لەژێر سێبەری حزبی ئیسلامی دەسەڵاتداردا
بێباورەڕیی لە تورکیا به‌ره‌و هه‌ڵكشان ده‌ڕوات

جیهان

06/02/2019‌ 1883 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
کاتێک دامەزراوەی کۆندا-ی تورکی تایبەت بە راپرسیی، ئەنجامی توێژینەوەیەکی سەبارەت بە ئاینداریی لە تورکیا بڵاوکردەوە، دەرکەوت ژمارەی ئەوانەی لە تورکیا بەرەو بێدینی رۆیشتوون سێ قات زیادیان کردووە.

راپۆرتی دامەزراوەی کۆندا-ی تورکی بەس بوو بۆ وروژاندنی کۆمەڵێک وتووێژ نووسینی چەندین بابەت بۆ شرۆڤەکردنی هۆکاری ئەوەی خەڵک لە وڵاتێک کە ناسراوە بە دینداریی توند،  بۆ روو لە بێدینی دەکات!.

هەندێک کەس پێیان وایە کە سیاسەتی حزبی دەسەڵاتداری تورکیا بۆ بە ئیسلامیزەکردنی سیستەمی پەروەردە، شکستی هێناوە لە بەدیهێنانی ئامانجی حزب بۆ دروستکردنی نەوەیەکی لە خواترس، ئەویش دوای 16 ساڵ لە حوکمڕانیی.

لەهەمانکاتدا زیادبوونی ویستی دەسەڵاتخوازیی حزب دوای شکستهێنانی هەوڵی کودەتاکەی ساڵی 2016، وایکردووە باوەڕی هەندێ کەس بە ئاین و ئاینداریی لاواز ببێ.
 
( ا . س ) یەکێک  لەو کەسانەی کە چاوپێکەوتنی لەگەڵ کراوە له‌ راپۆرته‌كه‌دا دەڵێت، "ئەو هیچ دڵخۆش نییە کاتێک گوێبیستی بانگ دەبێت، پێموایە ئەوە جۆرێکە لە نمایشێکی سیاسییانەی هێزە ئیسلامییەکان".

ئەو کەسە یەکیکە لەو هەزاران هاوڵاتییە تورکەی کە دوای شکستی کودەتاکە یان لەسەر کارەکەی دوورخراوەتەوە یان دەستگیر کراوە، یان ناویان لە و لیستەدا هاتووە کە لە رێوڕەسمێکی سەرۆکایەتیی باری نائاسایی راگەیەنرا.

دەوڵەتی تورکیا دەڵێت ئامانجی ئەو پرۆسەیە پاککردنەوەی تورکیایە لە ئەندامانی بزووتنەوەی قەدەغەکراوی گولەن، کە حکومەتی تورکیا بەوە تۆمەتباریان دەکات کە ئەوان لەپشت هەوڵی کودەتا شکستخواردووەکەی تورکیاوە بووبن لەساڵی 2016.

بیریم ئەرزورووم ئۆغڵو، زانای کۆمەڵناسی تورکی ئەویش یەکێکی دیكه‌یه‌ لەو کەسانەی کە ناویان لەو لیستەدا هاتووە کە لە مەراسیمی سەرۆکایەتیدا بەئامانج گیراون،  لێکۆڵینەوەیکی کردووە، چەندین زانیاریی و شایەتیی و بەڵگەی کۆکردوه‌تەوە لەسەر گۆڕینی بۆچوونی دینی ئەو کەسانەی کە بەر ئەو هەڵمەتە کەوتوون.

(ا . س) دەڵێت، ئەو پێشتر زۆر بەجۆش و خۆرۆش بوو بۆ ئەو بەرپرسە تورکانەی کە پەیوەندیداربوون بە کاروباری ئیایینی و قوتابخانە دینییەکان، بەڵام ئەو جۆشوخرۆش و گەرمو گوڕییە ئێستا گۆراوە بۆ رق و بێزاریی، ئەویش دوای ئەوە بەچاوی خۆی بینیویەتی کە چۆن واتاری ئایینی بۆ ئامانجی سیاسیی بەکارهێنراوە.

بەڵام کەسێکی تری وەک ( س. ک ) کە خۆی لەباوەشی خیزانێکی ئایینی و زۆر پەیوەست بەدین پەروەردە بووە و تەنانەت هەموو قورئانیشی لەبەر بووە، دەڵێت کە ئەو ئێستا هەست بە داىڕانی تەواو لە نێوان خۆی و ئاین و لەنێوان خۆی و بەرپرسە ئاینییەکان دەکات.

(س.ک) وتویه‌تی، "من سەرەڕای ئەوەی کە هەموو قورئانم لەبەر بوو و لەبواری کاروباری ئاینیش کارم دەکرد، بەڵام هەموو ئەو پرەنسیپانەی کە بڕوام پێبوون ئیستا بڕوام پێنەماون، ئیستا لە قۆناغێکدام کە گومان لە هەموو شتێک دەکەم".

(ا. ز) پێش ئەوەی بەر ئەو هەڵمەتی دەرکردن و دەستگیرکردنانە بکەوێت و بکەوێتە ناو گیروگرتفتەوە،  ئافرەتێکی پەیوەست بووە بە دینەوە، بەڵام ئیستا بیروبۆچوونی گۆڕاوە، هۆکاری هەموو ئەوانەش دەخاتە ئەستۆی ئیسلامی سیاسیی لە ولاتەکەیدا.

ئەو دەڵێت، کە "ئێستا هیچ سۆزێکی بۆ لایەنگرانی حزبی دەسەڵاتدار نەماوە، ناشمەوی لە ژینگەیەک بژیم کە ئەندام و لایەنگرانی پارتی دادوگەشەپێدان تێیدا بژیم" .

( ب. ز) یەکێکی دیكه‌یه‌ لەو کەسانەی کە دەڵێت، هەست بە نامۆیی و ترس دەکات و وادەزانێت کە گەمارۆدراوە،  لە ژینگەیەکدا دەژین کە "هاوشێوەی ئافرەتێک کە دەیەوێت لە هاوسەرەکەی  جیا ببێتەوە بەڵام ئەو رەتیدەکاتەوە دەستبەرداری ببێت و ناچاری دەکات کە لەگەڵیدا بژییەت و لێشی دەدات" .

هەروەک بەشێک لەو بەرپرسیارێتییە دەخرێتە سەر شانی چینە دیندار و خۆپاریزەکە، بەجۆرێک وایلێهاتووە ناتوانرێت لەرووی کۆمەڵایەتییەوە لەگەڵ ئەو ئافرەتانە تێکەڵ ببیت یان لێیان نزیک ببیتەوە کە سەرپۆشیان بەسەرەوە، چونکە وایلیهاتووە، سەر پۆشبەسەریی بۆتە رەمزی ئەندامێتی حزبی ئیسلامیی دەسەلاتدار، کە ئەو یاسایەی هەڵوەشاندەوە کە رێگریی لەو ئافرەت دەکرد بە سەرۆپشەوە لە دامودەزگای حکوومییەکان کاربکەن،  یان بچنە هەندێ شوێنی گشتیی وەک زانکۆکان.

(ب . ز) رایگه‌یاندووه‌، "من رۆژێک لە رۆژان هەم دیندار بووم هەم نەتەوەیی، بەڵام ئیستا هیچیان نیم"، ده‌شڵێت، کە رووداوەکانی دوای هەوڵی کودەتا شکستخواردووەکە وایانکردووە کە خەڵکێکی زۆر بیر لە خۆکوشتن بکەنەوە و زیانێکی زۆریشی لە باوەری خەڵکدا ، تەنانەت هیچ متمانیەکمان بەو کەسانە نەماوە کە سومبوڵ و نیشانەی ئایینی دەپۆشن .

( ا . ن ) یەکیکی دیكه‌یه‌ لەو کەسانەی کە بەشداریی لێکۆڵینەوەکەی ئەرزوروومی کردووە دەڵیت، خەریک بوو کچەکەی کەدەست بدات ئەویش دوای ئەوەی ترسی لە دوارۆژ و لەدەستدانی باوەرەکەی هاویلێکرد کە هەوڵی خۆکوشتن بدات.

ئێستا ئەو بەشداری هیچ چالاکییەک ناکات و لەژوورەکەی خۆی گۆشەگیر بووە و تووشی خەمۆکیی بووە، "گەیشتمە ئەو باوەرەی کە ئەو کەسانەی کە دنیا پڕدەکەن لە ناوی خوا و ئیمان و ئیمانداریی ، هیچ نین جگە لە خزمەتکاری دەسەلاتداران".