ئایا هەوڵە نیوانگیرییەكانی ئەمریكا لەنێوان ئەنقەرەو كوردانی رۆژئاوا سەركەوتوو دەبن؟

کوردستان

02/02/2019‌ 1608 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
نووسینی: باز بكاری
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر
لەوتارێكی پێشوومدا، ئاماژەم بەنێوانگیری ئەمریكا كردبوو لەنێوان ئەنقەرەو پارتی كرێكارانی كوردستان،  بۆ چارەسەركردنی گرفتە مێژوویەكەی نێوانیان، بەشێوەیەك سەقامگیری بۆ ناوچەكانی ڕۆژئاوای كوردستان بێنێتەكایەوەو دڵنەوایش بداتە توركیا سەبارەت بەئاسایشی نەتەوەیی خۆی.

بڕیارە‌كەی سەرۆكی ئەمریكا هەموو لایەكی خستەبەردەم ئەمری واقعەوە، ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری ڕۆژئاوا هەستی بەمەترسی توركیا كرد، توركەكانیش تووشی شۆك بوون بەو بڕیارە لەناكاوە، بۆیە بڕیاری هێرشكردنەسەر یەكینەكانی پاراستنی گەلیاندا لەباكووری ڕۆژهەڵاتی فوڕات.

بڕیارەكەی ترامپ هەیوان‌و داڵانەكانی سیاسەتی ئەمریكاشی تیكەڵ‌و پێكەڵكردن، بۆیە هەڵوێستی سیاسەتی واشنتۆن توشی پشێوی‌و بێسەرەو بەرەیی بوو، كە چۆن داڕشتەیەك بۆ كشانەوەیان لەسوریا دابڕێژن.  
ئەمڕۆ باس لەنێوانگیری ئەمریكا دەكرێت لە نێوان هەردوولادا، تا دوو هاوپەیمانەكەی ئەمریكا بەیكدانەدەن‌و سەقامگیری هەژموونی واشنتۆن لەناوچەكە نەكەوێتە بەر مەترسییەوە، كە مەترسییەكانی داعش دەگێڕێتەوە، سەباری ئەوەی داعش لە لێواری لەناوچووندایە ، كەچی لێرەو لەوێ جموجوڵ‌و چالاكی هەن لەناوچەكەدا، هێزەكانی ئەمریكا بەئامانج دەگرێت و كردەیی تەقینەوە ئەنجام دەدات.

لای خۆشییەوە ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری هەڵوێستێكی توندی بەرامبەر دانوستان لەگەڵ توركیا نەبوو، بگرە گفتوگۆی پێ باشترە لەوەی ناوچەكانی ببنە گۆڕەپانی جەنگێكی كراوە. سەرباری ئەوەی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری گومانی لە جدیەتی  توركیا هەیەبۆ گفتوگۆ و دانوستان، بەڵام ئەگەر لەژێر باڵی واشنتۆندا گفتوگۆ لەگەڵ ئەنقەرە ڕەتكاتەوه، ‌ زۆر شت لە دەست دەدات، ئەو بە تەنیاش ناتوانێت دژ بە هێرشه سەربازییە‌كانی توركیا بوەستێتەوە، دیارە كە ناشیەوێت سیناریۆكەی عەفرین لە ڕۆژهەڵاتی فوڕات دووبارە ببێتەوە.

دیارە كە لێدوانەكانی ئیلهام ئەحمەد - ی سەرۆكی هاوبەشی ئەنجومەنی سوریای دیموكرات لە واشنتۆن كە داوای یارمەتی واشنتۆنی كرد بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێكی سیاسی لە نێوان ئەنقەرە و ئیدارەی خۆبەرێوەبەریدا، بەڵگەیە لەسەر ئەرێنی هەڵوێستیان لە گفتوگۆ و دانوستان لەگەڵ توركیادا.

لە بەرانبەریشدا، دیارە كە توركیاش مەبەستی نییە بچێتە جەنگەوە و ناوچە سنورییەكانی باشووری ببنە گۆڕەپانی جەنگێكی كراوە،‌ كە لەوانەیە بە پێی سرووشتی دیموگرافی و زۆرینەیی كوردەكان لەو ناوچانە، دواتر جەنگەكە بگوازرێتەوە‌ بۆ ناو قوڵایی توركیا، بەتایبەتیش كە ئێستا پارتی دادو گەشەپێدان لەدەروازی هەڵبژارن دایە و چاوی لەدەنگی كوردەكانە، دیارە ڕێگەدان بە بینینی ئۆج ئالان–یش لەلایەن براكەیەوە، ئاماژەیە بۆ ئەوەی‌ توركیا دەیەوێت بەم هەنگاوەی كاریگەری لەسەر هەڵوێستی كوردەكان دروست بكات.

سەرباری ئاڵۆزی دۆخەكە، هەڵكشانی شەڕەقسەی نێوان هەردوولا، هێشتا دەرگاكانی دانوستان و گفتوگۆ لەژێر سایەی ئەمریكادا واڵا و كراوەن، كە لەوانەیە ببێتە هۆی دۆزینەوە چارەسەرێكی سیاسی گونجاو بۆ ناوچەكە.

دەستپێكردنی گفتوگۆكان لەبەرژەوەندی توركیا دایە ، ڕوسیا و رژێمەكەی ئەسەدیش زەرەرەمەند دەبن، چونكە مۆسكۆو دیمەشق گەرەكیانە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری ڕۆژئاوا لەگەڵ توركیا بەناوچەكانی جەڕابڵس و عەفرین و ئیدلب ئاڵوگۆڕ بكەن.

كەواتە، سەرباری ئاڵۆزی دیمەنەكە و شەڕەقسەی نێوان هەردوو نەیارەكە، هێشتا دەرگای گفتوگۆ و دانوستان بە سەرپەرشتی ئەمریكا واڵایە كە ڕەنگە چارەسەرێكی سیاسی لێ بكەوێتەوە بۆ ناوچەكە، دەشكرێت سەرەتایەك بێت بۆ دەستپێكردنەوەی گفتوگۆكانی نێوان ئەنقەرە و پارتی كرێكارانی كوردستان، بەمەش ئەردۆگان سەقامگیری حوكمڕانییەكەی دەستەبەر دەكات و ئیدارەی خۆەبەڕێوەبەری ڕۆژئاوای كرودستانیش قەوارەكەی خۆی دەپارێزێت، ئەمریكاش پارێزگاری لە هەژموونی خۆی دەكات لە سوریادا.

سەرچاوە: نون پوست