سەردانە بێ‌ پێشینەكان..
چی لەپشت هاتنی بەرپرسانی جیهانەوە بۆ عێراق هەیە

عیراق

31/01/2019‌ 7204 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر
لەم ماوەیەی دوایدا، شەپۆلێك سەردانی بەرپرسە دیارەكان، كە پێشتر هاتنیان نەبووە، ڕوویان لە عێراق كرد، هەموویان بەڵێنی ئەوەیاندا پشتیوانی بەغدا بن و هاوكاری زیاتری پێشكەش بكەن لەبوارەكانی شەڕكردن دژ بە داعش‌و دووبارە ئاوەدانكردنەوەی ناوچە ئازادكراوەكانی ژێر دەستی داعش.

كۆمەڵەی تەنگژە نێو دەوڵەتییەكان لە لێكۆڵینەوەیەكدا ئاماژەی بەوە كردووە لەئەگەری هەڵكشانی بارگرژی نێوان واشنتۆن‌و تاران، لەوانەیە عێراق هەرە بارە گرانەكەی بكەوێتە ئەستۆ، كە سەردانەكان پەیوەندی بەوەوە هەیە.

سەردانی بێ‌ پێشینە
دوای ئەوەی دۆناڵد ترامپی سەرۆكی ئەمریكا بەسەردانە نهێنییەكەی بۆ بەسەركردنەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق جیهانی شۆك كرد، فلیپی شەشەمی شای ئیسپانیاش ، رۆژی چوارشەممە ، لە ماوەی چوار دەیە و لەیەكەم سەردانی پاشایەكی ئیسپانیا بۆ بەغدا، سەردانی عێراقی كردو هێزەكانی ئیسپانیای بەسەركردنەوە، سەرسامی خۆشی بەرامبەر خۆڕاگری‌و قوربانیدانی عێراقییەكان دژ بە تیرۆر دەربڕی، ئەوەشی دووپات كردەوە، كە وڵاتەكەی بە پەرۆشە بۆ پتەوكردنی پەیوەندییەكانی دۆستایەتی  و فراوانكردنی ئاسۆی هاریكارییەكی بونیادنەرانەو ئامادەباشی تەواویشی دەربڕی لە پشكداریكردن لە بنیاتنانەوەی عێراقدا.

هەروەها وەزیری دەرەوەی ئەمریكا مایك پۆمپیو، گەشتەكەی بۆ وڵاتانی عەرەبی هەمواركردەەو بڕیاریدا سەردانی عێراق بكات، سەرباری ئەوەی ئەو سەردانە لەخشتەی كارەكانی وەزیری ناوبراودا نەبوو.

لە لایەكی دیكەوە، جان ئیف لۆدریان ی وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا لە میانەی سەردانەكەیدا بۆ بەغدا ، ئەوەی ئاشكرا كرد، كە ئیمانوێل ماكرۆنی سەرۆكی فەڕەنسا،  نیازی سەردانكردنی عێراقی هەیە، ئارەزوومەندی پاریسیشی نیشاندا بۆ فراوانكردنی پەیوەندییەكانی لەگەڵ بەغدادا.

وەزیرە فەڕەنسییەكە وتیشی ، عێراق بووەتە یاریزانێكی سەرەكی لە سەقامگیری و ئەو سیاسەتانەی پەیڕەوویان دەكات بۆ خۆبەدوورگرتن لە ململانێكان و پاراستنی سەروەری خۆیی و بڕیارە نیشتمانییەكانی.

لە كاتێكی پێشووی ئەم مانگەی ئێستادا، شا عەبدوڵڵای پادشای ئوردون سەردانی بەغدای پایتەختی عێراقی كرد بۆ تاوتوێكردنی پەیوەندییە هاوبەشەكانی نێوان هەردوو وڵات.

عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراقیش ئێوارەی 3 شەممە وتی: بەغدا لەگەڵ عەمان ڕێككەوتوون لە بەرانبەر هاوردەكردنی كاڵاو كەلوپەل بۆ عێراق لە ئوردونەوە ، بەغدا نرخی ئەو بارە نەوتییانە كەم بكاتەوە‌ كە ڕەوانەی عەممان - یان‌ دەكات.

ئێرانیش لای خۆیەوە بە پەلە محەمەد جەواد زەریفی‌ وەزیری دەرەوەی نارد بۆ عێراق، ڕاشیگەیاند كە وڵاتەكەی ئامادەیی ئەوەی تێدایە لە بواری ووزەی ئەتۆمی و بە لەبەر چاوگرتنی ‌چوارچێوەی پێودانگە نێودەوڵەتییەكان ، هاریكاری عێراق بكات.

لە یەكەم سەردانی بەرپرسێكی كەنداو بۆ عێراق و لە دوای بوونە سەرۆك وەزیرانی عەبدولمەهدییەوە، محەمەد بن عەبدولڕەحمان سەردانی بەغدای كرد بۆ تاوتێكردنی برەودان بە پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو ووڵات، پشتیوانی دەوحە- شی بۆ عێراقی تازە دووپات كردەووە.


لای خۆشییەوە بەرهەم صاڵح  - ی سەرۆك كۆماری عێراق سەردانی دەوحەی كرد، جابر حەرەمی میدیاكاری قەتەری – یش لە تویتیكیدا لەسەر واڵه فەرمییە‌كەی خۆی لە تویتەر نووسیوویەتی كە" ئەو سەردانە ڕەنگڕێژی هێڵێكی كەشتیڕانی تازە دەكات لە نێوان بەندەری حەمەد لە قەتەر و بەندەری ئوم قەسەر له بەسڕە، ئەمەش پشكداری دەكات لە گواستنەوەی كاڵاو كەلوپەلەكان بە خاكی عێراقدا لە هەریەك لە ووڵاتانی ئودرن و كوێت و توركیا و ئێرانەوە بۆ قەتەر".

كێبڕكێی قۆزتنەوەی هەلەكانی وەبەرهێنان لە عێراقدا
لە ژێر ڕۆشنایی ئەو سەردانانەدا، ساڵح هاشمی شارەزای بواری ئابووری بۆ "سپوتنیك" وتی: ڕووتێكردنێكی هەرێمی بە ئاراستەی عێراق لە ئارادایە، لە سەردانە جۆراوجۆرەكانیشدا بەرجەستە بووە ، وەك سەردانی شای ئوردون و شاندەكەی، سەردانی وەزیری دەرەوەی ئێران بە یاوەری نوێنەری 50 كۆمپانیایی ئێرانی، هەموویان وا تەماشای عێراق دەكەن كە ئابوورییەكی تازە پێگرتووە كە هەلی وەبەرهێنانی زۆر گەورە لەخۆ دەگرێت، بۆیە هەموو لایەك هەوڵی قۆستنەوەی ئەو هەلانە دەدەن، كۆماری ئیسلامی ئێرانیش لەو دەوڵەتە گرنگانەیە  كە پەیوەندی سیاسی و ئابووری گەورە بە عێراقییەوە دەبەستێتەوه".

هاشمی ئەوەشی وت ، لە سایەی ئەو سزایانەی بەسەر تاراندا سەپاون، ئەو دەوڵەتە لە هەوڵی كردنەوەی بازاڕی گەوره ‌دایە لە عێراقدا، پلانیشی هەیە قەباری ئاڵوگۆڕی بازرگانییەكەی لەگەڵ بەغدادا لە 8 ملیار دۆلاری ساڵانەوە بگەیەنێتە 20 ملیار دۆلاری ساڵانە، تاكە بەربەستی ئەو ئاڵوگۆڕە بازرگانیەش سزا سەپێنراوە ئەمریكییەكانی سەر تارانن، عێراقیش لە هەوڵی ئەوەدایە لەو سزا ئابووریانەی سەر تاران‌ بەدەر بكرێت ، چونكە عێراق بازاڕێكی گەورەی كاڵا ئێرانییەكانە. هەر یەك لە ئێران و توركیا لە كێبڕكێیەكی گەورەدان بۆ هاتنەناوەوەی زیاتری بازاڕەكانی عێراق، تارانیش لە هەوڵی ئەوەدایە دەستبەسەر بازاڕەكانی عێراقدا بگرێت. هاشمی پێی وایە ئێران ڕێگەی بۆ ئەو نیازەی خۆشكردووە، چونكە عێراق بازاڕێكی گەورەیە بۆ ئێران و دەرامەتێكی گرنگیش بۆ داهاتی نەتەوەیی ئێران دابین دەكات، ئەمەش ئەجێندای كارەكانی وەزیری دەرەوەی ئێرانی ڕەنگڕێژ كردبوو".

سەرچاوە: سپۆتینگ

بەپەلە