ترامپ: هه‌ڵه‌مان له‌گه‌ڵ سه‌دام حسێن كرد

عیراق

04/02/2019‌ 5316 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سه‌رۆكی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا ده‌ڵێ، ڕاپۆرته‌كانی ده‌زگای هه‌واڵگریی وڵاته‌كه‌ی له‌باره‌ی چه‌كی كۆمه‌ڵكوژی ڕژێمی پێشووی عێراق هه‌ڵه‌ی تیادا بووه‌.

له‌میانی چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ كه‌ناڵی  CBSی ئه‌مریكی، دۆناڵد ترامپ-ی سه‌رۆكی ئه‌مریكا ڕایگه‌یاند،"ده‌زگای هه‌واڵگری ئه‌مریكا هه‌ڵه‌یان هه‌بوو له‌باره‌ی ئه‌نجامی ڕاپۆرته‌كانیان، كه‌ په‌یوه‌ست بوو به‌ هه‌بوونی چه‌كی كۆمه‌ڵكوژ له‌لایه‌ن ڕژێمه‌كه‌ی سه‌دام حسێنه‌وه‌".

سه‌رۆكی ئه‌مریكا له‌و چاوپێكه‌وتنه‌دا دان به‌وه‌دا ده‌نێت، ده‌زگای هه‌واڵگریی وڵاته‌كه‌ی له‌و بابه‌ته‌دا كه‌وته‌ هه‌ڵه‌وه‌.

به‌وته‌ی ترامپ، ئه‌و جیاوازی هه‌یه‌ له‌بیركردنه‌وه‌دا له‌گه‌ڵ CIA كاتێك ئه‌وان پێیان وایه‌ ئێران پابه‌ندی ڕێككه‌وتنی ئه‌تۆمی بووه‌، به‌ڵام ئه‌و پێداگریی ده‌كات له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ئێران پابه‌ندی ئه‌و ڕێككه‌وتنه‌ نه‌بووه‌.

هاوكات ترامپ ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، ئه‌مریكا ده‌یه‌وێت له‌عێراقه‌وه‌ چاودێری ئێران بكات، له‌وه‌ڵامی پرسیاری پێشكه‌شكاری به‌رنامه‌كه‌شدا كه‌ ئاخۆ ئه‌و چاودێریكردنه‌ به‌مه‌به‌ستی ئاماده‌سازییه‌ بۆ لێدان له‌ئێران، ترامپ ده‌ڵێ:"نا، چونكه‌ ئێمه‌ ده‌توانین چاودێری ئێران بكه‌ین".

ڕ . ج