هەڵوێستەكەی فەرەنسا لەسەر ئەرمەنەكان توورەیی توركیای بەدواوە دێت

جیهان

07/02/2019‌ 4030 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر
بە گوێرەی پێگەی هەواڵی "فڕانس 24"،  ئیمانۆیل ماكڕۆنی سەرۆكی فەڕەنسا رۆژی 24 ی نیسان، كە یادی كۆمەڵكوژی ئەرمەنەكانە،‌ دەكاتە بۆنەیەكی نیشتمانی ، ئەمەش‌ وەك ڕیزلێنانێك لەقوربانیدانی ئەرمەنەكان.

لە ئێوارە خوانێكدا، كە ئەنجوومەنی ڕێكخراوە ئەرمەنییەكان لەفەڕەنسا ڕێكی خستبوو، ماكرۆن وتی: "فەرەنسا دەزانێت چۆن لە پرسی مێژوویی كۆمەڵكوژی ئەرمەنەكان دەڕوانێت، لە پێشەوەی ئەو دەوڵەتانەشەوە بوو، كە ئەو كارەساتەی شەرمەزار كردووە، كارەساتەكە لە 1915 ڕوویداوە و لە ساڵی 2001 لە ڕووی یاساییەوە دانی پێدانراوە، فەڕەنساش لەم چەند هەفتەیەی ئایندە، پرۆگرامێك پێشكەش دەكات بۆ ناساندنی 24 نیسان وەك ڕۆژی كۆمەڵكوژی ئەرمەنەكان".

ئەو ڕێزلێنانەی ئەرمەنییەكان، بەڵێنێك بوو، كە ماكرۆن لە هەڵمەتی هەڵبژاردنی ساڵی 2017 بەخەڵكی دابوو، لە قسەكانیشیدا ئاماژەی بەشارڵ ئەزنافۆڕ-ی گۆرانیبێژی ئەرمەنی كرد، كە لە ساڵی 2018 كۆچی دوایی كرد.

ماكڕۆن پێشوەخت ئەو هەواڵەی بە خودی ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆكی توركیا ڕاگەیاندووە، كە پاریس ڕۆژە دەكاتە‌ یادی كۆمەڵكوژی ئەرمەنەكان، وتیشی: دەیەوێت گفتوگۆیەكی كراوەی لەگەڵ توركیادا هەبێت".

ماكڕۆن ئەوەشی وت: سەبارت بە جەنگان دژ بە دەوڵەتی ئیسلامی و مافەكانی مرۆڤ و ئازادییە مەدەنییەكان لە توركیا و پرسی كۆمەڵكوژی ئەرمەنەكان ، ناكۆكیمان هەیە لەگەڵ ئەنقەرە، خاڵی لێكتێگەیشتنیش لە نێوانماندا هەن وەك پێویستی چارەسەری سیاسییانەی تەنگژەی سوریا. بۆیە هەر دەبێت گفتوگۆكانمان لەگەڵ یەك بەردەامبن".

هاوكات سەرۆكایەتی كۆماری توركیا زۆر بە توندی ناڕەزایی بەرانبەر ئەو بڕیارەی ماكڕۆن دەربڕیووە، كە ئەو ڕۆژە بكرێتە یادی كۆمەڵكوژی ئەرمەنەكان، لەكاتێكدا دەوڵەتی عوسمانی تۆمەتبارە بە ئەنجامدانی.

ئیبڕاهیم كاڵن–ی وتەبێژی سەرۆكایەتی توركیا، لە لێدوانێكی ڕۆژی 4 شەممەی ڕابردوو وتی: "بەكارهێنانی ڕووداوە مێژووییەكان وەك ئامرازێكی سیاسی لەلایەن ماكڕۆنەوە بەتوندی شەرمەزار دەكەین، ماكڕۆن بەو كارەی گەرەكییەتی تەنگژەی ناوخۆی ووڵاتەكەی لەبیر خەڵك بەرێتەوە".

كاڵن كۆمەڵكوژی ئەرمەنەكانی بە "درۆیەكی سیاسی وەسف" كرد و وتیشی: "هیچ بنەمایەكی یاسایی نییە و لەگەڵ ڕاستییە مێژووییەكاندا نایەتەوە، توركیاش هیچ نرخ و بەهایەكی بۆ دانانێت".

وتەبێژەكەی توركیا پێشیوابوو یاری بەڕووداوە مێژووییەكانەوە دەكرێت، ئەوانەی ئەو گەمەیە دەكەن ئامانجیان خۆدزینەوەیە لەداواكەی ئەردۆگان لە ساڵی 2005، كە داوای پێكهێنانی لیژنەیەكی هاوبەشی مێژوویی كردبوو بەمەبەستی ڕوونكردنەوەی ڕاستییە مێژووییەكان.

كاڵن وتیشی: هەرگیز ڕێگە بە هەوڵی بڵاوكردنەوەی ڕق و كینە و دوژمنكاری نادەن لە ڕێگەی شێواندنی مێژووەوە، ئاماژەی بەوەشدا كە ناكرێ و نابێت توركیا بە تاوانێك تۆمەتبار بكرێت كە نەیكردوە، ئەمە بۆ شێواندنی مێژووی توركیایە.

هەروەها وتی "لە پێناو ڕوونكردنەوەی ڕاستی و دروستی ڕووداوەكانی جەنگی جیهانی یەكەم، ئەنقەرە پشتیوانی لە كۆششەكانی نیازپاكی دەكات، ئەمەش لە گۆشەنیگای هەستكردن بە ئازاری هاوبەش و یادەوەرییەكی دادگەرانە".

ماكرۆن بەم كارە ئەو بەڵێنە‌ی بەجێگەیاند، كە لە هەڵمەتی هەڵبژاردنە سەرۆكایەتییەكەی فەڕەنسا بە خەڵكی دابوو، كە فەرەنسا لە ساڵی 2001 دانی بەو كارەساتەدا ناوە. 

لە ساڵانی 1915 و 1917 لە سەردەمی دەوڵەتی عوسمانیدا كۆمەڵكوژی بەسەر ئەرمەنەكاندا هاتووە، ئەو كارەساتەی وەك كۆمەڵكوژی ناساند، كە ئەنقەرە ڕەتیدەكاتەوە.

ڕەوەندی ئەرمەنی لە جیهان، ڕۆژی 24 ی نیسانی كردۆتە بۆنەی قوربانیانی كۆمەڵكوژی ئەرمەنەكان، كە بووە هۆی گیان لە دەستدانی 1 ملیۆن و نیو ئەرمەنی، واتە سێیەكی گەلی ئەرمەنی ئەو كات.

جگە لە فەرەنسا، هەر یەك لە ڕوسیا، سلۆڤاكیا، پۆڵەندا، لیتوانیا، ئیتاڵیا، هۆڵەندا، بەلجیكا، سوید، سویسرا، یۆنان، قوبڕس، ڤاتیكان، نەمسا، لۆكسمبۆرگ، كەنەدا، لوبنان، ئۆرگوای، فەنزویلا، ئەرجەنتین، شیلی، پۆلیڤیا و بەڕازیل، دانیان بە كۆمەڵكوژی ئەرمەنەكاندا ناوە. 

سەرچاوە:  RT +ARMENPRESS