فەیسبووك دوای15 ساڵ بووەتە بكوژ‌ی تایبەتمەندییەكانی مرۆڤ

جیهان

05/02/2019‌ 4370 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر
لە 4ی شوباتی 2004، ماڕك زوكەربیرگی خوێندكاری زانكۆی هارفارد، پێگەكەی خۆی بەناوی "زە فەیسبووك‌" ڕاگەیاند، سەرتا پێگەكە تەنیا ڕێنماییەك بو بۆ هاوڕێ قوتابییەكانی لەسەر ئینتەرنێت، بەڵام دوای 15 ساڵ گۆڕا بۆ دیاردەیەك، كە تایبەتمەندییەكانی مرۆڤی لەناوبردووە، یان لە وانەیە خستبنییە‌ لێواری لەناوچوونەوە.

ئەو پێگەیە لەدەستپێكدا گرنگی بە ژیانی خوێندكاران دەدا لەزانكۆی هارفارد، دواتر لە زانكۆی كۆڵۆمبیا، دواتریش لەزانكۆ‌ی ستانفۆڕد ویڵ، وادەی دیداری بۆ ڕێكدەخستن‌وPOKES  یان ئاڵوگۆر دەكرد، بەڵام لە پایزی 2005 و لە وەرچەرخانێكی خیرادا،  85%ی خوێندكارانی زانكۆ ئەمریكییەكان بوونە بەكارهێنەری ئەو پێگەیە، 60%ی خوێندكارانیش ڕۆژانە سەردانیان دەكرد، ئەمەش‌ بەگوێرەی وتەی ڕاپۆرتێكی ڕۆژنامەی "زە گاردیان"ی بەریتانی.

فەیسبووك یەكەم تاكە تۆڕی پەیوەندی كۆمەڵایەتی نەبوو لەسەر ڕووی زەوی، پێشتر بەساڵێك كۆمپانیای "مای سبیس"، پێشدەستی ئەو كارەی كردبوو، بەڵام لە بەردەم كێبڕكێكارنیدا خۆی نەگرت و هەرەسیهێنا.

سەرپەرشتكارانی ئەو تۆڕە بەردەوام لە هەوڵی پێشخستن و پەرەپێدانی بوون، ئەمەش‌ خەسڵەتێكی خوێندنی ئەمریكایە هەر وەك "دیڤید كیر كباتریك" وتی: پێگەكە‌یان پەرەپێدا، هانی خوێندكارەكانیشدا گرنگی بەوردەكاری فایلەكانیان بدەن و خولیا و گرنگیپێدانەكانیشیان بخەنەڕوو، ناوەناوەش وێنەكانی پڕۆفایلەكانیان بگڕۆن، تاوەكو سەرنجڕاكێشتر دەركەون. 

كیر كباتریك وتیشی: "لە ماوەیەكی كەمدا، كارابوون لەسەر پێگەی فەیسبووك، بوو بەكارێكی حەتمی، كاریگەریشی دانا لەسەر بژاردەكانی ژیانی ڕۆژانەی .خەڵكی ئەم جیهانە".

دوو ملیار بەركارهێنەر
لەكۆتایی 2004 ، ژمارەی بەكارهێنەرانی فەیسبووك گەیشتە 1 ملیۆن كەس، لە سێبتێمبەری 2006 ناوەكەی كورتكرایەوە بۆ "فەیسبووك" ، پێگە جەماوەرییەكەی فەیسبووك، قەڵاو دیواری زانكۆ و قوتابخانەی تێپەڕاند، بەردەست بوو بۆ هەر كەسێكی تەمەن سەرووی 13 ساڵ كە ئیمێڵی ئەلەكترۆنی هەبێت، تاوەكو فایلێكی كەسی تایبەت بەخۆی لەو پێگەیە دروستبكات.

دوای تێپەڕبوونی 15 ساڵ بەسەر لەدایكبوونی "فەیسبووك" دا، ئەمڕۆ 2.2 ملیار كەس بەكاریدێنن، سامانی "ماڕك زوكەربێرگ"ی خاوەنیشی بە 55 ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت، كۆمپانیاكە تەنیا لەماوەی 3 مانگی پێشوودا قازانجێكی پێوانەی بەدەستهێنا، كە بەهاكەی 6.88 ملیار دۆلار بوو. 

فەیسبووك كۆمپانیای دیكەی وەك "ئینستاگرام و وەتس ئەپ" ی قوتدان و هەڵلوشین، بەمەش بووە گەورەترین كۆمپانیای تەكنەلۆجی لەم هەسارەیەدا، "ماڕك زوكەربێرگ" ی خاوەنیشی نازناوی پێنجەمین دەوڵەمەنترین كەسی جیهانی پێبەخشرا. 

دوای 15 ساڵ لە سەركەوتن، ڕاستییەكی ڕووت هەیە دەبێت بیزانین، ئەویش ئەوەیە كە خەڵكی لە ڕێگەی سەكۆی سۆشیال میدیاوه درۆ لەگەڵ یەكتر دەكەن، ئەنجامی ڕاپرسییەكیش كە كۆمپانیای "كاستارد" بۆ توێژینەوەی بە بازاڕكردن لەسەر 2000‌ كەسی بەریتانیا ئەنجامیداوە، دەركەوتووە كە 18%  یان گووتویانە كە پڕۆفایلی فەیس بوك – یان بە ناوی ڕاستەقینەی خۆیانەوەیە و گوزارە لە وان دەكات، 31% ووتوویانە واڵەكەیان ڕاستگۆیانە گوزارە لە خۆیان ناكات و دەمامكێكە بۆ جوانتركردنی خۆیان، 14% ووتوویانە كە فەیس بوك لە ڕووی كۆمەلایەتییەوە چالاكتری كردوون وەك لە پێشتر، ڕاپرسییەكە ساختەكاری و فرتوفێڵێكی دیكەشی دەرخست كە بە بەراورد بە ژنان، پیاوان ساختەكارتر و قۆرتوقولاپاوی ترن لە دەمامكداری و هەوڵدان بۆ پێشاندانی جوانكاری ڕواڵەتی دەرەوەیان لەسەر پێگەی فەیس بوك.

هەر لەم بارەشەوە و 6 ساڵ لەمەوپێش، ڕاپرسییەكی دیكەی كۆمپانیای "وان بۆڵ" بۆ توێژینەوەكانی بە بازاڕكردن، ئەوەی ئاشكرا كرد كە سێیەكی ئەو ژنانەی توێژینەوەكەیان لەسەر كراوە، دانیان بەوەداناوە كە لەسەر تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان ڕاستگۆنین، لە هەر 4 ژن یەكێكیان دانی بەوەداناوە كە لەسەر ئەنتەرنێت دۆرزنن یان زێدەڕەووی دەكەن سەبارەت بە لایەنە سەرەكییەكانی ژیانیان، ووتیشیان مانگانە جارێك بۆ 3 جار درۆ دەكەن، نزیكەی  30% ژنانیش سەبارەت بە چالاكییەكانیان درۆزن بوون، 20% ژنانیش ڕاستگۆ نەبوون سەبارەت بە ئەو چالاكییانەی لە پشووەكان یان كارەكانیاندا ئەنجامی دەدەن. 

ئەو دەرئەنجامە و سەدەهای دیكەش ئەوە دووپات دەكەنەوە كە فەیس بوك دابڕاوە لە ڕەفتاری ڕاستەقینەی باوی خەڵكی، لە ڕابردوودا دەمانتوانی ماوەیەك پشوو بدەیان و فێڵ لە خۆمان نەكەین، بگەڕێینەوە سەر هەست و نەستە ڕاستەقینەكانمان، كەچی ئێستا خەڵكی ئالوودەی  مۆبایلە زیرەكەكانیان بوون، بۆیە نواندنی ئەو خەڵكە درێژەی هەیه و ناوەستێت‌.

دەنگۆی دەست تێوەردانی ڕوسەكان لە هەڵبژاردنی ئەمریكادا، هەواڵە ساختە و  درۆیینەكان، بڵاوكردنەوە و دنەدانی ڕقوكینە، چڵیسی خەڵك، لە پشت داتاكانی بەكارهێنەرەكانی فەیس بوك لە ماوەی 15 ساڵدا، شێواز و ڕێبازی قێزەوونی بەرهەمهێنان بۆ بەكارهێنەرانی، ئەمەش بە گووتەی ڕۆژنامەی "زە گاردیان"  ی بەریتانی. 

هەموومان شەكەت بووین
 شوشانا زوبۆڤ – ی ئەكادیمستی ئەمریكی لە نامە تازەكەیدا سەبارەت بە باڵادەستی فەیس بوك و گۆگڵ "The Age of Surveillance Capitalism " دەڵێت ئەوەی ئێستا لەسەر ڕووپەڕی سۆشیال میدیادا ڕوو دەدات "تسۆنامییەكی دەروونییه".

توێژینەوەیەكی كۆمەڵەی شانشینی تەندروستی گشتی ساڵ‌ ی 2017 ئەوەی تۆمار كردووه كە هەموو پێگە گەورەكانی سۆشیال میدیا، كاریگەری نەرێنییان هەبووە لەسەر ئەقڵیەتی گەنجەكان، هەستی نالێوەشاوەیی و دڵەڕاكێیەكی بەردەوامیش داگیری كردوون.

بۆ وەڵامدانەوەی ئەو تۆمەتانەش، بەرگریكاران لە فەیس بوك ئەوە دووپات دەكەنەوه،‌ كە ڕێژەی بەكارهێنەرانی فەیس بوك لای كەسانی تەمەن بچوك كەمی كردووە، ئەمەش بە هۆی بوونی پێگەی دیكەی وەك "ئینستاگرام و سناپ چات‌"، بەڵام هێشتاش فەیس بوك لە لایەن ملیونەها كەسەوە بەكاردەهێنرێت، ئەمە سەرباری ئەوەی كە كۆمپانیاكەی "ماڕك زوكەربێرگ" خاوەنی ئینستاگرام - یشە.

هەستێكی دیكەش هەیە كە پێی وایە فەیس بوك سەركەوتوو بووە لە تێكوپێك شكاندنی جیاوازییە ڕەفتارییەكانی نێوان منداڵ و گەنج و بە تەمەنەكان، بەجۆرێك ئێستا هەموو بەكارهێنەرانی تۆڕەكانی سوشیال میدیا،  وەك هەرزەكار ڕەفتار دەكەن، ئەمەش واتای ئەوەیە كە كاریگەری نەرێنیان كەوتۆتەسە‌ر ‌بە هۆی زێدەڕەوویكردن لە بەكارهێنانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان.