گفتوگۆكان ناچێنە پێشەوە
چی دەستی پارتی‌و یەكێتی بۆ نەگەیشتنە رێككەوتن بەستووە؟

کوردستان

31/01/2019‌ 4550 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
راپۆرتی: سیڤان ئازاد
زیاتر لە 120 رۆژە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كراوە، بەڵام پارتی دیموكرات‌و یەكێتی نیشتمانی وەك دوو هێزی سەرەكی هیچ هەنگاوێكیان نەناوە بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێ‌.

لەئێستادا گفتوگۆكانی پارتی ‌و یەكێتی بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت لەبری ئەوەی بچێتە پێشەوە، چەند هەنگاوێك گەڕاوەتەوە دواوە، كە دانیشتنەكان لەجیاتی ئەوەی بیانگەیەنێت بەرێكەوتن "قسەی توند" بەرانبەر یەكتر دەكەن.

هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە 30 ئەیلوولی رابردوو بەرێوەچوو، كە پارتی بە 45 كورسی براوەی یەكەم بوو، یەكێتی نیشتمانی بە 21 كورسی‌و بزووتنەوەی گۆڕانیش بە 12 كورسی دووەم‌و سێیەمی هەڵبژاردن بوون.

تائێستا چەند گەڕێكی گفتوگۆ لەنێوان پارتی‌و یەكێتی‌و گۆڕان بۆ پێكهێنانی حكومەت ئەنجامداوە، كە تا ئێستا وادەردەكەوێت ئەو سێ هێزە بن كابینەی نۆ-ی حكومەتی هەرێم پێكدەهێنن، بەڵام لەگەڵ بەردەوامی كۆبوونەوەكان گفتوگۆكانیان وەك كورد دەڵێت: "نە ئەمسەری دیارە، نەئەوسەر".

بەگوێرەی زانیارییەكانی شارپرێس، كە لەزیاتر لەچەند سەرچاوەیەكی ئاگاداری ناو گفتوگۆكان دەستیكەوتووە، لە كۆبوونەوەكانی نێوان پارتی‌و یەكێتی بە پێچەوانەی دانیشتنەكانی دیكەیانەوە، قسەی توند دەكرێت و وەڵامی توندی یەكتر دەدەنەوە، ئەوەش وایكردووە كۆبوونەوەكان بەبێ‌ ئاكام كۆتاییان پێ بێتت بەتایبەت دوای ئەوەی یەكێتی رایگەیاندووە، كە "شەراكەتی راستەقینەی دەوێت و پاكێجی كەركوك و بەغدادی خستووەتە بەردەم لەپارتی".

سەعدی ئەحمەد پیرە وتەبێژی یەكێتی نیشتمانی لەو بارەوە بۆ شارپرێس دەڵێت: كۆبوونەوەكان باش چوونەتە پێشەوە، بەڵام "كۆبوونەوەی كۆتایی بەهۆی چەند كێشەیەكەوە دواكەوتووە، كۆبوونەوەی تریش بەردەوام دەبن".

لەبارەی ئەوەی یەكێتی داوای "شەراكەتی راستەقینە" دەكات، مەبەستی لەو داواكارییەی چییە؟ سەعدی پیرە دەڵێت: "شەراكەتی حەقیقی مەبدەئێكە لەمەبادیئی ئێمە، كە دەبێت پارتی‌و یەكێتی لەبوارەكانی ئابووری‌و بازرگانی‌و وزە، هەروەها هاوسەنگی هێزی پێشمەرگەو ئاسایش‌و پۆلیس‌و بوارەكانی ئاسایش‌و ئەمنی ناوخۆیی شەریكی راستەقینە بین".

وتیشی: لەبواری پەیوەندییە دبلۆماسییەكانیش دەبێت پشكمان هەبێت‌و رۆڵمان هەبێت لەجووڵاندنی ئەو پرسەدا، دەبێت كێشەكانی تریش، بەتایبەتی كێشەی ناوچەناكۆكەكان‌و كێشەكانی هەولێرو بەغدا، یەك تێڕوانینمان هەبێت‌و چارەسەری بكەین"، هەروەها جەختیكردەوە، كە دەبێت یەكێتی بەشداربێت لەبڕیاردان‌و لەبارەی ئەوەی تائێستا شەریكی راستەقینە نەبوون، چونكە كابینەی رابردوو كۆمەڵێك شت روویدا، ئێمە نامانەوێت لەم كابینەیە دووبارە بێتەوە.

ئەم ڕۆژانەی، كە تێیدا لایەنەكان بۆ پێكهێنانی كابینەی نۆ كۆدەبنەوە، زۆر لەو ڕۆژانە دەچێت تێیدا گفتوگۆ لەسەر پێكهێنانی كابینەی هەشت دەكرا، ئەوكاتەش هاوشێوەی ئێستا هیچ لایەنێك ئامادەنەبوو بچوكترین سازش لەسەر داواكانی خۆی بكات.

ئەو سەرچاوانەی قسەیان بۆ شارپرێس كردووە دەڵێن: "هەرچەندە پارتی بەژمارەی كورسی دوو بەرانبەرە لەگەڵ یەكێتی، بەڵام پێدەچێت پارتی لەچاو جاران لاوازتر بێت، ئەوەش بەهۆی هەندێك هەڵەی چۆنییەتی بەرێوەبردنی دانوستاندنەكانەوە".

یەكێك لەو هەڵانەی، كە شاندی دانوستانكاری ئەمجارەی پارتی تێكەوتووە، ئاشكراكردنی كاندیدی خۆی بۆ سەرۆكایەتیەكانی هەرێم‌و حكومەتە لەیەككاتدا، بەتایبەتیش ئەو حیزبە، كە دەیەوێت تەریب بە پێكهێنانی كابینەی حكومەت، ئایندەی كەوتنەوە كاری پۆستی سەرۆكی هەرێم یەكلابكاتەوە، بەڵام یەكێتی لەوەدا زیرەكانە یارییەكانی خۆی بەرانبەر بەپارتی دەكات‌و هەردوو پۆستەكە وەك كارتی فشار دژ بەپارتی بەكاردەهێنێت.

لەدواین كۆبوونەوەی نێوان پارتی‌و یەكێتی، پارتی پرسیاری ئەوەی لەشاندەكەی یەكێتی كردووە، "ئێوە، كە دەڵێن شەراكەتی ڕاستەقینە مەبەستان چییە، لەبەرانبەردا شاندەكەی یەكێتی چوار خاڵی خستووەتە بەردەم شاندەكەی پارتی و رایانگەیاندووە، ئێمە وەك یەكێتی داوا دەكەین، پرسی نەوت و داهاتی وڵات پێكەوە بریار لەخەرجكردن‌و بەكارهێنانی بدرێت، حساب بۆ رێژەی ژمارەی دانیشتوان بكرێت، پێكەوە پەیوەندییە دبلۆماتیەكانی هەرێم لەدەرەوە بەڕێوەببەین‌و راگرتنی هاوسەنگی لەهێزی پێشمەرگەو ئاسایشی هەرێم‌و كەركوك و هەولێرو بەغداد بكرێنە پاكێجێك و چارەسەری گرفتەكان پێكەوە بكرێت".

فەرید ئەسەسەرد، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی لەبارەی بەرنامەی یەكێتی بۆ گفتوگۆ لەگەڵ پارتی دەڵێت: "ئێمە وەك سەركردایەتی یەكێتی بەرنامەی خۆمان بۆ بەشداری لەحكومەت ئامادەكردووەو دەمانەوێت لەسەر ئەو بەرنامەیە گفتوگۆ لەگەڵ پارتی بكەین".

فەرید ئەسەسەرد دەشڵێت: "ئەگەر لەسەر بەرنامەكان گەیشتین بەرێككەوتن، ئەوە بەشداری لەحكومەتی داهاتوو دەكەین، ئەگەیش نەگەین بەرێككەوتن، ئەوە بەشداری ناكەین‌و لەدەرەوەی كابینەكە دەمێنینەوە".

هەروەها دەڵێت: ئەگەر ئێمە بەشداری نەكەین، ئەوە یەكێتی دەبێت بەهێزێكی ئۆپۆزسیۆن، بەڵام ئەوكات بابەتەكە تەنیا بەئۆپۆزسیۆنبوونی یەكێتی ناوەستێتەوەو شتی تر دێتە پێشەوە، كە سەرنجی ئێستای ئێمە بەشداریكردنە لەكابینەی نوێی حكومەتی هەرێم.

زانیارییەكان باش لەوەش دەكەن، كە لەدواین كۆبوونەوەكانیاندا، شاندی یەكێتی ئەوەیان بەدیكردووە پارتی ئامادەیە بۆ ڕێككەوتن، بەڵام یەكێتی گومانی هەیە لەوەی ئەو لاسەنگییەی لەبەڕێوەبردنی هەرێمدا ساڵانێكی زۆرە دروستبووە، هەروا ئاسان چارەسەر بكرێت، بۆیە گەیشتنە رێككەوتنی ئەو دوو حیزبە قورس بووە لەبارەی پێكهێنانی حكومەت.

چەند رۆژێكە لەمیدیاكانی پارتییەوە هەڵمەتێكی ڕاگەیاندن دژ بەشاندی دانوستانكاری یەكێتی‌و ئەندامەكانی ئەو حیزبە بەڕێوەدەچێت، ئەوەش وایكرد یەكێتی بڕیاری دواخستنی كۆتا كۆبوونەوەی لەرۆژی سێ‌ شەممە بدات.

لەو بارەوە سەعدی پیرە بۆ شارپرێس وتی: كە لێدوانی چەند بەرپرسێكی پارتی ئەوانی نیگەران كردووە، بۆیە ویستوویانە لەرێگەی دواخستنی كۆبوونەوەكە پەیامی نیگەرانی بگەیەنن بەو لایەنە.

پێشتر فازڵ میرانی، سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی لەمیانی چاوپێكەوتنێكدا وتی: "یەكێتی كێشەی پۆستیان نییە، بەڵكو كێشەی كاك قوبادیان هەیە، جێگری سەرۆكوەزیران دەبێت بدرێتە كاك قوباد و بۆ (غەیری) ئەو رازی نابین".

ئەوەی بۆ ئێستا بووەتە كێشە فراوانیی ئەو میدیایانەی پارتییە، كە دژ بە یەكێتی هەڵمەتی ڕاگەیاندن ئەنجامدەدەن، كە میدیاكان خاوەندارێتییەكەیان بۆ نێچیرڤان بارزانی، مەسرور بارزانی كاندیدانی پۆستی سەرۆكی هەرێم‌و سەرۆكی حكومەت دەگەڕێتەوە.

هەندێك لەڕۆژنامەنووسەكانی پارتی-ش دوای چاوپێكەوتنەكەی فازڵ میرانی‌و كاردانەوەی قوباد تاڵەبانی، بوونەتە لایەنێكی ئەو شەڕی ڕاگەیاندنە، بۆ نموونە ڕێبوار كەریم وەلی، ڕۆژنامەنووسی ئەو حیزبە لەپۆستێكدا لەتۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسووك دەڵێت: "پێم سەیرە قوباد تاڵەبانی بەو لێدوانەی فازڵ میرانی وا سەغڵەت بووە، ئێ خۆ باوكی كاك قوباد ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی بووە.. ئەویش ھەر دەبێت تۆزێك چووبێتەوە سەر باوكی".