۆكتۆبەری 2017  دەستیان بەسەر ناوەندی شاری كەركوكدا گرتەوە، دوای ئەوەی لەبن دەستی هێزەكانی پێشمەرگەدا بوو، كە لەو كاتەوە، هێزەكانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، كە هێزێكی دەستەبژێری سوپای عێراقن، دۆسیەی ئەمنی ئەو شارەیان گرتووەتە دەست.

سەرچاوە عێراقییەكان باس لەڕۆڵی كاریگەری ئەمریكا دەكەن لە بڕیاری دووبارە گێرانەوەی كەركوك بۆ ژێردەستی كوردەكان، ئەمەش لە میانەی دووبارە پشتبەستنەوەی ئەمریكا بەكوردەكانی عێراق پێش كشانەوەی هێزەكانیان لەباكووری سوریا.

سەرچاوەكان ئەوەشیان ڕوون كردۆتەوە كە دۆگڵاس سیلیمانی باڵوێزی ئەمریكا لە ناو باڵەخانەی باڵوێزخانەی بەغدا لەگەڵ نوێنەرەكانی شار‌ی كەركوك كۆبووەتەوە، كۆبوونەوەكەش بڕیاری كشانەوەی هێزەكانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری لێكەوتووەتەوە، هەروەها بڕیاری ئەوەش دراوە هێزی گەڕۆكی هاوبەش نێوان سوپای عێراق و هیزەكانی پێشمەرگە لەو شارەدا دروست بكرێن و ئەرك بگرنە ئەستۆ.

بەم دوایانەدا دیاردەی گرنگیدانی ئەمریكا بە هێزە چەكدارەكانی كورد سەری هەڵداوەتەوە، دوای ئەوەی لە دوای بڕیاری كشانەوەیان لەباكوری سوریا ناتوانن وەك جاران گرەو لەسەر كوردەكانی سوریا بكەن، فشارەكانی توركیاش بۆ دەستبەرداربوونی واشنتۆن لە كوردەكانی سوریا، هۆكاریكی بەهێزی ئەو هەنگاوەی ئەمریكایە.

لەكۆنەوە كەركوكی دەوڵەمەند بە نەوت چەقی ململانێیەكی مێژوویی بووە لەنێوان دانیشتوانە كورد و عەرەب و توركومانەكانی، كە هەر لایەكیان بانگەشەی زۆرینەیی دەكەن لەو شارەدا.

لە ساڵی 2005 وە بە سەرپەرشتییەكی نێودەوڵەتی ڕۆڵەكان لەو شارە لە نێوان پێكهاتەكانیدا دابەشكراوە، كوردەكان بە وەرگرتنی پۆستی پارێزگار تێیدا باڵادەست بوون، كە بەرزترین پۆستی جێبەجێكارە لەو شارەدا. 

لەهاوینی‌ 2014  و لە دوای هێرشەكەی داعش و دەستبەسەرداگرتنی ڕووبەرێكی فراوانی خاكی عێراق ، بارزانی چنگی سەربازی خۆی لەو شارە گیركرد، لە 2017 مەسعود بارزانی نەجمەدین كەریمی پارێزگاری شارەكەی كردە لایەنگری خۆی بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لەو شارەدا، ئەم بڕیارە بەغدای توڕە كرد و دەوڵەتانی دەوروبەریش فسەقەل كردن، هەولێر–یشی گلاندە ناو ناكۆكییەكی قووڵەوە لەگەڵ هاوبەشە نێودەوڵەتییەكانی و لە سەرووی هەمووشیانەوە ئەمریكا.

كاتێك حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراق هەوڵیدا هەڵوێستی یەكێتی لە بارەی پرسی ڕیفراندووەنەوە بزانێت، ئەوەی دەستگیربوو، كە ئەو حیزبە دەسەڵاتی بەسەر نەجمەدین كەریمەوە نەماوە و ناوبراو پەیوەندی بەپارتەكەی بارزانییەوە كردووە.

لە 16 ئۆكتۆبەر و لە ئاكامی پرۆسەی ڕیفراندۆمدا، هێزەكانی حكومەتی ئیتحادی دەستیان بەسەر شاری كەركوكدا گرتەوە، لەو كاتەوەی بەرهەم ساڵح-یش پۆستی سەرۆكایەتی كۆماری عێراقی وەرگرتووە، كە ئەندامێكی باڵای یەكێتییە‌، فشارەكان لەسەر عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیران زیادیان كردووە بۆ گۆڕانكاری لە دۆخی كەركوك و گێرانەوەی شارەكە بۆ پێش دۆخی پڕۆسەی ڕێفراندۆم.

حەیدەر مولای سەركردەی دیاری ڕەووتی ئیسڵاح – یش عەبدول مەهدی بەوە تۆمەتبار كردووە، كە شاری كەركوك ڕادەستی كوردەكان دەكاتەوە بەوەی هێزەكانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری لەو شارە كشاندووەتەوە.

بەڵام شوان داودی، كە سەركردەیەكی یەكێتی نیشتمانی كوردستانە‌ دەڵێت: "بە سوود وەرگرتنی عەرەبە سونەكان لە ناكۆكی خۆبەخۆی كوردەكان‌ و لاگیرییان بۆ بەرژەوەندییەكانی دەوڵەتی توركیا، سەركەوتووبوون لە زیندووكردنەوەی هەستی نەتەوەیی عەرەبی لای شیعە دەسەڵاتدارەكانی بەغدا و بەمەش دەستیان بەسەر جومگە سەرەكییەكانی دەسەڵاتدا گرت لە شاری كەركوك".

داودی دەشڵێت: "وا بڕیارە لە ساڵی 2020 و بە سەرپەرشتی نەتەوە یەكگرتووەكان سەرژمێرییەكی دانیشتوان لە شاری كەركوك ئەنجام بدرێت، ئەمەش بووەتە جێگەی مەترسی بۆ عەرەبە سونەكان، چونكە بە گوێرەی سەرژمێرییەكانی فەرمانگەی كۆچ و كۆچبەرانی عێراقی زیاتر لە 117 هەزار خێزانی عەرەبی كە ژمارەیان 700 هەزار كەسە ، لەژێر پەردەی كۆچبەریدا هاتونەتە شاری كەركوك كە 60% یان نیشتەجێی ‌ شارەكانی دیكەن و رۆژانە مامەڵەی نیشتەجێبوونیان بۆ دەكرێت لەو شارەدا".

ئەو هەروەها دەڵێت: "ئەگەر ئەوان بتوانن ڕێژەی ئەو خێزانە عەرەبانە بگەیەنە 100 هەزار كەس، ئەوا هاوكێشەی گۆڕینی دیموگرافی ‌ لە شاری كەركوك دەگۆڕن".

كوردەكانیش ڕاكان جبوری پارێزگاری كاتی ئێستای كەركوك بەوە تۆمەتبار دەكەن كە هەڵمەتێكی دامەزراندنی كەسە نزیكەكانی خۆی لە پۆستە گرنگەكانی پارێزگاكەدا دەست پێكردووه.

كەسانی شارەزای دۆخەكەش دەڵێن، كە سەرۆك وەزیرانی عێراق وابەستەیە بە هێوركردنەوەی دۆخی كوردەكان لە شاری كەركوك، بەڵام ڕیگە بە گۆرانكاری هاوكێشەی 16 ی ئۆكتۆبەر نادات.