شارپرێس: سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، له هه‌رێمی كوردستان دەرفەتی باش بۆ وەبەرهێنەران رەخسێندراوە و وەبەرهێنەرانی یۆنانیش دەتوانن سوود لەم دەرفەتانە وەربگرن، ده‌شڵێت، " پشتیوانی له پڕۆگرامی حكومه‌تی عێراق به‌سه‌رۆكایه‌تی عادل عه‌بدولمه‌هدی ده‌كه‌ین". نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه له‌گه‌ڵ ئیفسیمیۆس كۆستۆبۆلۆس، كۆنسوڵی گشتیی یۆنان له هه‌رێمی كوردستان كۆبونه‌وه و له‌كۆبونه‌وه‌كه‌دا یه‌كه‌م كونسوڵی یۆنان له هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، هه‌موو هه‌وڵێك ده‌ده‌ن بۆ زیاتر به‌ره‌وپێشبردنی په‌یوه‌ندییه‌كان، هه‌روه‌ها پێكه‌وه‌ژیان و كولتووری لێبوورده‌یی و پێشوازیكردنی له ژماره‌یه‌كی زۆری ئاواره و په‌نابه‌ر له‌لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه به‌رز نرخاند. هاوكات نێچیرڤان بارزانی رایگه‌یاند، به‌پێی یاسا ده‌رفه‌تی باش بۆ وه‌به‌رهێنه‌ران له هه‌رێمی كوردستان ره‌خسێندراوه و وه‌به‌رهێنه‌رانی یۆنانیش ده‌توانن سوود له‌م ده‌رفه‌تانه وه‌رگرن. بارزانی هه‌روه‌ها باسی له په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ولێر و به‌غدا كرد و دووپاتیكرده‌وه، كه هه‌رێمی كوردستان پشتیوانی له پرۆگرامی حكومه‌تی عێراق به سه‌رۆكایه‌تیی عادل عه‌بدولمه‌هدی ده‌كات. ه.م