گەشتی گەڕان بە دوای مێردێك لەوڵاتی چین

sharpress.net

885 جار خوێندراوه‌ته‌وه

27/01/2019‌

شارپرێس: لوقمان حاجى قادر
سه‌ده‌ها ملیۆن چینى خه‌ریكى خۆئاماده‌كردنن بۆ وه‌رگرتنى مۆڵه‌ت له‌ كاردا، به‌ مه‌به‌ستى بینینى خێزانه‌كانیان له‌سه‌رى ساڵى قه‌مه‌رى تازه‌دا، هه‌ندێك له‌ فه‌رمانبه‌ره‌ به‌ به‌خته‌كانیش هه‌شت ڕۆژ پشووى سه‌ربارى دیكه‌یان پێده‌بڕێت، ئه‌گه‌ر ئه‌و مه‌رجانه‌یان تێدابن: مێ بێت، شووى نه‌كردبێت، له‌ ته‌مه‌نى سێ ساڵیدا بێت.

ئامانج له‌و پشووه‌ سه‌رباره‌ دۆزینه‌وه‌ى هاوسه‌رى ژیانه‌.

ڕۆژنامه‌ى ساوس تشیانا مۆنگ بۆست-ی چینی ئاشكرایكردووه‌، كه‌ دوو كۆمپانیا له‌ شارى هانگجو له‌ ڕۆژهه‌ڵاتى چین پشوویه‌كى هه‌شت ڕۆژى سه‌ربار ده‌به‌خشنه‌ ئه‌و فه‌رمانبه‌رانه‌یان كه‌ خاوه‌ن ڕۆڵى سه‌ره‌كى نین له‌ كاره‌كانیان (واته‌ كارى ئاسایى ده‌كه‌ن) وه‌ك پشوویه‌كى سه‌رى ساڵى تازه‌ى قه‌مه‌رى.

له‌مه‌شیاندا ئه‌و دوو كۆمپانیایه‌ لاسایى قوتابخانه‌یه‌كى شاره‌كه‌ى كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ مۆڵه‌تێكى به‌ مامۆستاكانى داوه‌ به‌ ناوه‌ى "مۆڵه‌تى خۆشه‌ویستى" یه‌وه.‌

پاشماوه‌ى ژنه‌كان

ئه‌م چه‌مكه‌ له‌ زمانى چینیدا، به‌ زۆرى بۆ گوزاره‌كردنه‌ له‌ دۆخێكى قێزه‌ون و بێزكردنه‌وه‌ و به‌ "پاشماوه‌ى ژنان" گوزاره‌ى لێ ده‌كرێت، ئه‌مه‌ش وه‌ك ئاماژه‌یه‌كه‌ بۆ ئه‌و ژنانه‌ى له‌ كۆتایى بیسته‌كانى ته‌مه‌نیاندان واته‌ نزیك ده‌بنه‌وه‌ له‌ سى ساڵى و هێشتاش بوخچه‌ى نه‌كراوه‌ن و شوویان نه‌كردووه‌.

ڕێژه‌ى ژنه‌ شوونه‌كردووه‌كان له‌و ته‌مه‌نه‌دا زیادیان كردووه‌، چونكه‌ زۆربه‌یان چاویان له‌سه‌ر كاره‌كانیان چڕكردووه‌ته‌وه‌ یان بڕیاریانداوه‌ به‌ زوگورتییه‌تى بمێننه‌وه‌، به‌ڵام فشار له‌سه‌ر ئه‌و ژنانه‌ هه‌یه‌ كه‌ شوو بكه‌ن، چونكه‌ حكومه‌تى چین هه‌ست به‌ دڵه‌ڕاوكێ و نائارامى ده‌كات به‌ هۆى به‌ته‌منداچوونى دانیشتوانه‌كه‌ى و كه‌مى ده‌ستى كاره‌وه‌.

لیتا هۆنگ فینشه‌ر، ژنه‌ نووسه‌رى په‌رتووكى   Leftover women (پاشماوه‌ى ژنان) باوه‌ڕیوایه‌ ئه‌و هه‌نگاوه‌ "ته‌نها هه‌ڵمه‌تێكى ڕیكلامێكى ڕێكخراوه‌ له‌ لایه‌ن حكومه‌تى چینه‌وه ‌بۆ بێڕێزیكردن به‌و ژنانه‌ى له‌ كۆتایه‌ بیسته‌كانى ته‌مه‌نیاندان".

له‌ لێدوانێكى بۆ بى بى سى لیتا وتی، "هه‌موو ئه‌و هه‌وڵانه‌ به‌شێكن له‌ كۆششى حكومه‌ت بۆ پاڵنانى ژنه‌ خوێنده‌واره‌كان به‌ره‌و شووكردن و منداڵ بوون".

كه‌مبوونه‌وه‌ى ڕێژه‌ى له‌ دایكبوون

ئه‌و ڕێژه‌یه‌ له‌ چیندا به‌ره‌و نزمى چووه،‌ سه‌ربارى ئه‌وه‌ى له‌ ساڵى 2015 وه‌ سیاسه‌تى "خستنه‌وه‌ى یه‌ك منداڵ" وه‌ستێنراوه‌، ئه‌مه‌ سه‌ربارى ئه‌وه‌ى تێكراى ڕێژه‌ى هاوسه‌رگیریش له‌ ساڵى 2013 - وه‌ كه‌مى كردووه‌".

له‌ ساڵى 2018 ڕێژه‌ى له‌ دایكبوون 15 ملیۆن منداڵى زیندوو بووه‌، به‌ به‌راورد به‌ ڕێژه‌ى پێشووش‌، ڕێژه‌كه‌ى بۆ زیاتر له‌ 2 ملیۆن منداڵى زیندوو دابه‌زیووه.

‌ئه‌و نوسه‌ره‌ ژنه‌ ده‌ڵێت، "وڵاتى چین به‌ ده‌ست ناهاوسه‌نگییه‌كى مه‌ترسیدارى نێوان دوو ڕه‌گه‌زه‌كه‌وه‌ ده‌ناڵێنێت، ئه‌مه‌ش به‌ هۆى ئه‌و سیاسه‌ته‌وه‌ بووه‌ كه‌ هانى خێزانه‌كانى ده‌دا نێرینه‌یان  ببێت و مێینه‌كانیش فه‌رامۆش بكه‌ن".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، "له‌ ڕاستیدا، كه‌موكورتى هه‌یه‌ له‌ ژماره‌ى‌ ژنان له‌ چیندا، به‌ گوێره‌ى وته‌ی حكومه‌تیش، ژماره‌ى پیاوان له‌ چین 30 ملیۆن زیاتره‌ وه‌ك له‌ ژماره‌ى ژنان". 

ئه‌كادیمیایى چین بۆ زانسته‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، له‌وانه‌یه‌ له‌ 50 ساڵى ئاینده‌دا، ژماره‌ى دانیشتوان له‌ 1 ملیار و 400 ملیۆنه‌وه‌ به‌ره‌و 1 ملیارد و 200 ملیۆن هه‌نگاو بنێت.

دۆزینه‌وه‌ى نیوه‌كه‌ى تر

هێشتا ڕوون نییه‌ ئه‌و ئۆفه‌ره‌ چۆناوچۆن سوودبه‌خش ده‌بێت بۆ ژنان، چۆناوچۆنیش ده‌بێت بۆ پرسى منداڵ خستنه‌وه‌.

هوانگ لى، به‌ڕێوه‌به‌رى ده‌رامه‌ته‌ مرۆییه‌كان بۆ پێگه‌ى ئه‌له‌كترۆنى زیگیانگ وتوویه‌تى، كه‌ "هه‌ندێك له‌ فه‌رمانبه‌ره‌ ژنانه‌كان له‌ جیهانى ده‌ره‌وه‌وه‌ دابڕاون. بۆیه‌ هیوامان وایه‌وه‌ به‌ به‌خشینى كات و مۆڵه‌تى زیاتر، هه‌لى ئه‌وه‌یان هه‌بێت زیاتر تێكه‌ڵى پیاوان بن و بیانناسن".

ئه‌وه‌شى ڕوون كرده‌ووه‌ كه‌ كاردانه‌وه‌ى ئه‌و ژنه‌ فه‌رمانبه‌رانه‌ ئه‌رێنى بووه‌.

هۆنگ فینشه‌رى نووسه‌ر-یش‌ پێى وایه‌ ئه‌و پێشده‌ستییه‌ "زۆر كاریگه‌رى نابێت"و ده‌ڵێت، "ئه‌وه‌ یه‌كێكه‌ له‌ زۆرێك له‌و ئه‌زموون و سیاسه‌تانه‌ى كاریان له‌سه‌ر ده‌كرێت".

وتیشى، "زۆرێك له‌و ژنانه‌ به‌ په‌له‌ نین‌ بۆ مێردكردن و منداڵ خستنه‌وه‌".






ads

زۆرترین خوێندراوە

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
ads
ads

ads
ads
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 Shar Press. all rights reserved