لەنێوان دوو ئامۆزادا كامیان لەسەرووی كامیانەوە دەبن؟

کوردستان

02/02/2019‌ 4300 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
تا پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان نزیكتر بێتەوە، سنووری ململانێ‌و كێبەركێكانی نێوان مەسرور بارزانی‌و نێچیرڤان بارازنی تۆختر دەبێتەوە.

هەردوو نەوەی دووەمی بارزانی، كە كاندیدن بۆ باڵاترین پۆستە جێبەجێكارەكانی هەرێمی كوردستان (سەرۆكایەتی هەرێم‌و سەرۆكایەتی حكومەت)، ساڵانێكە لەژێر چەتر و هەیمەنەی مەسعود بارزانیدا (سەرۆكی پارتی دیموكرات) درێژە بە بەهێزكردنی پێگە و دەسەڵاتی خۆیان لەناو حیزب و حكومەتدا دەدەن، بەڵام ئێستا گۆڕەپانەكە یەكلاییبووەتەوە بۆ بەعەمەلیكردنی ململانێكانی هەردووكیان.

مەسرور بارزانی، كە كاندیدە بۆ سەرۆكی كابینەی نوێ، دەیویست ستافی حكومەتەكەی خۆی دەستنیشانی بكات، بەڵام بەهۆی ئەو رێككەوتن‌و پرۆتۆكۆلانەی پیشتر نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ كۆمپانیاكان ئەنجامی داوە لەرێگەی وەزیری سامانەسروشییەكان "ئاشتی هەورامی"، كە تارادەیەكی زۆر گرێبەستەكان لەتاریكیدا بوون، داوای كردووە هەر ئەو دابنیرتەوە بەبیانووی ئەوەی ئەو كەسێكی شارەزایە لەو بوارەدا. 

ئاشتی هەورامی بەرینمایی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی كابینەی هەشتەمی حكومەت‌و كاندید بۆ سەرۆكی نوێی هەرێم، رێگەی نەداوە، كەس بتوانێت دەستی بگات بەمەلەفی نەوت‌و غازی كوردستان، بۆیە وەزارەتی سامانەسروشتییەكان تاكە وەزارەتێكە، كە لەتاریكیدا هیڵرابیتەوەو بۆ ماوەیەكی زۆر لەشوقەیەك لەبەریتانیا وەزیرەكەی دەوامیكردووەو نەدەگەڕایەوە كوردستان.

نێچیرڤان بارزانی ئەگەر رێككەوتنی لەسەر بكرێت و پۆستی سەرۆكی هەرێم وەربگرێت دەبێت مەسرور بارزانی راسپێرێت بۆ پێكهێنانی كابینەكەی مەسرور بارزانی، كە ئەو ئەوەی پیناخۆشەو دەیەوێت لەرێگەی دەسەڵاتی دادوەرییەوە رابسپیریت، نەك نێچیرڤان بارزانی واتە ئەو دەستەیەی، كە شەرعیەتیان بەدریژكردنەوەی پپۆستی سەرۆكی هەرێم بۆ مەسعود بارزانی دەركرد.

دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم تائێستا دیارینەكراوە چۆن دابەش دەكرێت، كە نێچیرڤان بارزانی دەیەویت نیمچە سەرۆكایەتی بێت‌و بەشێك لەدەسەڵاتەكانی لەدەستدا بمینیتەوە مەسرور بارزانیش دەیەوێت پۆستی سەرۆكایەتی هەرێم زیاتر پۆستیكی تەشریفاتی بێت، كە ئەمە سەرچاوەی ململانێكانی ئێستایانە.

نێچیرڤان بارزانی، كە پۆستی سەرۆكی حكومەتی هەبوو دەسەڵاتی ئاسایش لای مەسرور بارزانی بوو، كە ئەوەش راستەوخۆ پەیوەست بوو بەسەرۆكی هەرێمەوە، بەڵام ئێستا، كە مەسرور بارزانی دەبێتە سەرۆكی حكومەت جارێكی تر دەیەوێت ئەو پۆستە بخرێتەوە ناو كابینەكەی‌و پەیوەست نەبیت بەسەرۆكی هەرێمەوە، ئەمەش نیگەرانی لای ئامۆزاكەی دروستكردووە.

نیگەرانی نێچیرڤان بارزانی ئەوەیە، كە مەسرور بارزانی پۆستی سەرۆكی حكومەت وەردەگرێت هەموو مەلەفی چەند ساڵەی نهینی حكومەتەكەی نێچیرڤان بارزانی دەكەوێتە دەست و دەتوانێت بۆ كیبڕكێی وەرگرتنی سەرۆكی پارتی بەكاری بهینێت لەداهاتوو، كە ئەوەش بۆ ئامۆزار ركابەرەكەی نەویستراوە.

پیشتر پێشنیاز كرابوو، كە نێچیرڤان بارزانی بۆ شەش مانگ حكومەتەكەی لابمینیتەوەو لەدوایدا رادەستی مەسرور بارزانی بكات، بەڵام نە نێچیرڤان ئەوەی پیخۆش بووە نە مەسرور بارزانیش بەوە رازی بووە، كابینەكە بەداخوازی نێچیرڤان بارزانی پێكبهێنرێت، بۆیە بەشێك لەدواكەوتنی دەستپیكردنی گفتوگۆی حكومەت پەیوەست بوو بەیەكلانەبووونەوەی پارتی بۆ ئەو پرسە.

كاتێك مەسعود بارزانی لە بەرچاوی ئەندامانی گۆنگرەی پارتی دەڵێت: "باوكم بەوە رازی نەبووە كەركوك لەدەست بدرێت منیش رازی نابم" و مەسرورو كوڕەكەشی بەوە رازی نابن ئەوە بەجۆریك لەجۆرەكان والێكدەدریتەوە، كە سیستەمی سەرۆكایەتی لەناو پارتی لەباوكەوە بۆ كوڕ دەبێت نەك بۆ ئامۆزاو برازا، ئەوەش لەبەرژەوەندی نێچیرڤان بارزانی نییەو لەئێستاوە ترسی لەدەستدانی دەسەڵاتەكانی هەیە.

نێچیرڤان بارزانی دەیەوێت پۆستی سەرۆكایەتی هەرێم بەشێوەیەكی باش چالاك بكاتەوەو هەر لەئێستاوە چاوی لەسەر ئەوەیە كاتێك ئەو پۆستە وەردەگرێت لە پاریزگاكان نووسینگەی تایبەت بەخۆی هەبێت‌و دەوامی بەردەوامی تێادا بكرێت، كە ئەو هەنگاوەی وا لێكدەدرێتەوە، نایەوێت تەنیا لەهەولێرو خۆی قەتیس بكات و هاوشێوەی مەسعود بارزانی تووشی دابڕان بێت بەپێچەوانەوە ئەو دەیەوێت ستافێكی گەورەی هەبێت‌و جیگرەكەشی خۆی دیاری بكات نەك بەسەریدا بسەپێنرێت ئەمەش والێكدەدریتەوە نێچیرڤان بارزانی‌و مەسرور بارزانی تووشی بەریەككەوتن دەبن لەئێشوكارەكانیان لەچوار ساڵی داهاتوو.

نێچیرڤان بارزانی بەپێی یاسا دەبێت چاودێری رەوشی حكومەت بكات‌و گوێ لەسكاڵاو سەرنجی هاووڵاتیان بگرێت، دەشیەوێت بەشیكی زۆری پەیوەندییە دبلۆماسیەكان لای ئەو بمینیتەوە، هاوكات پەیوەندیەكانی خۆی جارێكی تر رێكبخاتەوە بەتایبەت لەسەر ئاستی وڵاتانی هەرێمایەتی، بەڵام مەسرور بارزانی ئەوەی بەلاوە قورسەو وەك شەرێكی حكومەتەكەی سەیری دەكات و دەیەوێت خۆی ئەو كارانە بكات، كە پیشتر باوكی زەمینەی بۆ نیچرڤان بارزانی رەخساندبوو.

لەئێستادا بەشێك لەبەرنامەكانی تەلەفزیۆنی "رووداو"، كە سەر بەنێچیرڤان بارزانییە والێكدەدرێتەوە بەئاراستەیەكە ئاستەنگی بۆ گفتوگۆكانی رێككەوتن دروست دەكات، لەماوەی رابردوودا لەچەند بەرنامەیەك لەدژی سەركردەكانی یەكێتی چەند بەرنامەیەكیان كرد، هاوكات لە رۆژنامەی "رووداو" راپۆرت لەسەر سەرۆكی شاندی یەكێتی كراو ئەوەش بووە هۆی دواخستنی دانیشتنی یەكیتی‌و پارتی‌و لەسەر داوایی یەكێتی پارتی بەفەرمی پۆزشیان هێنایەوە ئەمە لەگەڵ ئەوەی فازڵ میرانی، كە بەكەسێكی نزیك و سەرسەختی داكۆكیكارانی نێچیرڤان بارزانی دەناسریت لەچاوپێكەوتنێكی بەشێوەیەك لەبارەی سەركردەكان‌و رەوشی یەكێتییەوە دوا، كە ئەویش نیگەرانی دروستكردو یەكێتی ناچار بەروونكردنەوە دان كرد.

ئەم رووداوانە هەمووی ئاماژەن بۆ دەستپێكردنی ململانێیەكی توند لەنێوان دوو ئامۆزاكە، بەتایبەتی رەنگە لەمەولا، ئەو هەژموونەی مەسعود بارزانی لەچەند ساڵی رابردوو هەیبووە، بەهۆی دووركەوتنەوەی لەپۆستەكەی كەمببێتەوە.

هـ ـ ح