دژەتیرۆر لە کەرکوک کشایەوە و سوپاش ڕەوانەى خانەقین دەکرێت

عیراق

02/02/2019‌ 1308 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
هێزەکانى دژە تیرۆرى عێراق لە کەرکوک کشانەوە و فیرقەى 61 ى سەربە نوسینگەى سەرۆک وەزیرانى عێراق لە جێگەکانیان دەست بەکاربوو، بڕیاریشە پۆلیسى فیدرالى لەسنورى خانەقین بکشێتەوە و سوپاى عێراق جێگەیان بگرێتەوە.

جوان حەسەن، ئەندامى ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک، بەدەنگى ئەمەریکاى ڕاگەیاندووه‌، "کشانەوەى هێزەکانى دژە تیرۆر لە کەرکوک بە پاساوى تەواو بوونى ئەرکەکانیانە".

بەبڕواى ئەندامەکەى ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک، ڕێککەوتنى هەولێر و بەغدا بۆ ئاسایی کردنەوەى دۆخى کەرکوک لە پشت کشانەوەى دژە تیرۆرەوەیە.

هێزەکانى سەر بە نوسینگەى سەرۆک وەزیرانى عێراق رۆژی هەینى گەیشتنە کەرکوک، بڕیاریشە سوپاى عێراق لەدەوروبەرى قەزاى خانەقین ى پارێزگاى دیالە جێگەى پۆلیسى فیدرالى بگرێتەوە، ئەوەش پەیوەندى بە خراپ بوونى دۆخى ئەمنى ناوچەکەوە هەیە.

شێرکۆ عەزیز، بەرپرس لە ڕێکخراوى بەدر لە خانەقین، فەرماندەى پرۆسە سەربازیەکانى دیالەى بە هۆکارى ئاڵۆزیەکانى دەوروبەرى خانەقین تۆمەتبار کرد، وتى، "فەرماندەى پرۆسە سەربازیەکان دەیویست بە تەنها ناوچەکە بپارێزێت، بەڵام ئەوەتا پێی نەکرا."

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، "ئێستا حەشد و سوپا دەیانەوێت پێکەوە ناوچەکە بپارێزن."