بەغدا پشكی هەرێم دەنێرێت؟
یاسای بودجەی عێراق دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە

عیراق

07/02/2019‌ 3901 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: سیڤان ئازاد
بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق سەرەتای ئەم هەفتە یاسای بودجەی عێراقی بۆ ساڵی 2019 پەسەندكردو دوای بڵاوكردەوە لەرۆژنامەی "وەقایع" یاساكە دەبێت لەلایەن حكومەتەوە جێبەجێبكرێت.

یاسای بودجەی عێراق، ئەو یاسایەیە، كە بووەتە جێگەی هیوای خەڵكی هەرێمی كوردستان، چونكە بەجێبەجێكردنی وەك خۆی، رەنگە كۆتایی بەو قەیرانە داراییە بێت، چەند ساڵێك بەرۆكی خەڵكی گرتووە، ئەوەش بەهۆی نەناردنی بەشە بودجەی هەولێر لەلایەن حكومەتی بەغدا.

عێراق بەهۆی كێشە دارایی‌و پرسی نەوتەوە لەساڵی 2014وە بەتەواوی بەشە بودجەی هەرێمی نەناردووە، كە هیوایەك هەیە ئەمساڵ بگەنە رێككەوتن‌و كۆتایی بەو كێشەیە بهێنرێت.

هیواكەش لەوەوە سەرچاوەی گرتووە، كە لەیاسای بودجەی عێراق پشكی هەرێم بە 12.67% جێگیركراوەو لەبەرانبەر ئەوەشدا، هەرێم دەبێت رۆژانە داهاتی 250 هەزار بەرمیل رادەستی كۆمپانیای سۆمۆی سەر بەحكومەتی عێراق بكات، كە لێدارەدا ئەو پرسیارە دێتە پێشەوە، ئایا بەغدا پشكی هەولێر دەنێرێت؟

غالب محەمەد پەرلەمانتاری كورد لە پەرلەمانی عێراق لەو بارەوە دەڵێت: دوای بڵاوكردنەوەی یاساكە لەرۆژنامەی فەرمی حكومەتی عێراق دەبێت خاڵ‌و بەندەكانی جێبەجێبكات، كە لەبارەی هەرێمی كوردستان، دوو رێگە لەبەردەم بەغدایە، یەكەم حكومەتی ھەرێم داهاتی (٢٥٠) ھەزار بەرمیلەكە رادەست بكات، حكومەتی عێراقیش (١٠) ترلیۆن‌و ٨٠٠ ملیار دینار دەنێرێت، كە ئەوە یەك لەسەر دوازدەی بودجەی گشتییە".

غالب محەمەد، دەشڵێت: رێگەی دووەم ئەوەیە، داهاتی ٢٥٠ ھەزار بەرمیلەكە لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە رادەست نەكرێت، ئەوە بڕگەی (جیم) لەماوەی ١٠ هیوایەكە بۆ فەرمانبەرانی هەرێم، كە دەڵێت ئەگەر تەسلیمی نەكرد موچەی فەرمانبەران و پێشمەرگە بدرێت موچەی فەرمانبەران و ٦٨٢ ھەزار كەسە و موچەی پێشمەرگەش لە مانگێكدا ٦٧ملیار دینارە دانراوە لەعێراق، كە دەكاتە ٥٠٠ وبیست‌و دوو ملیار.

بەغدا بەهۆی ئەوەی لەساڵی 2014وە هەرێم داهاتی نەوت رادەستی كۆمپانیای سۆمۆ ناكات، بەشە بودجەی هەولێر نانێرێت، كە ئێستاش روون نییە، هەولێر ئەو داهاتە رادەست دەكات یان نا، بەڵام بڕیارە گفتوگۆ لەو بارەوە بكرێت.

هۆشیار عەبدوڵڵا، پەرلەمانتاری كورد لە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەو بارەوە دەڵێت، یاسای بودجە دەبێت وەك ئەوەی پەسەندكراوە لەلایەن پەرلەمانەوە، لەلایەن حكومەتی عێراقیشەوە پەسەند بكرێت.

هۆشیار عەبدوڵڵا بۆ شارپرێس دەشڵێت: پێش ناردنی یاسای بودجە بۆ سەرۆكایەتی كۆمار جۆرێك لەگفتوگۆكردن لەنێوان پەرلەمان حكومەت هەبوو، بەوەی حكومەت یاخود كابینەكەی عادل عەبدولمەهدی وەك حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی پێشوو نەكات، كە ھەندێك لەو مادانەی بەدڵنیان نییە جێبەجێنەكەن، بۆیە یاساكە وەك خۆی جێبەجێنەكرێت.

پرسیارێكی تر ئەوەیە، كە ئایا ئەگەر حكومەتی هەرێم پابەندی ناردنی داهاتی نەوت نەبوو، هەروەها حكومەتی عێراقیش یاساكەی وەك خۆی جێبەجێنەكرد، ئەركی پەرلەمان لێرەدا چی دەبێت؟

غالب محەمەد بۆ شارپرێس لەو بارەوە وتی: حكومەتی عێراق ئەگەر ئەوە نەكات ئێمە سكاڵا لەدادگای فیدراڵی تۆماردەكەین، چونكە دەبێت بەپێی ئەو فەقەرانەی لەبودجە هاتووە ھەمووی جێبەجێبكات ئێستا بووەتە یاساو ەركاتێك یاسا ھەر مادەیەك، یان مادەیەك لە یاسایەكدا جێبەجنەكرێت لەنێوان ھەرێم و عێراقدا، یاخود لەنێوانی پارێزگاكان ئەو كاتە دەتوانێت لایەنی پەیوەندیدار پەنا بەرینە بەر دادگای فیدراڵی، كە ئێمەش لەو بارەوە چاودێری ورد دەكەین".

هەر لەو بارەوە هۆشیار عەبدوڵڵا وتی: لەكاتی جێبەجێنەكردنی یاساكە، پەرلەمانتار ٢ رۆڵی سەرەكی ھەیە یەكێكیان بریتییە لەتەسفییەكردنی یاساكە، كە ئایا وەك خۆی جێبەجێكراوە یان نا، ئەركی دووەمیش چاودێریكردنە ، كە ئەگەر یاساكە جێبەجێنەكرێت پێویستە ڕێوشوێنەكانی یاسایی لەچوارچێوەی پەرلەماندا بگیرێتە بەر".