بەرپرسانی ئەمریكا هۆشداری لەهەرەسی هاوپەیمانی واشنتۆن‌و ئەنقەرە دەدەن

جیهان

07/02/2019‌ 3203 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
وەرگێڕان: لوقمان حاجی قادر
پەیوەندییەكانی نێوان ئەمریكا و توركیا لەدۆخ و قۆناغێكی باشدا نین،‌ بگرە بەپێچەوانەوە ‌، زۆر پرسی هەڵپەسێردراو و گرفت و گرێكوێرەی ئاڵۆزی تێكەوتووە.

ناكۆكییەكانیان سەبارەت بە زۆر پرسی هەرێمین، كە ئێستا بە شێوەیەكی ئاشكرا و ڕوونتر قسە‌و باسی لەبارەوە دەكرێت، بەرپرسە توركەكانیش بەئاشكرایی باسی لێوە دەكەن، كە ئێستا پوختەی قسە ئەوەیە‌ ئەو دوو وڵاتەی هاوپەیمانی ناتۆ، هەریەكەیان لە دۆڵێكدان، لەسەر چەند پرسێك دژ و ناتەبان، كە ڕۆژ بە ڕۆژ پەیوەندییەكانیان بەرەو خراپتر دەبات و ناكۆكییەكانیان ئاڵۆزتر دەكات.

لەو دۆخە ناهەموارەی نێوان ئەو دوو دەوڵەتەدا، دان كۆتسی بەڕێوەبەری هەواڵگری نیشتمانی ئەمریكا هۆشداری هەرەسهێنانی هاوپەیمانی نێوان واشنتۆن ئەنقەرە دەدات، بەو هۆیەی ناكۆكییەكانی نێوانیان بەردەوامن و ڕۆژ بە ڕۆژیش كەڵەكە دەبن. بۆیە كۆتس داوای لە ئەندامانی كۆنگرێس كردووە ڕێوشوێنی پێویست بگرنەبەر، تاوەكو ئەو هاوپەیمانییە هەرەس نەهێنێت و بارگرژی زیاتر لەگەڵ ئەنقەرە دروست نەبێت.

ئاژانسی هەواڵی "یونەیتد پرێس ئەنتەرناسیونال" باسی لەوە كردووە كە ئەو هۆشدارییەی كۆتس، لە میانەی ئەو هەڵسەنگاندنی ساڵانەدا هاتووە كە ئاژانسی هەواڵگری ئەمریكا لەبەردەم لیژنەی هەواڵگری ئەنجومەنی پیراندا پێشكەشی كردووە.

كۆتس بە لیژنەكەی ئەنجومەنی پیرانی ڕاگەیاندووە كە ئەو هاوپەیمانییە گرنگە بۆ ئەمریكا، بەڵام بۆ ڕەجەب تەیب ئەردۆگان ئەو بایەخەی نییه.

ڕاپۆرتەكە ئاماژەی بەوەش داوە كە ڕەفتاری سەركردەكانی توركیا وای كردووە ئەنقەرە باشتر خۆی ئامادە بكات بۆ ئاڵینگاریكردنی(تحدی) ئامانجە هەرێمییەكانی ئەمریكا.

ئاژانسەكە ئاماژەی بەوەش داوە كە ناكۆكییەكی قوڵ لە نێوان ئەندامانی كۆنگرێس و دۆناڵد ترەمپ- ی سەرۆكدا هەیە سەبارەت بە چۆنییەتی مامەڵەكردن لەگەڵ پشتیوانی ئەمریكا بۆ ڕێكخراوە كوردییەكانی باكوری سوریا كە خاڵی ناكۆكی نێوان واشنتۆن و ئەنقەرەیە لەو ساوەی تڕەمپ بڕیاری كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكای لەو ناوچەیە ڕاگەیاندووە. 

هەروەها بۆڵنت عەلی رەزا- ی بەڕێوەبەری پرۆژەی تركیا لە سەنتەری لێكۆڵینەوە ستراتیژییە نێودەوڵەتییەكان  لە واشنتۆن ووتی پەیوەندییەكانی نێوان توركیا و ڕوسیا پێشینەیەكی گرنگی داتا و زانیارییەكانی  هەواڵگری نیشتمانی ئەمریكان بۆ هەڵسەنگاندنی دۆخی پەیوەندییەكانی نێوان واشنتۆن و ئەنقەرە.

عەلی ڕەزا پەیوەندییەكانی نێوان ئەو دوو دەوڵەتەی بە هاوسەرگیرییەكی خراپ و شێواو وەسف كردووە، ئەوەشی بەدوور زانیووە پەیوەندییەكانیان بە یەكجاری بپچڕێت، بەڵام باوەڕی وایە كە ئەو پرسانەی جێی ناكۆكی نێوان هەردوولان، بەرە بەرە فراوانتر دەبن.

هەڵسەنگاندنی هەڕەشەكانی هەواڵگری كۆنگرێسی ئەمریكای 2018 مەترسی خۆی سەبارەت بە ووتارە ورژێنەرەكانی ئەردۆگان دەربڕیووە، بەڵام هەڵسەنگاندنی ساڵی 2019 لەو میتۆدە لایداوە كە پێشتر لە بەرامبەر توركیا پیادەی كردووە.

عەلی ڕەزا وتی: "دەنگونجێت هاوپەیمانی نێوان ئەمریكا و توركیا  له ‌هەر ئان و ساتێكدا تێكوپێك بشكێت، ئەم جارەیان هیچ لایەكیان مەترسییان لە یەكیەتی سۆڤیەت نییە كە لە سەردەمی جەنگی سارد دا هەیانبوو ، ئەو مەترسییەی ئەوانی كۆدەكردەوە ئێستا نەماوە".

ئەو ئاژانسە ئەمریكییە ئاماژەی بەوەش كرد كە هاوپەیمانی پەرەسەندووی توركیا لەگەڵ ڕوسیادا، مەترسییەكانی سەر لێكهەڵوەشانی هاوپەیمانی نێوان ئەنقەرە و واشنتۆن زیاتر دەكات، بە تایبەتیش كە توركیا سەودا و مامەڵەی ڕۆكێتی "S-400" ی ڕوسی واژۆكرد لەگەڵ مۆسكۆدا، ئەمەش وای لە گۆنگرێسمانەكانی ئەنجومەنی پیرانی ئەمریكا كرد، هەوڵی ئەوە بدەن توركیا نەتوانێت فڕۆكەی "F-35" ئەمریكی وەرگرێت، تا ئەو كاتەی ئەنقەرە مامەڵەكەی لەگەڵ مۆسكۆدا هەڵدەوەشێنێتەوه.
 
سیناتۆر تۆم تیلیس–یش وتی: "بۆ ساڵانێكی زۆر لەگەڵ زۆرینەی هاوبەشەكانمان لە ناتۆدا  كۆك و تەبا و گونجاو بووین، ئێستا ئێمە بە پێچەوانەی جارانەوە ڕێدەكەین". ووتیشی "پێم وایە دەبێت ئێمە ڕێبازێكی ئەرێنیانە بگرینەبەر ، ئەگەر نا ئەوا تووشی گرفت و ئاستەنگ دەبینەوە". 

سەرچاوە: احوال توركیا