قسەكانی دۆناڵد ترامپ كاردانەوەی توند لەعێراق دروست دەكات

عیراق

04/02/2019‌ 931 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئەو قسانەی دۆناڵد ترامپی سەرۆكی ئەمریكا لەبارەی سوپای وڵاتەكەی لەعێراق كردی كاردانەوەی توندی دروست كردووە.

دۆناڵد ترامپ، سەرۆكی ئەمەریكا لەمیانی چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ  CBS NEWS ئەمریكی رایگەیاندبوو، ئەو هێزانەی وڵاتەكەی لە سوریاوە دەكشێنەوە دەچنە عێراق و لەبنكە سەربازییەكەی ئەمریكا دەمێننەوە و بەشێكیان لەوێوە دەگەڕێنەوە وڵات. 

دۆناڵد ترامپ راشیگەیاندبوو "یەكێك لەو هۆكارانەی دیكە ، كە دەمەوێت لە عێراق بمێنمەوە لەبەرئەوەیە دەمەوێت كەمێك چاودێری ئێران بكەین، چونكە ئێران كێشە راستەقینەكەیە".

هەروەها رایگەیاندبوو "ئەوەی دەمەوێت بیكەم تەنیا ئەوەیە چاودێری بكەین، ئێمە بنكەیەكی سەربازی نایاب و گرانبەهامان لە عێراق بونیادناوە، شوێنەكەی زۆر بە باشی هەڵكەوتووە بۆ ئەوەی بتوانی چاودێری ناوچە جیاوازەكانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی پڕ كێشە بكەیت، ئەمەش ئەو شتەیە كە زۆر كەس لێی تێناگەن‌و ئێمە بەردەوام دەبین لە چاودێری و تەماشاكردن، ئەگەر كێشەیەك هەبێت، یان لایەنێك بیەوێ چەكی ئەتۆمی یان شتی دیكە دەستبخات، ئەوا ئێمە پێش ئەوەی ئەوان بیكەن، دەیزانین".

عێراق لەبەرزترین ئاستی دەسەڵاتی كاردانەوەی نواندو بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆمار لەكاردانەوە قسەكانی دۆناڵد ترامپی سەرۆكی ئەمریكای رەتكردەوەو رایگەیاند "دۆناڵد ترامپ داوای ڕەزامەندی لەعێراق نەكردووە بۆ ئەوەی سوپای ئەمریكا لەعێراق چاودێری ئێران بكات".

سەرۆك كۆماری عێراق راشیگەیاند، كە سوپای ئەمریكا ئامانجێكی دیاریكراوی لەعێراق هەیە ئەویش شەڕی تیرۆرە.

هەروەها رایگەیاند، عێراق داوای لەئەمریكا كردووە ڕوونكردنەوە بدات لەئامانجی هێزەكەی لەعێراق، بەبێ‌ ئەوەی زنیاری زیاتر لەو بارەوە بخاتەڕوو.

هاوكات ژمارەیەك لەئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق وەڵامی قسەكانی دۆناڵد ترامپ-یان داوەتەوەو لەو چوارچێوەیەش سەباح ساعدی سەرۆكی فراكسیۆنی ھاوپەیمانی چاكسازی رایگەیاندووە، دەبێت بە بەركردنی سوپای ئەمریكا لەعێراق وەڵامی دۆناڵد ترامپ بدرێتەوە.

سەباح ساعدی راشیگەیاند، داواشی لەبەرھەم ساڵح كرد، كە لەچوارچێوەیەكی فەرمی وەڵامی قسەكانی سەرۆكی ئەمریكا بداتەوەو راشیگەیاند،  دەبێت عادل عەبدولمەھدی  سەرۆك وەزیرانیش رێكاری پێویست لەو بارەوە بگرێتە بەر.

هـ ـ ح