پێچەوانەی قسە باوەكان.. خواردنی نانی بەیانی كەمردنەوەی كێشی بەدواوە نایەت

جیهان

07/02/2019‌ 1018 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لەكۆنەوە باوەو دەوترێت ژەمی نانی بەیانیان وەك پاشاكان تێروپڕو تەواوبخۆ، نێوەڕوان وەك شازادەكان سووكترو نانی ئێوارنیش زۆرسووك وەك (هەژاران) بخۆن.

بەڵام لێكۆڵینەوەكی نوێ‌ ئەو قسانە رەتدەكاتەوە، تەنانەت ئەو لێكۆڵینەوانەش رەتدەكاتەوە، كە سەلماندوویانە خواردنی بەیانیان دەبێتە هۆی كەمكردنەوەی كێشی جەستەی مرۆڤ.

لێكۆڵەران لەلێكۆڵینەوە نوێیەكانی خۆیاندا ڕایاگەیاندووە، كە بەپێچەوانەی ڕاسپاردەكانی پێشووتر، خواردنی نانی بەیانی كەمكردنەوەی كێشی بەدواوە نابێت.

بەپێی هەواڵێكی پێگەی مێدیكال مەیل، لێكۆڵەران لەهەندێك توێژینەوەی نوێیاندا هەوڵیاندا بە وەڵامی هەندێك پرسیار بگەن، كە ئایا ژەمی نانی بەیانی گرنگترین ژەمی خواردنە؟ یان دەتوانێت لەكەمكردنەوەی كێشدا یارمەتیدەر دەبێت.

بەپێی خوێندنەكانی پێشوو ژەمی خواردنی بەیانیان لە پاراستنی تەندروستی، زیادبوونی میتابولیسم و كەمكردنەوەی زۆرخواردن بەدرێژایی ڕۆژدا یارمەتیدەر دەبێت، بەڵام لێكۆڵینەوەی نوێی لێكۆڵەرانی ئوستڕاڵی دەریدەخات، كە بەڵگەی پێویست بۆ پشتیوانیكردن لەم ڕاسپاردەو پێگەیشتنانە بوونی نییە.

لێكۆڵەرانی زانكۆی موناشی مێلبۆرن 13 تاقیكردنەوەی كۆنتڕۆڵبوویان بەشێوەی لەناكاو لێكدانەوە بۆ كرد و كاریگەری خواردنی نانی بەیانی و نەخواردنی ئەم ژەمەیان لەگەڵ یەكدیدا بەراورد كرد، ئەوان بەو ئەنجامە گەیشتن، كەسانێك كە ژەمە نانی بەیانی دەخۆن بە بەراورد لەگەڵ كەسانیتر حەزی زیاتریان لە بەكارهێنانی 260 كەلۆری زیاتر لەڕۆژدا هەبوو.

بەپێی ئەنجام و دەرەنجامی ئەم لێكۆڵینەوەیەش، كەسەكان بەپێی حەزو تامەزرۆییان دەتوانن ژەمی بەبیانیان بخۆن و هیچ بەڵگەیەكی بەهێزیش لەبارەی ئەم بۆچوونەوە، كە خواردنی ئەم ژەمە ببێتە هۆی زیادبوونی كێش یان كەمكردنەوەی كێشەوە بوونی نییە. مەگەر ئاوا كەسەكان بەنەخواردنی لەمەودای كاریدا شتی جۆاروجۆر بخۆن، كە ئەمە ڕەنگە بەرنامەی خواردنی زۆر كەس نەبێت.

هـ ـ ح