شارپرێس:
باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مریكا له‌عێراق له‌ڕێگه‌ی هاشتاگێكه‌وه ده‌ستی به‌هێرشی ڕاگه‌یاندن بۆسه‌ر كۆماری ئێسلامی ئێران كرد.
له یادی 40 ساڵه‌ی شۆڕشی كۆماری ئیسلامی ئێران‌دا، باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مریكا له‌عێراق له‌تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی تویته‌ر بابه‌تێكی بڵاوكرده‌وه‌و تیایدا ڕه‌خنه‌ی توندی له‌ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێران گرتووه‌و ڕایگه‌یاندووه، "له‌ساڵی 1979 خومه‌ینی به‌ڵێنی ئاینده‌یه‌كی گه‌شاوه‌ی به گه‌لی ئێران‌دا، به‌ڵام دوای 40 ساڵ له‌و به‌ڵێنه هێشتا ڕژێمی ئێرانی گه‌نده‌ڵ به‌ڵێنه‌كه‌ی به‌جێنه‌هێناوه".
هه‌ر له‌گه‌ڵ ئه‌و بابه‌ته‌دا باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مریكا له‌عێراق هاشتاگی "#40 ساڵ شكست"ی بڵاوكرده‌وه، ئه‌وه‌ش كاردانه‌وه‌یه‌كی توندی نێوخۆیی ئه‌و لایه‌نه عێراقیانه‌ی لێكه‌وته‌وه، كه نزیكن له‌ئێرانه‌وه.
فراكسیۆنی سادقون له‌په‌رله‌مانی عێراق، كه باڵی سیاسی میلیشیای عه‌سائیبی ئه‌هلی حه‌قه به‌توندی ئیدانه‌ی ئه‌و بابه‌ته‌ی باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مریكای كرد‌و داوایكرد، باڵیۆزی ئه‌مریكا له عێراق بانگهێشتی لێپرسینه‌وه بكرێت، ئه‌ویش به‌هۆی برینداركردنی هه‌ست‌و سۆزی ئێرانیه‌كان.
ر. ج