ئابڕووچوونێكی نوێی ئەردۆغان.. فرتووفێڵی لە ئەنتەرپۆڵ كردووە

جیهان

02/02/2019‌ 6385 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
وەرگێڕان: لوقمان حاجی قادر
پێگەی "نوردیك مونیتور" چەند بەڵگەنامەیەكی دەستكەوتووە، كە بەڵگەنامەكان ئەوەیان ئاشكرا كردووە دەزگای هەواڵگیری توركیا زەرەرو زیانی‌ بە میكانیزمەكانی پۆلیسی تاوانكاری نێودەوڵەتی (ئەنتەرپۆڵ) گەیاندووە، بەوەی ئەو میكانیزمانەی قۆزتوونەوە بۆ چەوساندنەوەو تەنگەتاوكردن و تۆقاندنی ڕەخنەگرانی حكومەتی توركیاو بەرهەڵستكارانی ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆك كۆماری ئەو وڵاتە.

بەڵگەنامەكان، كە بە "نهێنی" وەسفكراون، ئەوەشیان ئاشكرا كردووە،‌ توركیا چەند تۆمەتێكی ناڕاستی لەبارەی چەند كەسێكەوە پێشكەشی پۆلیسی ئەنتەر‌پۆلی كردوون، ئەمەش بەمەبەستی ئاشكراكردنی شوێنی ئەو كەسانە، كە ڕەخنەیان لەسیاسەتەكانی ئەردۆغان گرتووە، لە ئاكامیشدا بەلایەنی كەمەوە ئەنقەرە زانیاری لەبارەی ئەو كەسانەوە لە 3 دەوڵەتی ئەوروپی (بەلجیكا، ئەڵمانیا، پۆڵەندا) دەستكەوتووە.

راپۆرتەكە ئاماژەی بەوەش كردووە، كە سەرباری ئەوەی ڕەخنەگران لەسیاسەتەكانی ئەردۆغان ڕادەست نەكراون و وەدەریش نەنراون، بەڵام ئەوەی ڕوویداوە "فرتووفێڵی ڕژێمی توركیا دەرهەق بە‌و ڕێكخراوە نێودەوڵەتییە ئاشكرا دەكات، كە بەو هۆیەوە شوێنی نیشتەجێبوونی بەرهەڵستكارەكانی زانیووە، پەیامێكیشی داوەتە جیهان، كە وریا و چاوەكراوەبن لە كاتی مامەڵەكردن لەگەڵ ئەو ڕژێمە ستەمكارەدا".

زانیارییەكان سەبارەت بە دوو كەسی دیار و بەرچاو بوون، یەكێكیان سەرمایەدار و ئەوی دیكەش ڕۆژنامەنووسێكی پایەبڵند، كە هەواڵگیری توركیا ڕێوشوێنە تایبەتەكانی سیستەمی دادوەری‌و تاوانكاری توركیایی تێپەراندوون، بەوەی پەیوەندییان بەئەنتەرپۆڵەوە كردووە، سەرباری ئەوەی ئەو پرسانە لەچوارچێوەی پسپۆڕی ئەو دەزگایانەدا نەبوون.

هەروەها ئەنتەرپۆڵ لەبەشی پۆلیسی تاوانكاری نێودەوڵەتی لە وەزارەتی ناوخۆی توركیاوە هۆشدارییەكی بەدەست گەیشتووە، كە دواتر بووەتە دەستكەلایەك بە دەست ئەردۆغانەوە بۆ هاڕینی بەرهەڵستكارانی، بەوەی تۆمەتی هەڵبەستراوی داونەپاڵ‌و دوای كردووە پاسپۆرتەكانیان بەتاڵ بكرێنەوە، یان  تاوانی پەیوەستن بە ساختەكردنی بەڵگەنامە دزراوەكانی گەشت و پاسپۆرتیان داونە پاڵ، كە بە گوێرەی یاساكانی ئەنتەرپۆڵ بە تاوان هەژمار دەكرێن، كارەكە گەیشتووەتە ئەوەی داواكارانی گشتی سەر بە ئەردۆغان پێڕاگەیانراوی (بلاغ)ی دیكەی پاشكۆیان ئاراستەی ئەو ڕێكخراوە نێودەوڵەتییە كردووە.

لە بەرانبەر ئەو پێشێلكارییانەی توركیادا، ئەنتەرپۆڵ قبوڵكردنی ئەو داواكارییانەی توركیای وەستاندووە، داواشی كردووە وردبینییەكی توند لەو داواكارییانە بكرێت، ئەمەش لەئاكامی ئەو سكاڵایانەی ئاراستەكراون بەوەی بە هۆی ئەو ڕێوشوێنانەی توركیاوە، دەستووری ئەنتەرپۆڵ  پێشێلكراوە، كە ڕێگە بە قۆزتنەوەی میكانیزمەكانی ئەو ڕێكخراوە نادات بە مەبەستی هێنانەدی دەستكەوتی سیاسی.

لە یەكێك لە بەڵگەنامەكاندا كە لەژێر ناونیشانی "نهێنی و ب پەلە" ئاراستەكراوە، ڕەئفەت ئوفق ئۆندور-ی سەرۆكی بەشی ئەنتەرپۆڵ و ئاژانسی پۆلیسی ئەوروپی (یۆرۆپۆڵ) لە پۆلیسی توركیا، لە 1 ی ئابی 2016 بە نووسینگەی داواكاری گشتی ئەستەمبوڵی ڕاگەیاندووە، ئەو سەرمایەدارەی ڕەخنەی لە ئەردۆغان گرتووە،‌ بە فڕۆكەیەك لە بەرواری 20 یۆلیۆی 2016 گەیشتووەتە "بیشكیك" لە قیرغیسستان، لەسەر داوكاری گشتیش پێویستە میكانیزمەكانی ئەنتەرپۆڵ دژ بەو پیاوە بگرێتەبەر بۆ دەستەبەری ڕادەستكردنی بەئەنقەرە، یان ڕاگواستنی لەو شوێنەی لێی نیشتەجێیە.

بەڵگەنامەی دووەم، كە لە 3 ی ئابی 2016 ئاراستە كراوە، ئەوە دەردەخات ئۆندو‌ر داواكارییەكی بۆ ئەنتەرپۆڵ بەرزكردووەتەوە بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێن و میكانیزمی پێویست دژ بەپیاوێكی دیكەی كار، كە پێگەكە ناوی نەهێناوە، لەمەشەوە پۆلیس لە 12 ی ئیپڕیڵی  2016  بەپاساوی خراپببون‌و ونبوون ، پاسپۆرتی ئەو پیاوە بەتاڵ كردووەتەوە، سەرباری ئەوەی ئەو پیاوە بە هیچ جۆرێك داوایەكی لەو جرەی پێشكەش نەكردووە.

ئەنتەرپۆڵ سەبارەت بەو كەسە، ‌گشتاندنێكی ئاراستەی یەكەكانی كرد لە هەریەك لەوڵاتانی ئەمریكا و ئەڵمانیا و پۆڵەندا سەبارەت بەگۆمانیان لە پاسپۆرتی ئەو پیاوە ، دەسەڵاتدارانی توركیا-شیان لەگرتنەبەری ئەو ڕێوشوێنانە ئاگادار كردەووە.

هەروەها دەسەڵاتدارانی پۆڵەندا بە نامەیەكی ئەلەكترۆنی وەڵامی داواكەی توركیا-یان دایەوە، كە كەسی ناوبراو لە فڕۆكەخانەی فردریك شۆپان دابەزیووە، دوای پشكنینی پاسپۆرتەكەی بۆیان دەركەوتووە، كە نە بەسەرچووە و نە ساختەشە، بۆیە ڕێگەی تەواوكردنی گەشتەكەیان پێداوە.
 
وارشۆ داواشی لە ئەنقەرە كردووە داوایەكی دیكە پێشكەش بكەن ئەگەر ویستیان سەبارەت بە پرسی سكاڵاكە و كەسەكه،‌ زانیاری زیاتر بزانن.

هاوكات بەڵگەنامەی سێیەم فرتووفێڵ‌و هەڵخەڵەتاندێكی توركیا سەبارەت بەڕۆژنامەنووسێكی بەرهەڵستكاری ئەردۆغان بووە، كە بەناچاری لە ساڵی 2016 ‌ توركیای بەجێهێشتووە، گوایە پۆلیسی توركیا پاسپۆرتەكەی بەتاڵ كراوەتەوە بەو پاساوەی پاسپۆرتەكەی لێیون بووە، یان لێی دزراوە هەر وەك لە بەڵگەنامەی دووەمدا هەمان شتیان كردبوو.

بەم شێوەیە، نووسراوێكیان ئاراستەی ئەنتەرپۆڵ كرد، دەسەڵاتدارانیش لەفڕۆكەخانەی بڕۆكسل ڕۆژنامەنووسەكەیان وەستاند، چونكە لە بنكەی داتاكانی ئەنتەرپۆڵدا هاتبوو، كە ناوبراو سكاڵای لەسەر تۆماركراوە. 

دەسەڵاتدارانی بەلجیكاش بە هاوتا توركیا-ییەكان  ڕاگەیاند، كە پاسپۆرتی كەسە‌كەیان بۆ دەنێرنەوە، بەڵام خودی كەسەكە لەسەر خاكی خۆیان دەهێڵنەوە، بەو پێیەی خاوەنی مافی نیشتەجێبوونە لەبەلجیكا.

سەرباری ئەوەی ئەردۆغان لە 9 ی یۆلیۆی ساڵی پار ڕایگەیاند، كە حكومەت كۆتوبەندە سەپێندراوەكانی سەر 181500 كەسی هەڵگری پاسپۆرتی توركی  هەڵدەگرێت،  لەوانەی لەژێر لێكۆڵینەوەدابوون، یان چوونەتە بەردەم دادگا بەو تۆمتەی بەرهەڵستكارن، یان پەیوەندییان بە ئۆپۆزسیۆنەوە هەبووە، كەچی ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەكان باس لەوە دەكەن‌ ئەردۆغان پابەندی ئەو بەڵێنەی نەبووە، ئەو زۆر لەوانەی ناچاركردن، كە ڕەخنەیان لە حكومەتەكەی دەگرت، گەشتەكانیان هەڵوەشێننەوە، دوای ئەوەی دەسەڵاتدارانی ئەنقەرە دەستی بەسەر پاسپۆرتەكانیاندا گرت.

بۆ سەلماندنی ئەو درۆییەی ئەردۆغان، ژمارەكانی وەزارەتی دادی توركیا، كە لە 6 ی یۆنیۆی ڕابردوو بڵاویكردوونەوە، ئاماژە بەوە دەدەن ڕێوشوینی یاسایی دژ بە 411195  كەس لەدەزگاكانی پۆلیس گیراوەتەبەر بەتۆمەتی ئەندام بوون لەڕێكخراوەكەی فەتحوڵا گوڵەن، كە ئەنقەرە بەپلانداڕێژەر‌ی پشت ڕووداوەكانی هەڵگەڕانەوە سەربازییە شكستخواردووەكەی ساڵی 2016 ی دەزانێت.

لەزۆربەی جارانیشدا حكومەتی توركیا پەنای بردووەتەبەر بەتاڵكردنەوەی پاسپۆرتی بەرهەڵستكارانی، بێ ئەوەی فرمانێكی دادگاییان لەبارەوە دەرچوو بێت، ئامارەكان ئاماژە بەوە دەدەن، كە 600 هەزار كەسی توركی پاسپۆرتەكانیان لەدەستداوە بەو تۆمەتەی كە سەر بە فەتحوڵڵا گوڵەنن.