وێنەی ئابڕوبەر... وردەكاری سیخوڕیكردن لەسەر میری قەتەرو چەند چالاكوانێك

جیهان

01/02/2019‌ 5531 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
وەرگێڕان: حلمی رەسول رەزا
گروپێك لەئەفسەرانی هەواڵگری پێشوی ئەمەریكا، ئەوانەی كاریان بۆ شانشینی ئیماراتی عەرەبی كردووە، چوونەتە ناو زانیاری ئامێرەكانی ئایفۆنی تایبەت بە چالاكوانان و دیبلۆماسییەكان و سەركردە نەیارەكانی وڵاتی قەتەر.

پێنج ئەفسەری پێشوو باسی بەڵگەنامەی بەرنامەی داڕێژراویان كردووەو ئاژانسی رۆیتەرز بەسەریكردوونەتەوە، بەوەی ئامێرێكیان بەكارهێناوە بەناوی (كارما)، كە ئامێرەكە رێگەی بە وڵاتێكی بچوكی كەنداو داوە چاودێری سەدان ئامانج بكات لەساڵی 2016 ەوە، لەوانە میری قەتەر‌و بەرپرسێكی پایەبڵندی توركیا و چالاكوانێكی ژنی یەمەنی لەبواری مافی مرۆڤ، كە خەڵاتی نۆبڵی بەدەستی هێناوە. 

بەپێی ئاژانیەكە، بەكارهێنانی (كارما) لەرێگەی یەكەیەكی پرۆسەی ئەلیكترۆنییەوە بووە لە ئەبو زەبی و دوو بەرپرسی ئەمنی ئیماراتی و ئەفسەرانی پێشوی هەواڵگری ئەمەریكا، ئەوانەی بەگرێبەست لە بەرژەوەندی هەواڵگری ئیماراتدا كاریان كردووە.

ئەو ئەفسەرانەی لەپرۆژەی ریفین كار دەكەن، لە بارەی كارماوە دەڵێن: ئامێرێكە دەتوانێت لە دورەوە بچێتە ناو ئامێری ئایفۆن تەنیا بەنووسینی ژمارەی تەلەفۆنەكان، یان ئەژماری نامەی ئەلیكترۆنی لەسەر سیستەمی بەئامانجگرتنی ئۆتۆٍماتیكی. بەڵام لەهەمان كاتدا ئەم ئامێرە سیخورییە سنوری خۆی هەیە، بەوەی لەسەر ئەو ئامێرانە كار ناكات كە سیستەمی ئەندرۆیدی لەسەرەو ناتوانێ رێگە لە بڕینی گفتوگۆی تەلەفۆنیی بگرێت.

سەرچاوەكان دەڵێن ئەوەی وا دەكات ئامێری كارما توانایەكی زۆر لە رادەبەدەری هەبێت، پێویستی بە فشارخستنە سەر ئامانج و بەستەرە نیە لە ناردنی بۆ ئامێری ئایفۆن، ئەمەش پێچەوانەی زۆربەی بەربەستەكانە.

بەكارهێنانی كارما لە نێوان ساڵانی 2016 و 2017 دا بەكارهێنرا بۆ بەدەستهێنانی وێنەو نامەی ئەلیكترۆنی و زانیاری دەربارەی شوێنی ئامێری ئایفۆنی بە ئامانجگیراو، سەرەرا ئەوەی ئەم تەكنەلۆجیایە وا دەكات ژمارەی نهێنی پارێزراویان دەست بكەوێ و لە پرۆسەی شكاندنی نهێنی تردا بەكاربهێنرێ.

ئەفسەرەكانی پێشووی پرۆژەی ریفین بەلگەنامەی بەرنامەرێژكراو دەڵێن: گروپی ریفین بەسەركەوتویی ئەژماری سەدان كەسایەتی سیاسی دیاریان لە رۆژهەڵاتی ناوەراست و چالاكوانیان لە ئەوروپا زانیوەو چونەتە ناویەوە.

بۆ نمونە لە ساڵی 2017، ئەفسەرەكان (كارما) یان بەكارهێناوە بۆ چونە ناوەوەی ئەو تەلەفۆنە ئایفۆنانەی هەریەك لە  میری قەتەر شێخ تەمیم بن حمد ئال پانی و محمد شیمشك جێگری پێشوی سەرۆك وەزیرانی توركیا و یوسف بن علوی بن عبدالله وەزیری كاروباری دەرەوەی سەلتەنەی عومان بەكاریان هێناوە. بەڵام ئەو زانیاریانەیان ئاشكرا نەكردوە كە لەو ئامێرانەوە دەستیان كەوتوە.

شیمشك، كە لەتەموزی رابردودا دەستی لەكاركێشایەوە بۆ رۆیتەرز گوتی – گوێگرتن و زانیاری بردن لە تەلەفۆنەكەی بابەتێكی زۆر بێزاركەرو ترسێنەرە تا رادەیەكی زۆر.

هەرهەمان گروپ چونەتە نێو تەلەفۆنی – توكل كرمان- چالاكوان لە بواری مافی مرۆڤ و ناسراو بە ژنە ئاسنینەكە لە یەمەن، پاش ئەوەی رۆیتەرز ئاگاداری كردۆتەوە لە چونە ناو تەلەفۆنەكەی، پێی وابوە ئەم كارە بەهۆی پشتگیری كردنی خۆپیشاندانەكانی بەهاری عەرەبیەوە بوە لە یەمەن لە ساڵی 2011.

سەرچاوەكانی ئاگادار لە پرۆژەی ریفین ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن (كارما) رێگەی بۆ ئەفسەرەكان خۆش كردوە زانیاری دەربارەی دەیان ئامانج كۆبكەنەوە، لە بەرهەڵستكارەكانی حكومەت و ركابەرەكان لە ناوچەكەدا لەوانە قەتەر و كۆمەڵەی ئیخوان موسلمین.

سەرەرای ئەوەی رێگەیان پێدراوە دەیان وێنەی ئامانجدارو شكێنەری كەسایەتی و سیكسی ئابروبەری لە هەندێ كاتدا بە دەست بهێنن، سەرچاوەكان بۆ رۆیتەرز گوتویانە ئەو شتانە بە وردی لای رۆیتەرز هەیە بەلام نەخراونەتە روو، و رۆیتەرزیش هیچ بەڵگەیەكی دەست نەكەوتوە بەوەی ئیمارات هیچ بابەتێكی زیان بەخشی بلاوكردبێتەوە لە میانی كارمادا.

هەرچی بالوێزخانەكانی قەتەرو سەلتەنەی عومان و توركیایە لە واشنتۆن وەلامی نامە ئەلیكترۆنی و پەیوەندیە تەلەفۆنیەكانیان نەداوەتەوە دەربارەی ئەو كەسانەی لە وڵاتەكانیاندا كراونەتە ئامانج.

پێشبینی ئەوە لە ئەمەریكیەكان دەكرێت پالپشتی پاراستنی بەرگری كارانی مافی مرۆڤیان كردبێت و سەرجەم هۆكارەكانی پاراستن و ئاسایشیان بۆ دابین كردبن... بۆ ئەوەی نەبنە ئامێرێك بەدەستی رژێمە سەركوتكارەكانەوە بۆ سیخوڕی كردن بەسەر چالاكوانان و سەركوتكردنی گەلەكانیانەوە.

سەرچاوە: Sputnik