تووشبوون بەشێرپەنجە بە بەراورد بەوڵاتانی جیهان لەهەرێم كەمترە

کوردستان

04/02/2019‌ 1276 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: سیڤان ئازاد 
چواری شوباتی هەموو ساڵێك رۆژی جیهانی شێرپەنجەیە، كە نەخۆشییەكی كوشندەیەو ساڵانە سەدان هەزار كەس تووشی دەبن‌و بەهۆی نەخۆشییەكەوە گیان لەدەست دەدەن، یان بەگرتنە بەری رێكارێكی قورس چارەسەریان بۆ دەكرێت‌و لەنەخۆشییەكە دەربازیان دەبێت.

نەخۆشی شێرپەنجە لەرووی پزیشیكەوە بە (cancer) ناسراوە، بەهۆی گەشەی خانەكان بەشێوەی خراپ‌و نائاسایی تووشی مرۆڤ دەبێت، كە لەزانستی پزیشكی پێی دەورترێت، (malignant cancer)، كە ئەو خانەیەی تووشی دەبێت، خانەكانی چواردەوری تێكدەشكێنێت‌و لە لەشدا تەشەنەدەكات.

شێرپەنجە هەرچەندە یەكێكە لەو نەخۆشییانەی، كە هۆكارێكی سەرەكی مردنی مرۆڤە لەجیهاندا، بەڵام دەتوانرێت رێگا لەتەشەنەكردنی بگیرێت، بەتایبەتی ئەگەر زوو پشكنینی بۆ ئەنجامبدرێت، كە ئەو نەخۆشییە چەند جۆرێكی هەیەو لەباوترین‌و مەترسیدارتریان شێرپەنجەی پەنكریاس‌و كۆڵۆن‌و مەمك‌و مێشك‌و سییەكان‌و پێست‌و جگەرو خوێن‌و چەند جۆرێكی تریش.

نیشانەكانی ئەم نەخۆشیە جۆراوجۆرن، هەر بەو هۆیەشەوە زوو هەست بەتووشبوونی لەجەستە ناكرێت، تا كاتی تەشەنەكردن‌و گەورەبوونی خانە شێرپەنجەییەكان، بەڵام بەشێوەیەكی گشتی مرۆڤ لەكاتی تووشبوون هەمیشە هەست بە ماندووبوون‌و بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی لەش‌و هەڵئاوسان‌و ئازار‌و گۆڕانی كێشی لەش‌و رەنگی پێست‌و دروستبوونی برین‌و كۆكەو تێكچوونی كرداری هەرس دەكات.

لەهەرێم رێژەی تووشبوون لەچاو وڵاتانی تر كەمترە..
بەوتەی خاڵس قادر وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی هەرێمی كوردستان، ساڵی 2018 ، لەهەرێم 5800 كەس تووشی نەخۆشی شێرپەنجە بوون، ئەمە بە بەراورد لەساڵی ساڵی 2017 رێژەكە زیاتر بووە، كە لەو ساڵەدا 4808 كەس تووشی شێرپەنجە بوون.

خاڵس قادر بۆ شارپرێس وتی: هەرچەندە لەماوەی ئەو دوو ساڵە رێژەی تووشبوون بەو نەخۆشییە زیاتر بووە، بەڵام ئامارەكان بە بەراورد بەوڵاتانی تری جیهان، لەهەرێمی كوردستان زۆر كەمترە، چونكە لەكوردستان بەپێی ئاماری ساڵی 2018 بۆ هەر سەد هەزار كەسێك 105 كەس تووش بووە، بەڵام لەهەمان ساڵ لەجیهان 200 كەس لەهەر 100 هەزار كەسێكێك تووش بوون.

زیاتر رەگەزی مێ‌ تووشی نەخۆشییەكە دەبن..
لەبارەی ئەو پرسیارەی، ئایا چ رەگەزو تەمەنێك زیاتر تووشی نەخۆشی شێرپەنجە دەبن، خاڵس قادر وتی: لەكوردستان لەهەموو تەمەن‌و رەگەزەكان تووشی نەخۆشییەكە بوون، بەڵام رێژەكە لەژنان كەمێك زیاترە.

 

چ جۆرێكی شێرپەنجە لەهەرێم رێژەی بەرزی تێدا تۆماركراوە؟
وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی لەبارەی جۆرەكانی شێرپەنجە، وتی: هەموو جۆرەكان تۆماركراوە، بەڵام ئەو كەسانەی تووش بوون بەپلەی یەكەم شێرپەنجەی سنگ بووە، كە هۆكارەكەی بۆ جگەرەكێشان دەگەڕێتەوەو دوای ئەویش رێژەی تووشبوون بەشێرپەنجەی مەمك لەژنان دێت‌و لەدوای ئەوانیش جۆرەكانی كۆڵن‌و پێست‌و پرۆستات  بەرزترین رێژەیان تۆماركردووە.

چارەسەری نەخۆشییەكە لەهەرێم دەكرێت.
لەهەرێمی كوردستان چەند نەخۆشخانەیەكی تایبەت بەشێرپەنجەو چارەسەری ئەو نەخۆشییە هەیە، لەوانەش نەخۆشخانەی هیوا لەسلێمانی‌و نانەكەلی لەهەولێر، كە چەندین كەس لەو نەخۆشخانانە چارەسەری پێویستیان بۆ دەكرێت.

لەگەڵ بوونی نەخۆشخانەی تایبەت بەچارەسەری نەخۆشی شێرپەنجە، ساڵانە چەندین كەس رەوانەی دەرەوە دەكرێن بۆ وەرگرتنی چارەسەر، لەو بارەوە خاڵس قادر وتی: لەهەرێمی كوردستان بۆ وەرگرتنی چارەسەری جۆراوجۆری نەخۆشی شێرپەنجە نێدراونەتە دەرەوە، كە بەپێی ئامارەكان زیاتر لە 2500 كەس لەسەر كۆمەكی سندوقی تووشبوانی شێرپەنجە رەوانەی دەرەوە كراون بۆ پشكین‌و چارەسەری پێویست.

دەرمانی پێویست بەردەستە
نەخۆشی شێرپەنجە یەكێكە لەو نەخۆشییانەی پێویستی زۆری بەچەند جۆرێك دەرمان هەیە، كە نرخی ئەو دەرمانانەش بەرزن، لەبارەی بوونی دەرمانی پێویست لەهەرێم، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی جەختیكردەوە، كە هەرچەندە نرخی دەرمانەكان زۆر زۆرن، بەڵام لەزۆربەی دەرمانخانەكانی هەرێم بڕی دەرمانی پێویست بەردەستە.