شارپرێس:
هاوڵاتیانی شەنگال
بەربەستی سەربازیی نێوان شەنگال و ڕۆژئاوای کوردستانیان شکاند و چوونە سنوری
ڕۆژئاواوە.
ئێوارەی ئەمڕۆ
هاوڵاتیانی شەنگال توانیان ئەر بەربەستە سەربازییە بشکێنن، کە لە ڕێڕەوی مرۆیی
نێوان شەنگال و ڕۆژئاوادا دروست کراوە و ڕێگەکەیان داخستبوو.
هاوڵاتیانی
شەنگال بۆ ناڕازایی دەربڕین دژی داخستنی ڕێڕەویی مرۆیی نێوان شەنگال و ڕۆژئاوا،
ئەمڕۆش بەرەو ڕێڕەوەکە ڕۆیشتن، بەڵام لەلایەن هێزە عێراقییەکانەوە سەرەتا لە نزیک
گوندی بارێ ڕێگریان لێ کرا، بەڵام خۆپیشاندەران گوێیان بە ڕێگرییەکان نەدا و توانیان
بەربەستە سەربازییەکە تێپەڕێنن و بگەنە ڕێڕەوەکە و چوونە سنوری ڕۆژئاواوە و
داوایان لە بەرپرسان کرد، کە ڕێڕەوەکە بە تەواویی بکەنەوە.
دواتر شاندێک
بە نوێنەرایەتی خەڵکەکە لەگەڵ بەرپرسانی سەر سنورەکە کۆبوونەوە و داواکارییەکانیان
ڕادەستی بەرپرسان کرد، بەرپرسانی سەر سنوریش ئاماژەیان بەوە کرد "داواکاریی
خەڵکەکە دەگەیەننە شوێنی پەیوەندیدار".
بەڵام چالاکی
هاوڵاتیان لەسەر سنور بەردەوامە و چالاکوانان لەسەر سنور چادریان هەڵداوە و دەڵێن
هەتا ڕێڕەوەکە بە تەواویی نەکرێتەوە، ئەوان لە چالاکیی بەردەوام دەبن.
ئەو ڕێڕەوە مرۆییەی کە لە کاتی جینۆسایدی ئێزدییەکانەوە لەلایەن
شەڕڤانانەوە لەنێوان شەنگال و ڕۆژئاوای کوردستانەوە کرابووەوە، لە ڕۆژی ١٥ی
کانوونی دووەمی ٢٠١٨ لەلایەن حکومەتی عێراقەوە داخرا، دوای ناڕەزایەتی دەربڕینی
خەڵک لەبەرامبەر داخستی ڕێڕەوەکە، جارێکی دیکە کرایەوە و کاربەدەستانی عێراق
بەڵێنیاندا، کە جارێکی دیکە داینەخەن، بەڵام دوای ماوەیەک بە تەواوەتی داخرا، بۆ
ئەوەی ڕێڕەوەکە بە فەرمی بکرێتەوە لە ٢٤ی ئەم مانگەوە خەڵکی شەنگال لەبەردەم
ڕێڕەوەکە چادریان هەڵدا.
سەرچاوە: ڕۆژنیوز
هـ ـ ر