بەرهەم ساڵح قسەكانی دۆناڵد ترامپ رەتدەكاتەوە

عیراق

04/02/2019‌ 1657 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق قسەكانی دۆناڵد ترامپی سەرۆكی ئەمریكای رەتكردەوە، كە لەبارەی ئامانجی سوپای وڵاتەكەی لەعێراق كردبووی.

بەرهەم ساڵح، لەمیانی دیداری رافیدەین رایگەیاند، دۆناڵد ترامپ داوای ڕەزامەندی لەعێراق نەكردووە بۆ ئەوەی سوپای ئەمریكا لەعێراق چاودێری ئێران بكات.

سەرۆك كۆماری عێراق راشیگەیاند، كە سوپای ئەمریكا ئامانجێكی دیاریكراوی لەعێراق هەیە ئەویش شەڕی تیرۆرە.

هەروەها رایگەیاند عێراق داوای لەئەمریكا كردووە ڕوونكردنەوە بدات لەئامانجی هێزەكەی لەعێراق، بەبێ‌ ئەوەی زنیاری زیاتر لەو بارەوە بخاتەڕوو.

پێشتر دۆناڵد ترامپ، سەرۆكی ئەمەریكا لەمیانی چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ  CBS NEWS ئەمریكی رایگەیاندبوو، ئەو هێزانەی وڵاتەكەی لە سوریاوە دەكشێنەوە دەچنە عێراق و لەبنكە سەربازییەكەی ئەمریكا دەمێننەوە و بەشێكیان لەوێوە دەگەڕێنەوە وڵات. 

دۆناڵد ترامپ راشیگەیاندبوو "یەكێك لەو هۆكارانەی دیكە ، كە دەمەوێت لە عێراق بمێنمەوە لەبەرئەوەیە دەمەوێت كەمێك چاودێری ئێران بكەین، چونكە ئێران كێشە راستەقینەكەیە".

هەروەها رایگەیاند "ئەوەی دەمەوێت بیكەم تەنیا ئەوەیە چاودێری بكەین، ئێمە بنكەیەكی سەربازی نایاب و گرانبەهامان لە عێراق بونیادناوە، شوێنەكەی زۆر بە باشی هەڵكەوتووە بۆ ئەوەی بتوانی چاودێری ناوچە جیاوازەكانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی پڕ كێشە بكەیت، ئەمەش ئەو شتەیە كە زۆر كەس لێی تێناگەن‌و ئێمە بەردەوام دەبین لە چاودێری و تەماشاكردن، ئەگەر كێشەیەك هەبێت، یان لایەنێك بیەوێ چەكی ئەتۆمی یان شتی دیكە دەستبخات، ئەوا ئێمە پێش ئەوەی ئەوان بیكەن، دەیزانین".

هـ ـ ح