كەناڵی حەدەس دزینی نەوتی عێراق‌و هەرێم لەتوركیا پشتراستدەكاتەوە (+ڤیدیۆ)

عیراق

01/02/2019‌ 5696 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
كەناڵی حەدەسی عەرەبی، ئەو گرتە ڤیدیۆیەی پشتراستكردەوە، كە ماوەیەكە لەتۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوبووەتەوەو تێدا دزینی نەوتی هەرێمی كوردستان‌و عێراق لەتوركیا دەردەكەوێت.

بەپێی كەناڵەكە كۆمەڵێك كەس، شەو و رۆژ كاردەكەن بۆ دزینی نەوتی ئەو بۆرییەی لەهەرێمی كوردستانەوە بۆ بەندەری جەیهاتی توركی بەناوی خاكی توركیا رۆیشتووە.

هەر بەپێی كەناڵەكە ئەو بۆرییە نەوتی ناوچەكانی هەرێمی كوردستان‌و كەركوك دەگوازێتەوە، كە هەناردەی نەوتی هەردوو حكومەتی هەولێرو بەغدایەو ئەوەش زیانێكی زۆر لەهەردوو حكومەتەكە دەدات.

كەناڵەكە باسی لەوەش كردووە، كە شوێن‌و كاتی تۆماركردنی ڤیدیۆكە نەزانراوە، كە كاردانەوەی لەشەقامی عێراقی دروست كردووە.

پێشتریش غالب محەمەد، ئەندامی لیژنەی وزەو سەرچاوە سروشتییەكان لەپەرلەمانی عێراق نووسراوێكی ئاراستەی وەزارەتی نەوت‌و ناوخۆی عێراق كردبوو، بۆ ئەوەی لێكۆڵینەوە لەدزینی نەوتەكە بكەن.

هـ ـ ح