ئێران ئاگری ناكۆكی لەنێوان ترامپ‌و دەزگا هەواڵگرییەكەی هەڵدەگیرسینێت

جیهان

31/01/2019‌ 1523 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
وەرگێران: ئاكۆ عەبدوڵڵا
ئەگەر دۆناڵد ترامپی سەرۆكی ئەمریكا گومانی لەراستی راپۆرت‌و هەڵوێستەكانی دەزگای هەواڵگری وڵاتەكەی هەبێت‌و بەسادە و ساویلكەیی تۆمەتباریان بكات‌و داوایان لێبكات، بگەڕێنەوە بۆ سەر كورسی خوێندن، ئەوە واتای ئەوەیە لە لوتكەی پەشۆكان و شڵەژانی دەروونییە.

دۆناڵد ترامپ ، لەناو ئیدارەكەیدا جگە لەجۆن بۆڵتۆنی راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی و جارید كوشنەری زاوای، هیچ هاوڕییەكی تری  نەماوە .

ئەو هێرشە سەختەی ئیدارەی ترامپ بۆ سەر دەزگای هەواڵگری وڵاتەكەی دوای ئەوە دێت، چونكە دەزگاكە راپۆرتێكی دەركردووە ، هەموو هەڵوێستەكانی ، سیاسەتەكانی ترامپی دەربارەی كۆمەڵێك بابەت لەڕەگەوە هەڵوەشاندووەتەوە.

دەزگاكە ئەوەی رەتكردووەتەوە، كە دەوڵەتی ئیسلامی ( داعش) بەتەواوی بەزیبێت ، بەڵكو پییوایە تائیستاش ئەو رێكخراوە هەڕەشەیە لەسەر ئەمن‌و ئاسایشی وڵاتە یەكگرتووەكان‌و هاوپەیمانەكانی ، بەهۆی بوونی ١٢ هەزار چەكدار لەریزەكانیدا و بوونی ١٢ لقی رێكخراوەكە لەسەرانسەری جیهان .

جینا هاسبل ، بەرێوەبەری ئاژانسی هەواڵگری ئەمەریكی (سی ئای ئەی) پێیوایە، كە پرۆسەی تیرۆركردنی رۆژنامەنووسی دیاری سعوودی جمال خاشقچی ، پرۆسەیەكی بەرنامە بۆ داڕێژراو بووە و محەمەد بن سەلمان ، شازادەی جێنشینی سعوودی لەپشتییەوەیە ، ئەمە لەكاتیكدا سەرۆكی ئەمەریكا بەتوندی دژی ئەوە دەوەستیتەوە.

هەروەها دەزگاكە پێیوایە سەرۆكی ئەمەریكا لەوەدا هەڵەیە ، ئەگەر پێیوابێت دەتوانێت قەناعەت بە سەرۆكی كۆریای باكوور بكات دەستبەرداری بەرنامە ناوەكییەكەی ببێت ، بەڵكو پێیان وایە، كە سەرۆكی كۆریا ترامپ هەڵدەخەڵەتێنێت .


دەزگاكە پێشوایە، ئێران تا ئیستاش پابەندە بە مەرجەكانی ریكەوتننامەی ناوەكی ساڵی ٢٠١٥ ، سەرەرای كشانەوەی ئەمەریكا لەرێكەوتنەكە ، پێشیان وایە لەئیستادا ئێران هیچ نییەتێكی نییە بۆ درووستكردنی چەكی ناوەكی .

دەزگای هەواڵگیری ئەمریكا، دڵنیایی  ئەوەی داوە، كە هەواڵگری رووسی دەستوەردانی كردووە لە هەڵبژاردنە سەرۆكایەتییەكەی ئەمەریكا لەبەرژەوەندی ترامپ، لەهەڵبژاردنی ساڵی ٢٠٢٠ یش بەهەمان شێوە دەستوەردان دەكات بۆ یاریكردن بە ئەنجامەكان.

نازانرێت، كە ئەم ململانێ و ناكۆكییەی نێوان ترامپ و دەزگای هەواڵگری وڵاتەكەی، كە لە ١٧ دەزگای جیاجیا پێكهاتووە ، بەكوێ دەگات ، بەڵام بەدڵنیایی لەكۆتاییدا بەدۆران و پاشەكشەی سەرۆك كۆتایی دێت، رەنگە ببێتە هۆی دەرچوونیشی لەكۆشكی سپی.

دەزگا هەواڵگرییەكانی ئەمەریكا لەوە دەترسن، سەرۆكی وڵاتەكەیان بەپاساوی پیشێلكردنی  رێكەوتننامە ناوەكییەكە لەلایەن ئێرانەوە ،  بكاتە بیانوو بۆ هێرشكردنە سەر ئێران و گۆڕینی رژیمەكەی و  وازهێنان لەشەڕی تیرۆر بەتایبەت شەڕی دەوڵەتی ئیسلامی ، كە هەواڵگری ئەو وڵاتە بە توندی دژ بە هەنگاوەیەو ترسی ئەوەشی هەیە، كە ئەو بڕیارە كتوپڕەی سەرۆكی ئەمەریكا بۆ كێشانەوەی هێزەكانی وڵاتەكەی لە سوریا هەر بۆ ئەو ئامانجە بێت .

سەرۆكی ئەمەریكا بەهۆی پەشۆكاوییەوە، وەكو پڵنگی بریندار پەلاماری راست و جەپ دەدات و بەرەی تازەی ململانی دەكاتەوە وەكو ڤەنزوێلا، بێ ئەوەی ئاوڕ لە دۆسییە كۆنەكانی وەك عێراق و ئەفغانستان و سوریا بداتەوە و یەكلایان بكاتەوە.

هەڵویستی دەزگا هەواڵگرییەكانی ئەمەریكای دژ بە سیاسەتەكانی سەرۆكی وڵات ، بەتایبەت بەرانبەر بە ئێران ، دەبێت زەنگی ئاگاداركردەوە بیت بۆ ولاتانی عەرەبی بەگشتیی و وڵاتانی كەنداو بەتایبەت ، كە گشت هێلكەكانیان نەخەنە یەك سەبەتەوە، ئەوەی كە دەبێت بگەڕیتەوە بۆ سەر كورسی خویندن تاوەكو ئەلف وبێی سیاسەت فێر ببێت ، ئەوە دەزگا هەواڵگرییەكانی ئەمەریكا نین ، بەڵكو ئەوە سەرۆكە دەبێت ئەوە بكات ، بەلام رەنگە ئەوەندە كاتی لە كۆشكی سپی نەمابێت تاوەكو ئەو كارە بكات.

سەرچاوە: رۆژنامەی"رأی الیوم"