ئەگەری گۆڕانی هاوكێشەكان
كاردانەوەكانی بەغداو هەولێرو ئەنقەرە لەسەر رووداوەكانی شیلادزێ‌

عیراق

29/01/2019‌ 3926 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
وەرگێڕان: حلمی رەسول رەزا
بەقسەی مەولود چاوشئۆغڵۆی وەزیری دەرەوەی توركیا، دەست بەگرتنەبەری چەند هەنگاوێك دەكات، ئەوەش دژی گەریلاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان پەكەكەو ئاشكراشیكرد، ئەوە بەهەماهەنگی لەگەڵ هەردوو حكومەتی عێراق‌و هەرێمی كوردستان ئەنجامدەدەن.

بەپێی راپۆرتێكی رۆژنامەی شەرقلئەوسەت، لەپاش ئەو رووداوانەی بنكەی شیلادزێی لەپارێزگای دهۆك لەسەرەتای ئەم هەفتە، كە وەزارەتی دەرەوەی عێراق لەبەرانبەر رووداوەكە رایگەیاند، بالوێزی توركیا بانگهێشت دەكات بۆ پێگەیاندنی ناڕەزایەتی، هەروەها حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیایدا لیكۆڵێنەوە لەو بارەوە بكات، ئەگەری رووداوی نوێ‌ لەبارەی ئەو پرسەوە دەكرێت.

هەر بەپێی راپۆرتەكە، ئەگەری روودانە نوێیەكە، لەكاردانەوەكانی بەغداوە سەرچاوە دەگرێت، كە نیگەران‌و ناڕازییە بەرووداوەكەی شیلادزێ‌ لەو بارەشەوە كاردانەوەی نواندووەو ئەگەر هەیە كاردانەوەكانیش زیاتر بن.

هەر بەقسەی چاوشئۆغلۆ، كە لەلێدوانەكانی لەبارەی رووداوەكە رۆژی یەك شەممە راشیگەیاند، لە نزیكەوە بەدواداچوون بۆ لێكۆڵینەوەیەكی گشتی دەكەین دەربارەی ئەوانەی لەپشت ئەو "ئیستفزاز"ەوە بوون و هەنگاویش دەگێرێتە بەر بە هەماهەنگی لەگەڵ حكومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان. 

ناوبراو لەدرێژەی قسەكانیدا ئاماژەی بەوە كرد، توركیا زۆر باش دەزانێت پارتی كرێكارانی كوردستان كار لەسەر "ئیستفزاز" كردن و هاندانی خەڵكی مەدەنی دەكات دژی ئەو هێزە توركییانەی لە خاكی عێراقدا بوونیان هەیە، ئەوەشی ئاشكرا كرد فڕۆكە جەنگییەكانیان چەندین هێرشی ئاسمانییان كردووەتە سەر پارتی كرێكاران پاش ئەوەی هاماهەنگییان لەگەڵ دەزگای هەواڵگری كردووە، ئەوەش وەك وەڵامێك بۆ ئەو دەستدرێژییەی سەر بنكە سەربازییەكە. 

وەزیری دەرەوەی توركیا، دەربارەی پەیوەندییە تەلەفۆنیەكەی لەگەڵ سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان نێچیرڤان بارزانی، باسی ئەوەی كرد، بارزانی پەیمانیداوە ئەم رووداوە دووبارە نابێتەوەو لیكۆێنەوە لەو بارەیەوە دەكرێت بۆ دەستگیركردنی ئەوانەی لەپشت رووداوەكە بوون.

هاوكات نێچیرڤان بارزانی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا، رۆژی دوو شەممە رایگەیاند "جێگای قبوڵ كردن نییە خاكی هەرێم بەكاربهێنرێت بۆ هێرشە كردنە سەر وڵاتانی دراوسێ". 

ئەو جەختی لەوەش كردەوە سیاسەتی هەرێمی كوردستان لەسەر ئاشتی‌و تەوافق بنیادنراوە لەگەڵ وڵاتانی دەوربەر، "جێگای قبوڵكردن نییە خاكمان بەكاربهێنرێت بۆ هێرش كردنە سەر وڵاتانی دەروبەرمان، ئێمە لەگەڵ خۆپیشاندانی هێمنانەین بۆ هاووڵاتیانی هەرێم، بەڵام ئەگەر بگۆردرێت بۆ ئاژاوە نانەوە ئەوا بەهیچ شێوەیەك قبوڵی ناكەین، ئەوەی لە شیلادزێ روویدا نمونەیەكە لەو شێوەیە".

هەروەها ئاماژەی بەوە كرد لیژنەیەكی تایبەت پێك هێنراوە بۆ بەدواداچون و زانینی چۆنییەتی رووداوەكەو ناسینی ئەوانەی لەپشتییەوە بوون.

هاوكات وەزارەتی دەرەوەی توركیا لەو بارەیەوە رایگەیاند، بنكەیەكی سەربازییان رووبەرووی دەستدرێژی كردنە سەر بووەتەوە بە هاندانی پارتی كرێكاران و لە ئەنجامدا بنكەكە چەند زیانێكی بەركەوتووە و هێزە چەكدارەكان رێكاری پێویستیان لەو بارەیەوە گرتووەتە بەر.

وەك وەڵامێك-یش بۆ رووداوەكە، سەرۆكی دائیرەی پەیوەندییەكان لەسەرۆكایەتی توركیا، فەخرەدین ئاڵتون وتی: ئەوانەی دەستدرێژییان كردە سەر بنكە سەربازیەكە لە نێو مەدەنییەكاندا بوون و مەبەستیان ئەوە بوو پەیوەندی نێوان سوپای توركیا و خەڵكی ئەو ناوچەیە تێك بدەن".

وەزارەتی بەرگری عێراقیش رایگەیاند "ژمارەیەك لە خۆپیشاندەرە كوردەكان لە پارێزگای دهۆكی نزیك بنكەیەكی هێزە توركییەكان نارەزایەتیان دەربڕی بەهۆی كوشتنی 4 هاووڵاتی لە رۆژێك پێش رووداوەكە لە ئەنجامی هێرشی ئاسمانی توركیاوە و پاش ئەوەی لەلایەن هێزە توركییەكانەوە تەقە لەخۆپیشاندەران كرا، رێرەوی خۆپیشاندانەكەش گۆرا و بووە هۆی كوژرانی كەسێك و برینداربوونی ژمارەیەكی تر، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی خەڵكەكە بچنە نێو بنكە سەربازییەكەوەو ئاگر لە ژمارەیەك كەلوپەلی سەربازی بەربدەن. 

پاش ئەوەی هێزەكانی ئاسایش دەستێوەردانی كرد توانرا دۆخەكە كۆنترۆڵ بكرێت و پەیوەندییەكان لەگەڵ حكومەتی توركیا و هەرێم بەردەوامە.

وەزارەتی دەرەوەی عێراق لەمانگی كانونی یەكەمی رابردوو بانگهێشتی بالوێزی توركیای كرد وەك نارەزایەتییەك دەربارەی هێرشە ئاسمانییە دوبارەكانی توركیا دژی پارتی كرێكارانی كوردستان لەناو خاكی عێراقداو ئیدانەی هێرشەكانی كردو بەپێشلێكردنی سەروەریی عێراقی دایە قەلەم.

توركیاش ئەوە دووپات دەكاتەوە مافی ئەوەی هەیە بنكەكانی پارتی كرێكاران بكاتە ئامانج ، كە لە ساڵی 1984 ەوە دژی حكومەتی توركیا دەجەنگن، شایانی باسە توركیا و هاوپەیمانەكانی لە رۆژئاوا پارتی كرێكارانی كوردستان بە رێكخراوێكی تیرۆریستی دەناسن.