شارپرێس: سیڤان ئازاد
نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بێ ئاگاداری فراكسیۆنە كوردییەكان سەردانی بەغدای كردووەو لەگەڵ بەرپرسانی عێراقی كۆبوونەوەی ئەنجامداوە.
نێچیرڤان بارزانی، رۆژی پێنج شەممەی رابردوو سەردانی شاری بەغدای كردو لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق كۆبوونەوەی كرد، كە بەقسەی پەرلەمانتارانی كورد لەفراكسیۆنە جیاوازەكان لەبەغدا، ئاگاداری ئەو سەردانە نەبوونو ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكانیشی دیار نین.
حسێن ئاڵی ئەحمەد، پەرلەمانتاری كورد لەئەنجوومەنی نوێنەران بۆ شارپرێس وتی: "هیچ كەسێك ئاگاداری ئەو سەردانە نەبووەو ئەگەریش هەر كەسێك ئاگاداری سەردانەكە بووە لەفراكسیۆنە كوردییەكان، پێویستبوو، فراكسیۆنەكان ئاگاداربكاتەوە".
حسێن ئاڵی رەخنەی لەئاگادارنەكرنەكردنەوەی فراكسیۆنە كوردییەكان لەو سەردانە گرت بەوەی، دەبوو لایەنی كەم نێچیرڤان بارزانی وەك سەرۆكی حكومەت، شاندی لایەنەكانی لەگەڵ بوایە بۆ بەغداو گفتوگۆی لەگەڵ لایەنە عێراقییەكان".
سەردانەكەی نێچیرڤان بارزانی بەشێوەیەك بووە، كە تەنانەت فراكسیۆنی پارتی دیموكرات لەپەرلەمانی عێراق ئاگاداری سەردانەكە نەبوون، لەكاتێكدا ناوبراو جێگری سەرۆكی پارتی-یە.
دانا محەمەد جەزا، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەفراكسیۆنی پارتی پشتراستیكردەوە، وەك فراكسیۆنەكەیان ئاگاداری سەردانەكە نەبوونو بۆ شارپرێس وتی: سەردانەكە كتوپڕ بووەو ئاگادار نەبون لەئەنجامدانی.
دانا محەمەد، هەرچەندە دانی بەوەدانا، كە ئاگاداری سەردانەكە نەبوون، بەڵام بەئاسایی وەسفیكردو وتی: لەپەیوەندییە سیاسییەكاندا "ئەمە شتێكی ئاساییە".
سەردانەكەی نێچیرڤان بارزانی لەكاتێكدایە، ماوەیەكە وەك بەرپرسانی هەولێرو بەغدا رایانگەیاندووە، پەیوەندی نێوانیان "باشە"و هەوڵی باشتركردنی پەیوەندییەكانیان دەدەن.
بەڵام بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست شارپرێس كەوتووە، سەردانەكەی نێچیرڤان بارزانی بۆ پەیوەندییەكانی نێوان هەولێرو بەغدا نەبووە، بەڵكو سەردانەكە بەمەبەستی داواكارییەك بووە لەحكومەتی عێراق.
هەر بەپێی زانیارییەكان، داواكارییەكەی نێچیرڤان بارزانی ئەوە بووە، كە حكومەتی عێراق، فشار بخاتە سەر ئەو هێزانەی لەپارتی كرێكارانی كوردستان پەكەكەوە نزیكنو لەناوچەكانی شنگال جێگیربوون، بكشێنەوە، چونكە پارتی دیموكرات ئەو ناوچە بەناوچە نفوسی خۆی دەزانێتو نیگەرانە لەبوونی ئەو هێزانە.
لەگەڵ سەردانەكەی نێچیرڤان بارزانی بۆ بەغدا بێ ئاگاداری فراكسیۆنەكان بووە، بەڵام ماوەیەكە لەنێوان فراكسیۆنە كوردییەكان هەماهەنگی دروست بووە، بەتایبەتی لەپرسی پشكی هەرێم لەبودجەی گشتی عێراق، فراكسیۆنەكان هەماهەنگییەكی زۆری یەكتریان كرد.
لەو بارەوە یوسرا رەجەب، ئەندامی كوردی پەرلەمانی عێراق بۆ شارپرێس وتی: ئەوەی لەسەر ئێمە بوو وەكو فراكسۆنە كوردییەكان هەوڵی ئەوەماندا بەهەموومان بێ جیاوازی فراكسۆنە عەرەبییەكان رازی بكەین، كەوا مەرجی پێدانی موچەی فەرمانبەرانو پێشمەرگە پەیوەست نەبێت بەرادەستكردنی داهاتی ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە لەلایەن هەرێمەوە بەحكومەتی عێراق.
هەروەها حسێن ئاڵی وتی: وەك فراكسیۆنە كوردییەكان، لەسەر پرسی بودجە هەموومان بەبێ جیاوازی بەبێ جیاوازی بیروباوەڕ لەسەر پرسی بودجە قسەمان یەك بووە لەپێناوی بەرژەوەندی خەڵكیو بۆ پرسە نەتەوەییەكان كۆبوونەوەیەكمان كرد لەبەغدا، كە كۆبوونەوەكە لەنێوان شەش فراكسیۆن بوو، لەسەر ئەوەش رێككەوتین بۆ پرسە نەتەوایەتیو نیشتمانییەكان ئەوەی پەیوەندی بەچارەنوسی خەڵكی هەرێمی كوردستان هەیە، هاوهەڵوێست بین".