پۆستی پارێزگاری كەركوك وەردەگرێتەوە
یەكێتی لەپێكهێنانی حكومەتی هەرێم خواستەكەی خۆی سەپاند

کوردستان

06/02/2019‌ 9428 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: سیڤان ئازاد
یەكێتی نیشتمانی لەپرسی پێكهێنانی حكومەتی هەرێمی كوردستان خواستەكەی خۆی بەسەر پارتی دیموكرات سەپاندو بەو هۆیەشەوە پۆستی پارێزگاری كەركوك وەردەگرێتەوە.

یەكێتی نیشتمانی هەر دوای دەركەوتنی ئەنجامی پەرلەمانی كوردستان‌و هاتنە پێشەوەی گفتوگۆكان بۆ پێكهێنانی حكومەتی هەرێم رایگەیاند، كە پێكهێنانی حكومەت‌و پۆستی پارێزگاری كەركوك‌و كێشەكانی بەغدا وەك یەك پاكێج سەیر دەكات‌و لەگەڵ پارتی گفتوگۆ رێككەوتنی لەسەر دەكات.

هەرچەندە پارتی دیموكرات لەسەرەتا ئەو بیرۆكەی یەكێتی رەتدەكردەوە، بەڵام بەهۆی سووربوونی یەكێتی نیشتمانی لەسەر ئەو بۆچوونە، لەدواین كۆبوونەوەی نێوانیان، كە لەرۆژی سێ‌ شەممە بەرێوەچوو، لەسەر ئەو پرسە رێككەوتوون.

سەعدی ئەحمەد پیرە، وتەبێژی مەكتەبی سیاسی یەكێتی دوای كۆبوونەوەی شاندی حیزبەكەی لەگەڵ پارتی لەرۆژی سێ‌ شەممە لەمیانی كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی رایگەیاند، لەگەڵ پارتی لەسەر چوار خاڵ ڕێككەوتوون، كە بریتین لەوەی لەرۆژانی داهاتوو لیژنەی دەستنیشانكراوی هەردوولا بۆ نووسینی پڕۆژە سیاسییەكان دەستبەكاردەبێت، هاوكات لەناوەڕاستی هەفتەی داهاتوو كۆبوونەوەیەك بۆ دەرئەنجامی كاری هاوبەشی هەردوولا ئەنجام دەدرێت.

سەعدی پیرە راشیگەیاند، هەروەها هەردوولا رێككەوتوون، ڕۆژی 18-2-2019 پەرلەمانی كوردستان كۆدەبێتەوەو ڕۆژی 18-2-2019 ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك كۆدەبێتەوەو پارێزگارێك بۆ كەركوك دەستنیشان دەكرێت.

بەپێی زانیارییەكانی شارپرێس یەكێتی لەو كۆبوونەوەیە پەیامی ئەوەی بەپارتی گەیاندووە، كە تا پۆستی پارێزگاری كەركوك یەكلانەكاتەوە بۆ پرسی پێكھێنانی حكومەتی ھەرێم ناچێتە پێشەوەو ئەوەشی وەك پەیامی كۆتایی بەپارتی گەیاندووە، بۆیە پارتی بەپرسەكە رازی بووەو بڕیارە لەم مانگە كۆتایی بەو پرسە بهێنن.

سامان گەرمیانی ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی لەو بارەوە بۆ شارپرێس وتی: "ئێمە ھەمووجارێك باسی ئەوە دەكەین و بەپارتیمان راگەیاندووە پاكێجێكمان ھەیە پاكێجەكە لە یەك جیانابێتەوە (بەغدا، كەركوك، ھەولێر) لەسەر ئەوە ئێمە ھیچ ناتوانین بكشێینەوە، چونكە ئەوە بڕیاری  سەركردایەتی یەكێتی.

پۆستی پارێزگاری كەركوك پێشتر لای نەجمەدین كەریم ئەندامی مەكتەبی یەكێتی بوو، لەدوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری رابردوو ئەو پۆستە لەناوبراو سەنرایەوەو تائێستا بەوەكالەت لەلایەن راكان سەعید جبوری بەرێوەدەبرێت، كە یەكێتی ئەو پۆستە بەمافی بەركەوتەی هەڵبژاردنی خۆی دەزانێت.

محەمەد دۆشوانی پەرلەمانتاری پێشووی عێراق لەپارێزگای كەركوك بەشارپرێسی وت: لەدوای ١٦ی ئۆكتۆبەرەوە كەركوك پارێزگارە كوردەكەی لە پەرلەمانی عێراق لێسەنراوەتەوە، لەو كاتەوە تائێستا پارێزگارێك كاردەكات عەرەبەو بیری شۆفێنی پیادە دەكات، بۆیە یەكێتی سوورە لەسەر وەرگرتنەوەی ئەو پۆستە.

محەمەد دۆشوانی، كە لەپشكی یەكێتی پەرلەمانتاری عێراق بوو وتیشی: ئێمە بۆ ئەوەی بتوانین پارێزگارێكی نوێ‌ بۆ كەركوك دابنێین دەبێت ئەنجوومەنی پارێزگای كەركوك كۆببێتەوەو پێویستیشە پارتی بۆ ئەو پرسە بێتە پێشەوەو رازی بێت بەدیاریكردنی ئەو كەسەی بۆ پۆستەكە لەلایەن یەكێتییەوە كاندید دەكرێت.

هاوكات رۆژی سێ‌ شەمممە وتەبێژی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان راگەیەنراوێكی بڵاوكردەوەو تێدا رایگەیاند ئەندامی مەكتەبی سیاسی دوای گفتوگۆ و راگۆڕینەوە لەسەر چەند بابەتێكی پێویست و پەیوەستی قۆناغەكە و ھەڵسەنگاندنی بارودۆخی ئێستای كوردستان و ناوچەكە، لەسەر چەند خاڵێك گەیشتینە رێككەوتن. لەوانە:

یەكەم/ كۆبوونەوە لیژنەی ھاوبەشی نووسینی رێككەوتنی سیاسی نێوان ھەردوولای راسپارد، كە لەچوارچێوەی دیدگای ھەردوو لایەن، ھەرچی زووترە پرۆژەیەك ئامادە بكرێت و لەلایەن ھەردوو مەكتەبی سیاسی پارتی و یەكێتیەوە بڕیاری لێبدرێت و واژۆبكرێت.

دووەم/ دوابەدوای ئەنجامدانی پرۆسەی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە ٣٠ی٩ی٢٠١٨ و پەسەندكردنی ئاكامەكانی لەلایەن دادگاوە، ھەروەھا دوای چەند كۆبوونەوەیەكی ھاوبەشی نێوان ھەردوولا، بەپێویست زانرا پەلە بكرێت بۆ كۆبوونەوەی پەرلەمانی كوردستان، بۆ ئەم مەبەستە بڕیاردرا، كە لە ١٨ی٢ی٢٠١٩ بەگوێرەی رێككارە یاساییەكان كۆبوونەوەی پەرلەمان ئەنجامبدرێت، ھەروەھا ھەموو ھاوكاری و زەمینەسازیەك بۆ ئەنجامدانی ئەم كۆبوونەوەیە و ھەنگاوەكانی دواتری پەرلەمان بكرێت.

سێیەم/ پارێزگای كەركوك بەشێكی گرنگی گفتوگۆكانی كۆبوونەوەكە بوو، بڕیار درا ھەوڵەكان چڕتر بكرێنەوە بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی ئەو پارێزگایە و ھەنگاوە عەمەلیەكان دەستپێبكرێن. ھەردوولا كۆك بووین لەسەر ئەوەی كە ئەنجوومەنی پارێزگای كەركوك لە رێكەوتی ١٨ی٢ی٢٠١٩ لە ھەولێر كۆببێتەوە و ھاوكات بەھاوكاری حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و پارتی و یەكێتی و ھەموو لایەنەكانی دیكە چارەسەر بۆ كێشەكانی ئەو پارێزگایە بدۆزرێتەوە.