پلانی سەربازی یەپەگە بۆ شكستپێهێنانی هێرشی سوپای توركیا

کوردستان

30/01/2019‌ 4306 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
وەرگێڕان: یاسین نادر
هەفتەنامەی كووریە ئینتەرنەشناڵ لەژمارەی ئەم هەفتەیەی خۆیدا، راپۆرتێكی لەبارەی كێشمەكێشی نێوان كوردانی سوریا لەگەڵ دەوڵەتی توركیادا بڵاوكردووەتەوە، كە تێدا هاتووە،  كوردانی سوریا بەڕوونی ڕایانگەیاندووە لەگەڵ ئەمریكا بێت، یان بەبێ ئەمریكا، ئەوان پارێزگاری لەناوچەكانی خۆیان دەكەن‌و رووبەڕووی سوپای توركیا دەبنەوە.

بەپێی راپۆرتەكە كوردانی رۆژئاوای كوردستان‌و یەكینەكانی پاراستنی گەل یەپەگە بۆ ئەگەری هێرشی سوپای توركیا سێ‌ بژاردەیان لەبەردەستدایەو دەتوانن لەو رێگەیەوە شكست بەهێرشەكانی سوپای توركیا بهێنێت.

راپۆرتەكە بژاردەكانی بەشێوەیەك خستووەتەڕوو، كە ئەگەر ئەمریكییەكان مانەوە لەسوریادا هەڵبژێرن، كوردەكانیش لە ژێر پشتیوانی ئەو وڵاتە دەتوانن پارێزگاری لەناوچە دەسەڵاتەكانی خۆیان بكەن‌و توركیا لەو دۆخەدا ناتوانێت هێرش بكات.

بژاردەی دووەمیش ئەوەیە، كە ئەگەر دەرچوونی هێزەكانی ئەمریكا لەسوریا جێبەجێببێت، چونكە تائێستاش قسەی جۆروجۆر لەبارەوە دەكرێت، لەم دۆخەدا، لەگەڵ بوونی كێشەو ناكوكییەكان، كە لەنێوان كوردەكان و ڕژێمی بەشار ئەسەددا هەیە، كوردەكان مەجبوورن لە حكومەتی دیمەشق نزیكترببنەوە. 

لەم ئەگەرەشدا، توركیا، كە ئەمریكییەكان لەبەرچاویان دەرچوون، لەبەرانبەر خۆیاندا هاوپەیمانیییەك لە گەڵ هێزەكانی دیمەشق و كوردەكانی سوریا دەبینن و ئەمەش بیرەوەرییەكی جوان لەزەینی توركەكان زیندووناكاتەوە، لەساڵانی دەیەی هەشتا و نەوەدەكانیشدا، دیمەشق بەكوردەكانی پارتی كرێكارانی كوردستان پەكەكەی پاراست.

هەرچی بژاردەی سێیەمە، كوردەكان بتوانن لەگەڵ هێزێكی سەربازی عەرەبیدا رێكبكەون، دەتوانن رێگری لەسوپای توركیاو هێرشەكانیان بكەن، كە مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكاش لەسەردانی خۆی بۆ ئیماراتی یەكگرتووی عەرەبی وتی، بەپشتیوانی وڵاتانی عەرەبی كەنداو، لەگەڵ هێزە دەرەكییەكان هاوپەیمانی دروستبكەن.

ئەم سیناریۆیە ئەگەرچی ئەگەرێكی كەمێك لاوازە، بەڵام لە ڕابردوودا ئەزموون كراوەو لەم دۆخەشدا، توركیا پاش ئەمریكا لەبەرانبەر سعودییە و ئیماراتییەكاندا دەبێت‌و ئەوانیش ئێستا دژی هاوپەیمانی توركیا و قەتەرن.

لەبەرئەوە هەرسێ بژاردەكە، بۆ حكومەتی توركیا بژاردەی باش نین، ئەگەریش بڕیاربێت توركیا یەكێك لەم بژاردانە هەڵبژێرێت، دەبێت بژاردەی بەردەوامی‌و بوونی ئەمریكا لە سوریا هەڵبژێرێت، كە كەمترین زیانی بۆ توركیاش هەیە.