وه‌زاره‌تی دارایی: مۆڵەتی كردنەوەی بانكێكی حكومیی نێودەوڵەتی لە هەرێم وەرگیراوە

sharpress.net

1075 جار خوێندراوه‌ته‌وه

30/01/2019‌

شارپرێس:
وەزیری دارایی و ئابوریی حكومەتی هەرێم رایگه‌یاند، لە هەوڵی بەئەلیكترۆنیكردنی بانكەكاندان و 15 بانك كراونەتە ئەلیكترۆنی، ده‌شڵێت، "مۆڵەتی كردنەوەی بانكێكی حكومیی نێودەوڵەتیش وەرگیراوە".

ڕێباز حەملان، وه‌زیری دارایی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ له‌گه‌ڵ شاندێكی باڵای بانكی نێودەوڵەتی بە سەرۆكایەتیی میرزا حەسەن، ڕاگری ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی جێبەجێكارانی بانكی نێودەوڵەتی كۆبوه‌وه‌.

به‌پێی راگه‌یه‌ندراوی كۆبونه‌وه‌، حه‌ملان باسی لە جیاوازیی ساڵی 2014 بۆ ئێستا كردووه‌ و رایگه‌یاندوه‌، "توانیمان بەشێكی زۆری كێشەكان چارەسەر بكەین و سەركەوین بەسەر شەڕی تیرۆرستیی داعشدا و بە خۆڕاگریی مووچەخۆران سەركەوتین بەسەر دابەزینی نرخی نەوت و بڕینی مووچەی فەرمانبەران لە لایەن بەغدا و ئێستاش مووچە 30 ڕۆژ جارێك دابەش دەكرێت."

ڕێباز حەملان ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو،  "لە داهاتی فرۆشتنی نەوت بەشی زۆری قەرزی بانكە ئەهلییەكان دراوەتەوە و یاسای وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان ئاسانكاری پێویستی بۆ وەبەرهێنەران كردووە، پڕۆژەكان دەستیان پێ كردووەتەوە و بەشێك لە قەرزی وەبەرهێنان دراوەتەوە و چەندان كۆنگرەی تایبەت بە ئابووری و وەبەرهێنان لە كوردستان ئەنجام دراون."

له‌باره‌ی پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا، وەزیری دارایی و ئابووری ئاماژەی بە لیژنە هاوبەشەكانی نێوان هەردوولا كرد کە تایبەتن بە یەكخستنی پێناسەی گومرکی و پەیوەندییەكانی نێوانیان و هەوڵی باشتركردنی ئەو پەیوەندییانە دەدرێت.


ه.م







ads
ads
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 Shar Press. all rights reserved