تەندروستی سلێمانی ڕوونكردنەوە لەسەر جۆرە گوێزێك دەدات

کوردستان

29/01/2019‌ 1718 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سەرۆكی لیژنەی تەندروستی و خۆراكی بەڕێوبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی لەبارەیی بوونی جۆرەگوێزێكی وڵاتی ئۆكرانی لەناو بازاڕەكانی كوردستاندا، كە مەترسی نەخۆشیی شێرپەنجەی لێكرابوو، ڕوونكردنەوەیدا.

ماوەیەكە لەتۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دەنگۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی شێرپەنجە بەهۆی گوێزی هاوردە كراوی ئۆكڕانی، كە هۆكاری ئەو تەقینەوەی وێستگەیەكی ئەتۆمی لەم وڵاتە لە ساڵی1986دەزانن، بڵاوبووەوە، كە گوایە سەرجەم زەوی و زار و باخ و باخدارییەكانی ئەم وڵاتەی خستبێتە ژێر كاریگەرییەوە و مەترسی نەخۆشیی شێرپەنجەی لێدەكرێت.

لەشكر حەمید، سەرۆكی لیژنەی تەندروستی و خۆراكی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی لەو بارەیەوە بەشارپرێسی ڕاگەیاند: بەپێی سیستمی ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی، هەر بەرهەم‌و خۆراكێك قەدەغە كرابێت، ڕێگری لە هاوردەكردنی ئاوا بەرهەمێكیش بۆ نێو هەرێمی كوردستانیش دەكرێت، ئەوەشی تا ئێست بەرچاوە، بوونی جۆرە گوێزێكی ئاوا، كە مەترسیی نەخۆشیی لەسەربێت و هاوردەی كوردستان كرابێت، پڕۆپاگەندەی تۆڕەكۆمەڵایەتییەكان زیاتر هیچیتر نییە.

ئەو بەرپرسەی تەندروستی هەروەها ڕایگەیاند، ئەوەی لەو بارەیەوە دەبیسترێت پڕۆپاگەندەیەوە و ئێمەكۆنتڕۆڵی سەرجەم دەروازە سنوورییەكان لەڕووی بەرهەمە هاوردەكراوەكان و پشكنینیانەوە دەكەین.

لەشكر حەمید، سەرۆكی لیژنەی تەندروستی و خۆراكی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی، داوای لەهاووڵاتیانیش كرد، پڕوپاگەندەی تۆڕەكۆمەڵایەتی و ڕاگەیاندنەكان تا كاتی پشتڕاستكردنەوەی لیژنەكانی تەندروستی لەسەر بەرهەمێك بڕوا پێ نەكەن و ئاماژەی بەوشدا، لەكاتی بوونی حاڵەتێكی ئاوا، كە بەرهەمێك مەترسی لێبكرێت، ڕوونكردنەوەی تەواوەتی و پشكێنراو لەبەكارهێنان و بەكارنەهێنانی بەهاوڵاتیانمان دەدەین تا دڵنیایی زیاتر لە خۆڕاكە بەكارهێنراوەكانیان بەدەستیان بگات.