ئەنقەرە بەزەوییەكی خلیسكاودا ڕێدەكات
روسیاو توركیا لەسەر ناوچەكانی باكووری سوریا دەچنە كێبڕكێوە

کوردستان

31/01/2019‌ 2642 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر
توركیا و ڕوسیا، لە هەموو لایەنە دەرەكییەكانی دیكە زیاتر كاریگەر‌یان بەسەر قەیرانی سوریاوە هەیە، كە هەردوولایان لەكێبڕكێدان بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەكانیان لەباكووری ئەو وڵاتە.

مۆسكۆ لە هەوڵی گێرانەوەی باڵادەستی ڕژێمی سوریایە بەسەر باكووری ڕۆژهەڵاتی فوڕات، توركیاش ئارەزووی لەنێوبردنی بوونی هێزەكانی پاراستنی گەل یەپەگەیە لەو ناوچانە، كە ئەو دوو وڵاتە لەو ناوچانە دەمێك یار و دەمێكیش نەیارن، لەو خاڵەشدا بەرژەوەندییەكانیان یەكتر دەبڕن، ئەنقەرە نایەوێت لەناوچە داگیركراوەكانی باكووری ڕۆژهەڵاتی سوریا بچێتە ‌دەرەوە، ڕوسیاش سەرباری هاریكاری لەگەڵ ئەنقەرە، قبوڵی نییە ڕژێمەكەی سوریا بوكەڵە بێت‌و لە نێوان ئەو دوو گەمەكەرە سەرەكیەشدا، پێدراوو ڕووداوەكان لە تەنگژەی سوریادا ئاڵۆزتر و ئاڵۆتر دەبن، ئەگەریش هەیە لێكەوتەكانی مەترسیداربن بۆ سەر ناوچەكە.

ڕوون و ئاشكرایە لەدوای بڕیاری كێشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە باكووری سوریا، ئامانجی ڕوسیا بە پلەی یەكەم پاراستنی بەرژەوەندییەكانییەتی، بە پلەی دووەمیش دابینكردنی شوێنپێیەكە بۆ توركیا لەناوچەكە، بەمەرجێك ئەو شوێنپێیە زیان بە بەرژەوەندییەكانی نەگەیەنێت، توركیاش هەر وەك ئەرگۆن باباهان نووسەری توركی دەڵێت: نیازی چۆڵكردنی ئەو ناوچانەی نییە، كە داگیری كردوون، ئەمەش دۆخەكە‌ ئاڵوزتر دەكات و  مەترسیداریشە‌‌ بۆ سەر ناوچەكانی دیكەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، واتە توركیا بە‌سەر "زەوییەكی خلیسكاودا ڕێ دەكات".

ئەنقەرە و مۆسكۆ لە هەموو لایەنە دەرەكییەكان كاریگەرترن بۆسەردۆخی ئاڵۆزی سوریا و دۆخەكەش كاریگەر‌ی لەسەر ئەوان هەیە. ئەمەش بەڕوونی لە باكوری سوریا دەردەكەوێت، ئاگرێك لە بن خۆلەمێشەكەی ئەو دوولایەنە خۆی مەڵاسداوە، چونكە هەردوولا چاویان بڕیوەتە ئەو ناوچەیە، كە تا ئێستا بە پشتیوانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، لەژێر دەستی هێزەكانی سوریای دیموكرات بووە.

ئەرگۆن باباهان لەشڕۆڤەی دۆخەكەدا بۆ‌ پێگەی ئەلەكترۆنی ئەحوال توركیا دەڵێت: "توركەكان بەوە ناسراون ئەو شوێنانە چۆڵ ناكەن، كە دەستی بەسەردا دەگرن، ئەوەی دیار و بەرچاویشە، كە توركیا لەوانەیە بەشێك لە خاكی سوریا بخاتە ژێر ڕكێفی خۆیەوە، بەمەش ئەو خەونی بەڵگەنامەی نیشتمانی دێنێتەدی، كە ئەتاتورك نەیتوانی بیهێنێتەدی.

باباهان دەپرسێت: ئایا بەشار ئەسەد لەدوای لە دەستدانی جۆلان ئامادەیە باكووری سوریاش لە دەست بدات؟ ئایا ڕوسیا بۆ ماوەیەكی دوورمەودا متمانە بە توركیا دەكات؟  ئایا سوریا لەوبارەوە هەلی ئەوەی هەیە دژ بە ڕوسیا بووەستێت؟ چونكە سوریا هێشتا "ئەنتاكیا"ی بیرنەچووەتەوە ، خەون و خەیاڵیشە دیمەشق دەستبەرداری باكووری سوریا بێت، بە تایبەتیش، كە ئەو ناوچەیە شادەماری ئابووری توركیایە و كۆگای داكردنی سوتەمەنییەكەیەتی.

باباهان پێیوایە، گۆڕینی هەڵوێستی ڕوسیا لە بەرژەوەندی توركیا تەنیا تاكتیك و نواندنی نەرمونیانییەكی كاتییە، روسیا بەكەمتر لە یەكپارچەیەی خاكی سوریا ڕازی نابێت، هەڵوێستیشی لەو بارەوە سەرتوێی و تاكتیكی نییە".

باباهان دەڵێت "ڕوسیا هەرگیز بێ ڕەزامەندی سوریا، باس لە كاروباری ئەو ووڵاتە ناكات، ڕژێمەكەی ناكاتە بوكەڵە و گەرەكیەتی تۆكمە و پتەو و بەهێز بێت، بەڵام مۆسكۆ باڵادەستە و دیمەشقیش لە تەنگەتاویدایە، بۆیە پۆتین دەڵێت و بەشار جێبەجێی دەكات".

"داشكاندنی ڕوسیا بۆ توركیا لە پێناو چەسپاندنی یەكیەتی خاكی سوریایە، سەرباری هەموو هاوبەشبەندییە ستراتیژییەكانی نێوانیشیان، كەچی پەیوەندی نێوانیان سەقامگیر نییە، پۆتن باش دەزانی، هەر كات ئەردۆگان تاكە هەلێكی بۆ بڕەخسێت، خۆی داوێتەوە  باوەشی واشنتۆنەوە. ڕوسیا دەشزانی واشنتۆن بە كێشانەوەی هێزەكانی، پاراستنی ناوچەكە دەداتە دەست توركیا. ئەمەش‌ پێچەوانەی پلانەكانی ڕوسیایە. بۆیە مۆسكۆ لە بەرامبەر نیاز و پلانەكانی توركیا ڕۆڵی تەماشاكەر ناگێڕێت و بێ دەنگ نابێت"، ئەو شرۆڤەكارە وا دەڵێت:

هەروەها ئارۆن شتاین شڕۆڤەكار و بەڕێوەبەری پرۆگرامی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە پەیمانگای توێژینەوەی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا ، ئاماژە بە بوونی مەترسییەكی گەورەی نێوان ئەنقەرە و مۆسكۆ دەكات. لە شڕۆڤەكارییەكیدا بۆ گۆڤاری "فۆڕەین ئەفێرز" دەڵێت "توركیا كە نیگەرانە لە بوونی هێزە كوردییەكان لەسەر سنوورەكانی، ئامانجییەتی بەهەر نرخێك بێت، قەڵەمڕەووی خۆی لە باكوری سوریا فراوانتر بكات، لەو لاشەوە ڕوسیا لە هەوڵی قۆزتنەوەی لاوازی كوردەكاندایە بەوەی ئەنقەر هەڕەشەی دەست تێوەردانی سەربازی لێ كردوون، بەمەش مۆسكۆ گەرەكیەتی بەشاری هاوپەیمانی بەهێز بكات". 

كشانەوەی ئەمریكاش لە بەرژەوەندی ڕوسیادایە، تا ئێستاش مۆسكۆ نیاز و پلانەكانی لەوبارەوە بە پەنهانی هێشتۆتەوە. 

بە گوێرەی لێدوانەكانی مۆسكۆ سەبارەت بەو پرسە و ڕەفتارەكانی ڕابردووشی لە ناوچەكەدا، گریمانەی ئەوە هەیە ، ڕوسیا هەر‌ یەك لە كوردەكان و توركیا لێك دوور بخاتەوە، ئەمەش لە پێناو گێرانەوەی دەسەڵاتی ئەسەدی هاوپەیمانی بۆ زاڵبوون بەسەر سەرجەم خاكی سوریادا.

تا ئێستا توركیا دوو هێرشی ستراتیژی ئەنجام داون، یەكەمیان لە ساڵی 2016 دژ بە جەنگاوەرانی داعش لە باكوری حەلەب، دووەمیشیان لە یەنایەری ساڵی پار بۆ سەر شاری عەفرین. 

لە هەردوو هەردوو هێرشەكەدا، ئامانجی توركیا فشارخستنەسەر كوردەكان بوو، یەكەم بۆ ڕێگری لە یەكینەكانی پاراستنی گەل لە جێگیربوون لە ڕۆژئاوای منبج ، دووەمیش بۆ وەدەرنانیان لە عەفرین. لە هەردوو ناوچەكەشدا توركیا باڵادەستی سەربازی و سیاسی خۆی سەپاند.

لە بەرانبەریشدا مۆسكۆ دەیەوێت كوردەكان بچنە ژێرباری بەشار ئەسەدەوە. كردە سەربازییەكانی توركیا ئەو هەلەی بۆ مۆسكۆ ڕەخساند. لە دەستپێكی هێرشەكانی توركیا بۆسەر عەفرین، ڕوسیا پێشنیاری ئەوەی بۆ كوردەكان كردبوو كە ئەگەر بەهاتنە ژێر باری ئەسەد ڕازی بن ، هێرشەكانی توركیا دەوەستێنێت.

یەكینەكانی پاراستنی گەل ئەو داوایەی مۆسكۆیان ڕەتكردەووە، پێشیان وابوو روسیا ڕێگەی كارێكی لەو جۆرە بە توركیا نادات، لە ئاكامدا ڕوسیا كردە سەربازییەكەی توركیای نەوەستاند، عەفرینیش كەوتە دەست توركیا و هێزە پاشكۆكانییەوە.

لە كاتێكدا توركیا بەردەوانە لە فشارەكانی بۆسەر كوردەكانی ناوچەكانی دیكەی ڕۆژئاوای كوردستان، چاوەڕی ئەوە دەكرێت ڕوسیا هەمان پێشنیاری پێشوو بۆ كوردەكان دووبارە بكاتەوە بە هاتنە ژێر باری ڕژێمەكەی ئەسەد و لە بەرامبەریشدا لە هێرشی توركیا بیان پارێزێت.

ئێستا دیمەشق لەگەڵ یەكینەكانی پاراستنی گەل لە گفتوگۆدایە.  ئاشتۆن لە چەند سەرچاوەیەكی نهێنییەوە ئەوەی زانیووە كە هەردوولا هێشتا لەسەر قەبارەی ئەو هەژموونە ناكۆكن كە دەبێت كوردەكان بۆ سوریای داشكێنن.

ڕوسیا بە دابینكردنی بوارێكی جوڵەكردن بۆ توركیا، ئەنقەرەی لە ڕێڕەووی ستراتیژیەتی ئەمریكا دوورخستۆتەوە ، بەڵام هێشتا مۆسكۆ زاڵە بەسەر هێڵی گشتی و خاڵە تەوەرییەكانی دۆخەكەدا. باباهان پێی وایە ڕوسیا لەم قۆناغەدا میتۆدە تاكتیكییەكەی خۆی پەرە پێ دەدات.

لەولاشەوە، ئەمریكا هێشتا خاوەن هەژموون و كاریگەر‌ییەكی گەورەیە‌ لە ناوچەكە، سەرباری ئەوەی ستراتیژییەكەی ڕوون نییە، بەڵام هێشتا هێزەكان لە ناو دڵی ڕووداوەكاندان. ئیدارەی ئاسایشی نەتەوەیی لە واشنتۆن هەوڵیاندا بەربەست بخەنە بەردەم كشانەوەی هێزەكانیان لە سوریا، بە دوای ڕێگەچارەیەكیشدا دەگەڕان بۆ كشانەوەیەك كە زیان بە بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا نەگەیەنێت. بەڵام هێشتا ئەو هەوڵانە هەر كرچ و كاڵن، مادام توركیا دەتوانی ڕاستەوخۆ سەوداو مامەڵە لەگەڵ تڕەمپدا بكات.

لەو زنجیرە پەیوەندییە تەلەفۆنییانەی لەم چەند هەفتەیەی دوایدا ئەنجام دران، پێدەچێت ئامانج لە هەڕەشەكانی توركیا دژ بە كوردەكان، دەستەبەركردنی ناوچەیەكی ئارامی 20 كیلومەترییە لەسەر سنوری توركیا و سوریا، كە دەكرێت بەربەستێك بێت لەبەردەم هاتنە ناوەوەی شەپۆلی ئاوارەكان بۆ ناو خاكی توركیا. یارمەتیدەری توركیاش دەبێت بۆ گفتوگۆ و دانووستان لەگەڵ ئیدارەكەی تڕەمپدا كە داوای گەرەنتی پاراستنی كوردەكات دەكات لە دوای كشانەوەی هێزەكانیان لە باكوری رۆژهەڵاتی فوڕات. 

سەرچاوە: پێگەی ئەلەكترۆنی عەرەب